هه‌واڵه‌كانی عێراق

سەرۆکی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی: پێدەچێت داعش گازی خەردەلی بەکارهاتوی سوریای بەرهەمهێنابێت

سەرۆکی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی OPCW ئەحمەد ئوزمچو هەینی (18 تشرینی دووەم) رایگەیاند کە شارەزایانی رێکخراوەکەی پێیانوایە کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەوانەیە ئەو گازە خەردەلەی دروستکردبێت کە لە سوریا و عێراق بەکارهات، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ئوزمچو رایگەیاند کە نمونەکانی ئەو گازە خەردەلەی وەرگیراون لە هێرشەکانی سوریا و عێراق ئێستا شیکراونەتەوە لە تاقیگە تەرخانکراوەکانی OPCW و "ئەنجامەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەم مادەیە پێدەچێت لەلایەن داعش خۆیەوە بەرهەمهاتبێت."

ئوزمچو، کە بە تایبەت قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کرد دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەی کارکردنی لیژنە تایبەتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و OPCWی بۆ ماوەی ساڵێکی تر درێژکردەوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا، وتی کە "کواڵتی گازەکە لاوازە، بەڵام هێشتا زیانبەخشە... ئەمە کراوەتە چەك بۆیە زۆر جێی مەترسیە."

هەروەها وتی کە ئەم رێکخراوە جیهانیە چاودێریە کە کاری لەناوبردنی چەکی کیمیایی پێسپێردراوە هەروەها لێکۆڵینەوە لە 20 راپۆرتی بەکارهێنانی چەکی ژەهراوی دەکات لە سوریا لە مانگی ئابەوە، لەنێویاندا هەندێك بانگەشە کە بەم دواییانە بڵاوکرانەوە، دواهەمینیان رۆژی پێنجشەممە بوو.

ئوزمچو وتی لە 1 ئابەوە، چەند بانگەشەیەك بڵاوکرانەوە لەلایەن رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆنەوە سەبارەت بە "بەکارهێنانی کلۆر و مادەی نەناسراو لە حەلەب و ناوچەکانی باکوری سوریا" وەك ئیدلیب.

هەروەها وتی کە OPCW ماوەیەکە دەستیکردووە بە "کۆکردنەوەی زانیاری و شیکردنەوەی" زانیاریەکان بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ بانگەشەکان "باوەڕپێکراون یان نا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکانمان قوڵتر بکەینەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500