هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق دەستدەکەن بە جەنگی گرتنەوەی موسڵ لە داعش

هێزەکانی عێراق دووشەممە (10 تشرینی یەکەم) هێرشێکیان بەرپاکرد بۆ گرتنەوەی موسڵ و کۆتایهێنان بە "خەلافەتی" گروپی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەو شارەدا کە دووساڵ لەمەوبەر راگەیەندرا.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، شەش گوند لە رۆژهەڵاتی موسڵ ئازادکراون لە دەستی داعش لە بەرەبەیانەوە.

راگەیەندراوەکە وتی: "هێزەکانی هاوبەشی عێراق گوندەکانی ئیبراهیم خەلیل، عەدلە، کان حەرامی، عەباس رەجەب، و جەدیدەیان ئازادکردووە."

"یەکە سەربازیەکان بەرەو گوندی بەلاوات پێشڕەوی دەکەن،" فەرماندەییەکە رایگەیاند و ئاماژەیدا کە "یەکە ئەندازیاریە سەربازیەکان ئێستا رێگای سەرەکی نێوان گوێرو موسڵ پاكدەکەنەوە لە بۆمبی دەستکردو پاشماوەکانی داعش."

نزیکەی 3,000 لە هێزەکانی فیدڕاڵی بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و زەمینی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو هێرشەی کە پێشبینیدەکرێت درێژخایەن و سەخت بێت دژی دواین پێگەی سەرەکی داعش لە عێراق، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

هێزەکانی عێراق دەبینران کە چەك و تەقەمەنیان ئامادەدەکردو ریزی ئۆتۆمبێلەکانی سەربازی بەرەو موسڵ دەرۆیشت لە شارۆچکەی شوراوە، بەدوری 45 کم لە باشوری موسڵ.

سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دەستپێکی هێرشەکەی راگەیاند لە وتەیەکی تەلەفزیۆنیدا بەرەبەیانی دووشەممە.

عەبادی وتی: "ئەمڕۆ من دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتوانە رادەگەینم بۆ ئازادکردنی تۆ لە توندوتیژی و تیرۆریزمی داعش."

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند کە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکە، ژمارەیەك دانیشتوی موسڵ سێ حەشارگەی داعشیان ئاگرتێبەردا لەناو شارەکە.

ئەندامی ئەنجومەنەکە، محەمەد حەمدانی بە دیارونای وت: "پیاوە گەنجەکان هەروەها چەكەکانی داعشیان سوتاند کە لەو شوێنانە دۆزراونەتەوە."

حەمدانی وتی: "ئێمە زانیاریەکی زۆرمان دەستکەوتووە لەلایەن دانیشتوانەوە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکاندا" و رایگەیاند کە "ئێمە زۆر گەشبینین لەبارەی گەڕانەوەی موسڵ بۆ ژێر دەستی عێراق."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500