هه‌واڵه‌كانی عێراق

سکرتێری داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کاتی زاڵبوونە بەسەر جیاوازیەکاندا لە سوریا

سکرتێری گشتی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، پێنجشەممە (13 تشرینی یەکەم) وتی کاتی ئەوە هاتووە بەسەر جیاوازیەکاندا زاڵبین دەربارەی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سوریا، لەکاتێکدا هێزە سەرەکیەکان رازیبوون خولێکی تری دانوستان لەسەر قەیرانەکە دەستپێبکەنەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

گوتێرێس وتی: "هەر جیاوازیەكیش هەبێت ئێستا لەوە گرنگتر یەکگرتنە. کاتی شەڕکردنە بۆ ئاشتی."

لە وتەیەکیدا دوای بەفەرمی دەستنیشانکردنی لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، گوتێرێس وتی: "بینینی ئەوەی چۆن خەڵکی سوری هێندە ئازاردەچێژن شتێکە بەتەواوی دڵم دەتەزێنێت."

سەرۆك وەزیرانی پێشووی پورتوگال کە ماوەیەكیش سەرۆکی بەشی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، جێگای بان کی مون دەگرێتەوە کە لە 31 کانونی یەکەم وازدێنێت دوای ئەوەی 10 ساڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.

بەئاماژەکردن بە کۆبوونەوەکانی ئەم کۆتایی هەفتەیە لە لۆزان و لەندەن، گوتێرێس وتی: "ئەو وڵاتانەی کە پشکی سەرەکیان هەیە جارێکی تر دادەنیشنەوە تا هەوڵبدەن پرۆسەی ئاشتی بەرەوپێش ببەن."

وتیشی: "تەنها دەتوانم هیوادار بم کە سەرکەوتووبن چونکە ئەرکی ئەخلاقیی هەموومانە ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکی سوریا رابگرین."

لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ کۆمەڵەی گشتی، گوتێرێس وتی کاتی ئەوە هاتووە بەگژ هەردوو تێرۆریزم و پۆپولیزمیشدا بچینەوە، کە لەو باوەڕەدا بوو "یەکتر بەهێزدەکەن" لە توندڕەوییاندا.

وتیشی: "دەبێت بەدڵنیاییەوە هەوڵبدەین کە ئەو هاوپەیمانێتیە شکستپێبهێنین لەنێوان هەموو ئەو گروپە تێرۆریستانە یان توندڕەوە توندوتیژانەدا لەلایەکەوە، هەروەها دەربڕینی پۆپولیزم و ترس لە بیانی (زەنەفۆبیا) لەلایەکی ترەوە."

"هەردووکیان یەکتر بەهێزدەکەن و دەبێت بتوانین بە ویستی تەواوەوە شەڕ دژی هەردووکیان بکەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500