هه‌واڵه‌كانی عێراق

یەکەم کەژاوەی رزگارکراوانی حەلەب گەیشتە ناوچەی ئۆپۆزسیۆن

یەکەم کەژاوەی رزگارکراوان لە ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەبی سوریا گەیشتە سنوری ئۆپۆزسیۆن لە رۆژئاوای شارەکە رۆژی پێنجشەممە (15 تشرینی یەکەم)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ئەحمەد دبیس کە بەرپرسی یەکەیەکی پزیشکی و خۆبەخشەکانە بۆ هاوکاریکردنی بریندارە رزگارکراوەکان، لە نزیك خان ئەسەل بە دوری پێنج کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری حەلەب، وتی: "بارهەڵگرەکانی خاچی سور کە خەڵکی بریندار دەگوازنەوە گەیشتن و بریندارەکان دەگوازرێنەوە بۆ... نەخۆشخانە نزیکەکان بۆ چارەسەرکردن."

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە کە یەکەم کەژاوەی رزگارکراوان گەیشتونەتەجێ، لەکاتێکدا سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی سوریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە کەژاوەکە نزیکەی 1,000 کەس بوون.

ئەو ئەمبوڵانس و پاسانەی یەکەم وەجبەی رزگارکراوانیان گواستەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنیان لە شارەکەدا بەجێهێشت لەژێر بارودۆخێکی هەستیاردا.

چەندین بارهەڵگر گەڕەکی عامریەیان بەجێهێشت و بە ناوچەی رامۆسای ژێر دەستی رژێمدا تێپەڕین پێشئەوەی بگەنە ناوچەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە بەری رۆژئاوا.

سەرۆکی رێکخراوی کاروبارە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، جان ئیگەلاند، رایگەیاند کە "زۆربەی" رزگارکراوانی حەلەب دەگوازرێنەوە بۆ ئیدلیبی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن.

وتەبێژی خاچی سوری نێودەوڵەتی، ئینگی سێدکی، وتی: "کاتێك بارهەڵگرەکان بە سەلامەتی گەیشتن، دەگەڕێنەوە و خەڵکی زیاتر دەگوازنەوە بۆ وەجبەی دووەم و بەمشێوەیە بەردەوام دەبن."

روانگەکە رایگەیاند کە پێشبینیدەکرا کە دەربازکردنی نەخۆش و بریندارەکان لە فوعە و کەفرایەش رۆژی پێنجشەممە ئەنجامبدرێت تا بگوازرێنەوە بۆ پارێزگای لاتاکیا.

سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "رێککەوتنەکە پەیوەستە بە پرۆسەی راگواستنەکە لە حەلەب." فوعە و کەفرایە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە گەمارۆدراون لە بەهاری 2015وە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500