پۆلیسی عێراق شارۆچکەی وادی سەکرانی لە خۆرهەڵاتی ئەنبار ئازادکرد لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دوای چەند شەڕێك کە تیایدا 22 ئەندامی ئەو گروپە کوژران، پۆلیسی ئەنبار رۆژی سێشەممە (20 ئەیلول) رایگەیاند.
بەڕێوبەری پۆلیسی ئەنبار، لیوا هادی کەسار رزەییج، لە راگەیەنراوێکدا وتی: "هێزە هاوبەشەکانی عێراق چونەتە ناو شارۆچکەی وادی سەکران لە قەزای پەروانە لە خۆرئاوای رومادی دوای چەند شەڕێکی قورس لە شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆدا کە تیایدا 22 تیرۆریستی داعش کوژران و ئەوانی تریش هەڵهاتن."
رزەییج وتی کە فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان پاڵپشتی ئاسمانیان دابینکرد و تۆپخانەکانی داعشیان تێکشکاند کە ببونە لەمپەڕ لەبەردەم پێشڕەوی هێزەکانی عێراق و هەروەها حەوت ئۆتۆمبێلی داعشیان پێکا.
هەروەها وتی کە گرتنی شوێنەکە مانای بڕینی رێگەیەکی سەرەکی داعشە لە نێوان بیابانی خۆرئاوا و شارەکانی فوراتی ژورو.
رۆژی سێشەممە هێزەکانی عێراق چوار ئەندامی داعشیان دەستگیرکرد، کە سەرکردەی باڵایان لەنێودابوو، لە ناوەڕاستی شارۆچکەی روتبە، بەڕیوەبەری پۆلیسی فیدڕالی فەریق ریاز شاکر جەودەت رایگەیاند.
جەودەت وتی: "لیوای 18ی پۆلیسی فیدڕالی چوار ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا دوو فەرماندەی مەیدانی جەنگ، عتێوی کوبەیسی و محەمەد عەسافی، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایشدا لە ناوەڕاستی روتبە."
وتیشی: "چەك و تەقەمەنی و کەلوپەلەکانیان دەستی بەسەردا گیرا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگیری و بە هاوکاری دانیشتوانی ناوچەکە ئەنجامدرا."