هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکانی سوریا تاوانی جەنگە: سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی-مون ئیدانەی هێرشکردنە سەر دوو نەخۆشخانەی گەورەی کرد لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەبی سوریا و بە "تاوانی جەنگ" وەسفیکرد رۆژی چوارشەممە (28 ئەیلول)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بان کی-مون بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت: "با روون قسە بکەین. ئەوانەی چەکی وێرانکار بەکاردێنن باش دەزانن چی دەکەن. ئەوان دەزانن کە تاوانی جەنگ ئەنجامدەدەن."

رێکخراوە پزیشکیەکان رایانگەیاند کە هێرشە ئاسمانیەکان بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دوو گەورەترین نەخۆشخانەیان کردە ئامانج لە ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب، کە بووە هۆی داخستنیان بەشێوەیەکی کاتی.

بەرپرسێکی رێکخراوی کۆمەڵگەی پزیشکی سوری-ئەمریکی، ئەدهەم سەحلول، وتی: "هێرشەکە کاژێر چواری بەیانی ئەنجامدراوە. فڕۆکەیەکی جەنگی هەردوو نەخۆشخانەکەی کردە ئامانج."

سەحلول وتی: "ئێستا تەنیا شەش نەخۆشخانە کاردەکەن کە نەخۆشخانەی ئێم2 و ئێم10 لە کارکەوتون."

هەروەها رایگەیاند کە هەردوو نەخۆشخانەکە بەشی چارەسەری چڕ و چارەسەری سەدمە (ترۆما) یان هەبوو کە لە هێرشە ئاسمانیەکانی پێشودا بە "ئەنقەست" کرانە ئامانج.

بۆردومانەکە بەتەواوی کەلوپەلی پزیشکی نەخۆسخانەی ئێم2، کە نەخۆشخانە گەورەترەکەیان بوو، تێکشکاندووە.

سێ کارمەند برینداربوون لە نەخۆشخانەی دووەم، شۆفێرێکی ئەمبوڵانس و پەرستیارێك و ژمێریارێك.

سەحلول وتی: "دوو نەخۆش مردوون. ئێمە لە هەوڵداین تا بزانین ئاخۆ ئەوانە راستەوخۆ بەهۆی بۆردومانەکەوە مردوون یان بەهۆی نەمانی خزمەتگوزارییەوە."

هەروەها هۆشداریدا لە دەرەنجامە خراپەکانی تەندروستی ئەگەر توندوتیژی دوبارە سەرهەڵبداتەوە، وەك ئەوەی کە رویدا لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی سەخت لە کۆتایی هەفتەدا، لە کاتێکدا کە نەخۆشخانەکان داخراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500