هه‌واڵه‌كانی عێراق

بەرەی فەتحولشام لەگەڵ هێزيکی توندڕەو یەكدەگرێت

بەرەی توندڕەوی فەتحولشام لە سوریا رۆژی یەکشەممە (9 تشرینی یەکەم) رایگەیاند کە گروپی توندڕەوی جوند ئەلئەقسای خستوەتە ژێر باڵی خۆیەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

لە راگەیانراوەکەدا، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە، جوند ئەلئەقسا بەیعەتی دا بە گروپی فەتحولشام، کە بەرەسمی بە بەرەی نوسرە ناسراوە.

جوند ئەلئەقسا، کە لەم دوایەدا بە رێکخراوێکی تیرۆرستی ناوزەندکرا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، لە چەند پێکدادانێکی توند لەگەڵ گروپە ئیسلامیە ئۆپۆزسیۆنەکانی تردا گیریخواردووە لە باکوری پارێزگای ئەدلبی سوریا.

گروپی بەهێزی ئەحرار ئەلشام کە پەیوەندی باشی لەگەڵ بەرەی فەتحولشامدا هەیە چەندین جار جوند ئەلئەقسای تۆمەتبارکردووە بەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا هەیە.

لیکۆڵەرەوان دەڵێن پێشبینی دەکرێت کە ئەم بابەتە شتەکان بۆ بەرەی فەتحولشام ئاڵۆزبکات.

لێکۆڵەر لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چارلس لیستەر، وتی: "بەرەی فەتحولشام وەك بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی گشتی خۆی قوتکردەوە، بەڵام بە گرتنەخۆی جوند ئەلئەقسا، لەگەڵ گروپێك یەکیگرتووە کە هەموو باڵە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکیەکان لە باکوری سوریا بە هێزێکی سەر بە داعشیان ناساندووە."

لیستەر وتی: "راگەیاندنەکە لەکاتێکدایە کە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە سەرکردایەتی ئەحرار ئەلشام، بەشداریانکردووە لە هێرشی گەورە بۆ وەدەرنانی جوند ئەلئەقسا لە هەموو سنورەکانی ئۆپۆزسیۆن."

هەروەها وتی: "بەکورتی، بەرەی فەتحولشام پیشانیداوە کە پاراستنی جیهادیەکان، تەنانەت ئەوانەی کە زۆر توندڕەون و پەیوەندیان لەگەڵ (داعش) هەیە، گرنگترە لە پاراستنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر کە هەوڵی زۆری داوە جێی خۆی بکاتەوە لەناویاندا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500