هه‌واڵه‌كانی عێراق

74 چەکداری داعش لە هێرشەکەی سەر کەرکوك کوژران: پارێزگار

هێزە ئەمنییەکانی عێراق دووشەممە ( 24 تشرینی یەکەم) کۆتاییان هێنا بە هێرشێکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شاری کەرکوك کە بووە هۆی کوژرانی لانی کەم 74 چەکداری داعش لە پێکدادانێکی سێ رۆژەدا، ئاژانسی فڕانس پرێس رایگەیاند.

پارێزگاری کەرکوك، نەجمەدین کەریم، رایگەیاند کە "هێرشەکە تەواوبووە و ژیان گەڕاوەتەوە باری ئاسایی."

هەروەها وتی: "هێزە ئەمنیەکان زیاتر لە 74 چەکداری داعشیان کوشتووە و چەندینی تریشیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا رابەرەکەیان."

کەریم رایگەیاند کە دانپێدانانە سەرەتاییەکانی سەرکردە دەستگیرکراوەکە ئەو راپۆرتانەی پشتڕاستکردەوە کە دەڵێن نزیکەی 100 چەکدار بوون کە هێرشیان کردە سەر کەرکوك لە بەرەبەیانی هەینی و هەندێك شانەی نوستوش چونەتە پاڵ ئەو چەکدارانەی دزەیانکردبووە ناو شارەکە.

پێدەچێت هەندێك لە هێرشبەرانیش لە شارەکە رایانکردبێت رۆژی شەممە و دواتر لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان پێکیانداداوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەوروبەری کەرکوك.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500