هه‌واڵه‌كانی عێراق

رژێم لە حەلەب پێشڕەوی دەکات و نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری لە 'گۆڕستانێکی زەبەلاح' دەدات

بە سەدان سەرباز لە هێزی تایبەتی رژێم بەرەو خۆرهەڵاتی حەلەب چوون رۆژی پێنجشەممە (1 کانونی یەکەم)، دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداریدا لەوەی شارەکە دەبێتە "گۆڕستانێکی زەبەلاح"، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند دوای دەستبەسەراگرتنی باکوری خۆرهەڵاتی شارەکە، هێزەکانی رژێم 40%ی ئەو ناوچانەی حەلەبیان لەژێردەستدایە کە پێشتر لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندابوون.

بەڕێوەبەری روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی: "رژێم رکێفی خۆی بەهێزتر دەکات لەسەر ئەو بەشانەی لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا ماون لە خۆرهەڵاتی حەلەب."

وتی بە سەدان چەکداری پاسەوانی کۆماری سوریا و فیرقەی 4 پێنجشەممە گەیشتنە حەلەب "وەك ئامادەکارییەك بۆ شەڕی کۆڵانە و کۆڵان" لە ناوچەی پڕخەڵکی باشوری خۆرهەڵات.

وتی: "ئەوانە دێنە ناوەوە، بەڵام لە کەمین دەترسن چونکە ناوچەکە قەرەباڵغە لەڕووی دانیشتوان و چەکداریشەوە."

لە دەستپێکی هێرشەکەوە لە 15 تشرینی دووەم، دوایین ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئێستادا زیاتر لە 300 مەدەنیە، لەناویاندا 42 منداڵ.

روانگەکە رایگەیاند بە هەزاران کەس پەنایان بردۆتە بەر ئەو ناوچانەی لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا ماون لە باشوری خۆرهەڵاتی حەلەب، لەکاتێکدا 50,000ی دیکە رژانە نێو ئەو ناوچانەی لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە یان هێزە کوردییەکانەوە کۆنترۆڵکراون.

چوارشەممە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان ستیفن ئۆبرایان داوای یارمەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد بۆ شکاندنی ئابڵوقەی سەر حەلەب، رایگەیاند "ئەوانەی کاریگەریان هەیە هەموشتێك بکەن کە لە دەسەڵاتیاندا بێت بۆ پاراستنی مەدەنیەکان و دابینکردنی رێگەی گەیشتن بە بەشە گەمارۆدراوەکانی خۆرهەڵاتی حەلەب پێش ئەوەی ببێتە گۆڕستانێکی زەبەلاح".

ئۆبرایان وتی دانیشتوان بەدوای خۆراكدا دەگەڕێن، نەخۆشخانەکان دوای چەندین هێرشی سەربازیی کارناکەن و تەنیا لە شەممەی رابوردوەوە 25,000 کەس رێگەیەکی مەترسیداریان بڕیوە بۆ هەڵاتن لە خۆرهەڵاتی حەلەب.

ئۆپۆزسیۆنی هاوپەیمانی نیشتیمانی، چوارشەممە لە نامەیەکدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد "هەنگاوی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە بنێت بۆ پاراستنی مەدەنیەکانی حەلەب و وەستاندنی ئەو هێرشە بەربەرییە لەدژیان".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500