هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق پێشڕەوی بەدەستدەهێنن لە گرتنەوەی موسڵ لە داعش

هێزەکانی عێراق پێشڕەوییان بەدەستهێنا کاتێك هەزاران چەکدار بەرەو موسڵ کشان سێشەممە (18تشرینی یەکەم) لە هێرشێکی بێوێنەدا بۆ سەندنەوەی شارەکە لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

لە رۆژی دووەمی ئەم شەڕە گرنگەدا، فەرماندەکانی عێراق وتیان پێشڕەوییان بەدەستهێناوە لەکاتێکدا شەڕکەران لە دوو بەرەی سەرەکیەوە هێرشدەکەنە سەر دواهەمین قەڵای جیهادیەکان لە عێراق.

لەپێشڕەوییاندا بە کاروانی زرێپۆشەکانیانەوە بەناو دەشتەکانی دەوروبەری موسڵدا، هێزەکان رژانە ناو ئەو گوندانەوە کە لەلایەن پاشماوەی چەکدارانی داعشەوە بەرەنگارییان لێدەکرا، دوای بۆردومانێکی چڕی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نیشتمانی.

سەرۆك ئەرکانی سوپای عێراق، فەریق روکن عوسمان غانمی، سێشەممە وتی: "هێزە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ قەرقوش، دوڕیانی حەمەدانیە، گوندی عەباس، گردەکانی رەجەب و لەزاکەیان رزگارکرد لە باشور و خۆرهەڵاتی موسڵ و زیانی سەختیان بە داعش گەیاند."

غانمی وتی: "بەردەوامدەبین لە پێشڕەویدا بەرەو موسڵ و کاردەکەین بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەمان بەوراییەوە بۆ پاراستنی مەدەنیەکان."

هێرش بۆسەر موسڵ رۆژی دووشەممە بە پێشەنگیی هێزێکی فیدراڵی 30,000 کەسی دەستیپێکرد.

فەرماندەکانی عێراق وتیان چەکدارانی داعش بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو بەرپەرچیان دەدانەوە بەڵام هێرشەکە بەپێی پلانەکان بەڕێوەچوو.

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر، سەباح نوعمان، وتی: "تائێستا زۆر گوند رزگارکراون."

نوعمان وتیشی: "هێزەکانی عێراق ئامانجەکانیان بەدەست هێناوە و بەزیاتریشەوە، بەڵام ئێمە بەوریاییەوە پابەندی پلانەکە دەبین و پەلە ناکەین."

دوو بەرەی سەرەکی لەم شەڕەدا یەکێکیان لە باشوری موسڵە کە هێزەکان لە گەیارەوە جوڵەدەکەن و ئەوی تریش بەرەی خۆرهەڵاتە کە لەوێوە هەڵمەتێکی تر لەلایەن پێشمەرگەوە بەردەوامە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500