هه‌واڵه‌كانی عێراق

مردن بەهۆی تیرۆرەوە لە 2015دا دابەزی: ئاماری جیهانی

ئامارێکی نوێی جیهانیی دەریدەخات کە ساڵی رابردو مەرگ بەهۆی تیرۆرەوە ئاستی دابەزیوە بەهۆی لاوازبوونی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە عێراق و بۆکۆ حەرام لە نایجیریا، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە (16 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

بەڵام بەگوێرەی ئاماری 2016 تیرۆریزمی جیهانیی کە لەلایەن پەیمانگای ئابوری و ئاشتییەوە بڵاوکرایەوە، هەردوو گروپەکە دەستڕاگەیشتنیان بە شوێنی نوێ زیادیکردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە نزیکەی 29,376 کەس لە 2015دا بەهۆی تیرۆریزمەوە مردن، کە 3,389 کەس کەمترە لە ساڵی رابردو، ئەمەش یەکەم دابەزینە لە ساڵی 2010ەوە.

ئەم دابەزینەش زیاتر بەهۆی 5,556 مەرگی کەمترەوە بوو لە عێراق و نایجیریا، کە یەك لەسەر سێ کەمیکردووە لە 2014ەوە، چونکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داعش و بۆکۆ حەرامیان لاوازکرد.

هەردوو گروپەکەش ساڵی رابردو دەستڕاگەیشتنیان بە شوێنی نوێ زیادیکرد، بۆکۆ حەرامیش خەڵکی زیاتری لە ساڵی 2014 دا کوشت لە نەیجەر، کامیرۆن و چاد. لایەنگرانی داعشیش لە 2015دا لە 28 وڵات هێرشیان ئەنجامدا، 15 زیاتر لە 2014.

مەرگی پەیوەست بە تیرۆرەوە لە وڵاتانی هاوکاریی و گەشەپێدانی ئابوری زیادیکرد لە 77ەوە لە ساڵی 2014دا بۆ 577 لە ساڵی دواتر، کە زیاتر لە نیوەیان پەیوەندیان بە داعشەوە هەبوو.

شەش وڵات دۆخیان بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر بوو لە ساڵی 2015دا -- فەڕەنسا، تورکیا، سعودیە، کوەیت، تونس و بروندی.

زیاتر لە 90%ی مەرگ بەهۆی تیرۆرەوە لەو وڵاتانە رویاندا کە بەشداربوون لە شەڕدا، ناوخۆ بێت یان نێودەوڵەتی.

تەنیا پێنج وڵاتیش -- عێراق، سوریا، ئەفغانستان، نایجیریا و پاکستان -- 72%ی هەموو مەرگی پەیوەست بە تیرۆریان بەرکەوت لە 2015دا.

لەهەمان کاتدا چوار گروپ - داعش، بۆکۆ حەرام، تاڵیبان و قاعیدە - بەرپرس بوون لە 74%ی مەرگەکان، کە داعش و لایەنگرانی 6,141 لەوانەیان کوشت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500