هه‌واڵه‌كانی عێراق

سوپا: شەڕی موسڵ لە نەمرودی دێرین نزیكدەبێتەوە

سێشەممە (10 تشرینی دووەم) شەڕی موسڵ لە شاری دێرینی نەمرودی ئاشوریی نزیکبووەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، بەمەش ترسی ئەوە دروستدەبێت کە کەلەپورە بەناوبانگەکان بە بۆمب و پیکی جیهادییەکان تێکشکێنرابن.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند هێزەکانی عێراق پێشڕەویی بەرەو دوو گوند دەکەن لە ژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، نزیك بەو پێگە مێژووییە، 30 کیلۆمەتر باشوری موسڵ.

راشیگەیاند "یەکەکانی فیرقەی 9ی زریپۆش و حەشدی خێڵەکی دەستیانکردوە بە پێشڕەوی بۆ رزگارکردنی گوندەکانی عەباس رەجەب و نۆمانیە، بەرەو نەمرود،" دواتر رایگەیاند کە عەباس رەجەب گیراوەتەوە.

نیسانی پار، داعش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە لەسەر ئینتەرنێت کە چەکدارانی نیشاندەدات پەیکەری نەمرود بەر پیك دەدەن پێش ئەوەی بۆمب لە دەوری پێگەکە دابنێن و بیتەقێننەوە.

ئەوە بەشێك بوو لە کەمپینی تێکشکاندن لەلایەن گروپەکەوە دژی پێگە کەلەپورییەکانی ژێردەستی کە نەینەوای دێرین و دەوروبەری موسڵیشی گرتەوە، لە حەزرەی نێو بیابانەوە بۆ باشوری پالمیرا لە سوریای هاوسێ.

بە نزیکبونەوەی هێزەکانی عێراق، روون نیە چی لە پاشماوە مێژووییەکانی نەمردو ماوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری چوارشەممەرایگەیاند یەکەکانی فیرقەی 9ی زرێپۆش فەرماندەی جەنگیی نوێی داعشیان کوشت لەکاتی پێشڕەوییاندا بەرەو خۆرهەڵاتی موسڵ.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە: "خالید مەتیوتی، فەرماندەی نوێی جەنگیی داعش، لەگەڵ یاریدەدەرەکەی موهەنەد حامید بیلاوی دوێنێ لە گەڕەکی ئینتیسار کوژران، لە خۆرهەڵاتی موسڵ."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500