هه‌واڵه‌كانی عێراق

تورکیا بەڵێن دەدات هاوکاری دەرکردنی داعش لە جەرابلوس بکات

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رۆژی سێشەممە (23 ئاب) وتی تورکیا بەڵێنیداوە "هەموو پاڵپشتیەكی" دەرکردنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بکات لە شارۆچکەی جەرابلوسی سەر سنوری سوریا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلۆ، بەڵێنەکەی لەو کاتەدا دا کە بەپێی راپۆرتەکان ئەو هێزانەی ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات لەسەر سنورەکە کۆبوونەتەوە لەچاوەڕوانیی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێك دژی داعش.

ناوبراو بە رۆژنامەنوسانی وت : "ئێمە نامانەوێت داعش لە عێراق و سوریا بوونی هەبێت."

هاوکات تورکیا رۆژی سێشەممە بۆ دووەم رۆژ تۆپبارانی پێگەکانی داعشی لە سوریا کرد لەوەڵامی هاوەن تەقاندن بەرامبەری لەودیو سنورەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا دوو هێرشی هاوەن کرانەسەر شارۆچکەی کارکەمیس لە باشوری رۆژئاوای تورکیا، لەنزیك سنورەوە و بەرامبەر شاری جەرابلوسی سوری کە لە دەستی داعشدایە.

تۆپبارانەکانی تورکیا چوار پێگەی داعشیان پێکا لە جەرابلوس کە لە بەیانی سێشەممەدا 60 جار تۆپبارانی کردن، دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی دووشەممەش داعشی لە باکوری سوریا تۆپباران کردبوو.

پۆلیس هۆشداریی دا بە دانیشتوانی کارکەمیس لە بڵندگۆکانەوە کە شارۆچکەکە چۆڵ بکەن "لەبەر هۆکاری ئەمنی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500