هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی سوریا دەکات لەسەر هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی

وڵاتە ئەندامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سێشەممە (15 تشرینی دووەم) بە توندی ئیدانەی زیادکردنی هێرشی سەر خەڵکی مەدەنیان کرد لە حەلەب و داوای ئاگربەستیان کرد بۆ رێگە خۆشکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ جەنگی پێنج ساڵەی سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

لە کۆبونەوەی گشتی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەشنوسێکی سعودیە پەسەندکرا بە دەنگی 116 ئەندام بەرامبەر بە 15، لەگەڵ ئەمەشدا 49 کەس ئامادەی کۆبونەوەکە نەبوون.

روسیا و ئێران، هاوپەیمانانی سوریا، لەوانە بوون کە دەنگیان دژی رەشنوسەکە دا، کە پێدەچێت بچێتە کۆبونەوەی کۆتایی مانگی داهاتوو.

لیژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ساڵێك دەنگیداوە بۆ ئیدانەکردنی سوریا سەبارەت بە گرفتی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە لەو کاتەوەی جەنگ هەڵگیرساوە لە ئازاری 2011 دا.

رەشنوسەکە بێزاری و نیگەرانی دەردەبڕێت سەبارەت بە توندوتیژی دژی رۆژهەڵاتی حەلەبی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن و داوا دەکات کە کۆمەکی مرۆیی بگاتە دەست هەموو ئەو سوریانەی کە پێویستیانە.

هەروەها نیگەرانی دەردەبڕێت دژی هێرشکردنە سەر کەژاوەی هاوکاریەکان لە ناوچەیەکی دەرەوەی حەلەب لە 19 ئەیلول و داوا دەکات کە ئەنجامدەران بەرپرسیارێتیان بخرێتە پاڵ.

رژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی هێرشی تازەیان ئەنجامدا بۆ سەر پێگەکانی ئۆپۆزسیۆن رۆژی سێشەممە دوای ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسیەکان بە چەقبەستوویی مانەوە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ.

ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە رایگەیاند کە بۆردومانە تازەکە لانیکەم 20 کەسی کوشتووە، لەنێویاندا نۆ منداڵ، لە حەلەب تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردودا، و کۆمەکی خۆراکیش بەرەو کەمبونەوە دەچێت لە شارەکەدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500