هه‌واڵه‌كانی عێراق

زۆنگاوەکانی عێراق ناویان دەچێتە لیستی شوێنەواری جیهانیی یونسکۆوە

ئاژانسی فرانس پرێس رۆژی دووشەممە (18 تەمموز) رایگەیاند یونێسکۆ (UNESCO) زۆنگاوەکانی عێراقی لەنێو شوێنەوارەکانی جیهاندا داناوە، وەك خاڵێکی گەش بۆ وڵاتێك کە گروپە توندڕەوەکان چەندین جار هەوڵی سڕینەوەی مێژوویان تێدا داوە.

یونسکۆ رایگەیاند ئەو شوێنەی ناوبراوە "لە حەوت ناوچە پێکهاتووە: سێ پێگەی شوێنەواریی و چوار ناوچەی زۆنگاوی بەراو لە باشوری عێراق."

وتی، "شارە شوێنەوارییەکان ئوروك، ئور و تەل ئەریدۆن کە پاشماوەی شاری سۆمەریی و ئەو نشینگانەن کە لەنێوان هەزارەی چوارەم و سێیەمی پێش زایین لە باشوری میزۆپۆتامیا گەشەیانکرد."

یونێسکۆ رایگەیاند، "ئەهواری باشوری عێراق -- کە بە زۆنگاوەکانی عێراق ناسراوە -- ناوازەن، یەکێکن لە گەورەترین سیستمەکانی دەلتا لە جیهاندا، لە کەشێكی زۆر گەرمدا."

عێراق لە 2003 وە هەوڵی گەیشتن بە پێگەی شوێنەواریی جیهانیی دەدات.

سەرۆك وەزیران حەیدەر ئەلعەبادیی پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کرد بەبۆنەی بڕیارەکەی یونسکۆوە، سوپاسی، "هەمو ئەوانەی بەشدارییان لەم سەرکەوتنەدا کرد".

وتیشی، کلتور لە عێراقدا بەردەوامدەبێت "سەرەڕای تێکشکاندن و خاپورکردنی کەلەپورو توحفەکانی عێراق لەلایەن باندە تیرۆرستیە بەربەریەکانەوە،" وەک ئاماژەکردن بە تێکشکاندنی چەند کەلەپورێکی مێژوویی لە موسڵ، نەمرود و هەترا، لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500