هه‌واڵه‌كانی عێراق

چەند نەمساویەك کە دەیانویست ببنە چەکداری داعش سزای یاسایی دەدرێن

سێ لاوی نەمسایی پێنجشەممە (13 تشرینی یەکەم) حوکمی بەندکردنیان بەسەردا سەپێنرا چونکە هەوڵیاندابوو پەیوەندیبکەن بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە لە سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

سێ کەسەکە، یەکێکیان 16ساڵ، دوانیان 15ساڵ، کە ناویان نەدراوە، بە تاوانبار ناوزەدکران لەبەر بەشدارییان لە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" لە دادگاییەکدا کە بەنهێنی لە ڤیەنا ئەنجامدرا.

دەسەڵاتدارانی بولگاریا 16 ساڵەکەیان لە مانگی ئایاردا دەستگیرکرد لە رێگەیدا بەرەو سوریا بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە، گەڕاندیانەوە بۆ نەمسا و لەوێ بەندکرا، بەڵام دواتر ئازادکرا.

دواتر هەوڵیدا منداڵانی 10 بۆ 11 ساڵ هانبدات پەیوەندیبکەن بەو گروپە توندڕەوەوە. ئەو بە 10 مانگ زیندانیی حوکمدرا و لەگەڵ 20 مانگی تریش بە هەڵپەسێردراوی.

داواکارانی گشتی رایانگەیاند دوو کەسەکی دیکە پلانی وردیان هەبوو بۆ چوونە سوریا بەڵام لە حوزەیراندا رۆیشتنیان لێ قەدەغەکرا. یەکێکیان بە دەڕنەفیز هێرشیکردە سەر باوکی دوای ئەوەی رەتیکردەوە پاسپۆرتەکە بداتە کوڕەکەی.

ئەویش حوکمی 10 مانگ بەندکردن و 20 مانگی بە هەڵپەسێردراوی خرایە سەر، 15 ساڵەکەی دیکە حەوت مانگ بەندکردن و 14 مانگی بە هەڵپەسێردراوی پێدرا.

دادگا گوێبیستی ئەوە بوو کە هەرسێکیان، کە بەڕەچەڵەك چیچانیی و تورکن، لەم چەند مانگەی دواییدا بەرەو توندڕەویی براون.

وەك وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، نەمسا شەپۆلێك خەڵكی بەخۆوە بینیوە -- 260 بەگوێرەی لایەنی حکومی -- کە وڵاتیان بەجێهێشتووە بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە لە عێراق و سوریا.

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ هەندێکیان گەڕاونەتەوە. نزیکەی 40 لەمانە لە بەندیخانەدان و زیاتر لە 80یان لەژێر چاودێریی تونددان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500