هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاستی رێگەدان بە کۆمەك لە سوریا پسەندنەکراوە

ئاستی رێگەدان بە کۆمەکی مرۆیی لە ناوچە گەمارۆدراوەکانی سوریا "تەواو پەسەندنەکراوە،" نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی (26 ئاب) وتی، دوای ئەوەی رایگەیاند کە تەنها کاروانێكی کۆمەك لەم مانگەدا دابەشکراوە، ئەمەش بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس.

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی (OCHA) رایگەیاند کاروانێكی پێداویستییەکانی ژیان کاری دابەشکاریی رۆژی پێنجشەممە تەواوبوو لە وەعر، کە ناوچەیەکی گەمارۆدراوە و قەزایەکە لە حومس.

نوسینگەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لەکاتێکدا پێشوازیی لە کاروانەکەی دوێنێ دەکەین، ئاستی رێگەدان بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکان لەم مانگەدا پەسەندنەکراوە."

بەگوێرەی نوسینگەکە ئەو کاروانەی رۆژی سێشەممە بە دوو بەش بۆ وەعر نێردرا و خۆراك و شمەکی پزیشکیی لەخۆگرتبوو، "یەکەم [کاروانی] بەتەواوی دابەشکراو" بوو کە لە مانگی ئابدا بگاتە ناوچەیەکی گەمارۆدراو.

بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، لەناویاندا نێردراو ستیفن دی میستورا، لەم هەفتانەی دواییدا رەخنەی توندی لە لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سوریا گرتوە لەبەرئەوەی رێگا بە مەدەنییەکان نادەن کۆمەکیان بگاتەدەست.

دی میستورا بەشداریی کۆبوونەوەیەکی رۆژی هەینی کرد لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێری و وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگێی لاڤرۆڤ، کە پێشبینی دەکرێت جەخت لەسەر ئەوە بکەن نەتەوە یەکگرتووەکان فشاربکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی لە سوریا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500