هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق دەگەنە رۆخی گەیارە

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، نەجمەدین کەریم جبوری، رایگەیاند کە هێزەکانی عێراق گەیشتونەتە کەنارەکانی روباری دیجلە لە دەوروبەری شارۆچکەی گەیارە بەرەبەیانی چوارشەمە (13 تەمموز) دوای ئەوەی زیانێکی زۆریان گەیاند بە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).

ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ مەوتنی وتی: " ئێمە ئێستا تەنها پێنج کیلۆمەتر دورین لەوەی بچینە ناو گەیارە و ڕزگارکردنی رابگەیەنین."

جبوری وتیشی 100 چەکداری داعش لە دوو رۆژی رابردودا کوژراون ئەو زیانەش زۆریلێکردن کە پاشەکشێ بکەن لە ناوچە کشتوکاڵیەکانی دەوروبەری شارۆچکەکە، کە 60 کیلۆمەتر لە باشوری موسڵەوە دوورە.

وتیشی: "روبەروی خۆکوژەکان و بۆمبی چێندراو و مینەکان بوینەتەوە، بەڵام هێشتا لە پێشڕەویکردن بەردەوامین و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییش بە هێرشی ئاسمانی پاڵپشتییەکی فراوانمان دەکەن."

وەزارەتی بەرگری عێراق چوارشەممە (13 تەمموز) رایگەیاند کە هاوکات هێزە عێراقیەکان فرۆکەخانەی سەربازی گەیارەیان لە بۆمبە چێندراوەکان پاککردۆتەوە کە داعش دوای دەرکردنیان جێیهێشتبوون.

وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا وتی: "هێزەکانی فیرقەی 9 و ئاژانسی دژەتیرۆر و یەکینەکانی پشتگیری دەستیان بە پاککردنەوەی فڕۆکەخانەی گەیارە کرد لەو تەقەمەنیانەی کە چەتە تیرۆریستەکانی داعش بەجێیانهێشتبوون دوای ئەوەی هێزە سەربازیەکان چەند رۆژێك لەمەوبەر فڕۆکەخانەکەیان ڕزگارکرد."

بەیاننامەکە وتی: "زۆربەی ئەو بۆمبە چێندراوانە پوچەڵکراونەتەوە کە ئامادەکرابوون تا بە هێزە سەربازیەکاندا بتەقنەوە بۆئەوەی بەربەست بخەنە بەردەم پێشڕەوییان بەرەو ئامانجەکانیان، بەتایبەتی ڕزگارکردنی هەموو ناوچە داگیرکراوەکان."

بەیاننامەکە وتیشی: " یەکینە ئەندازیاریەکان رۆلێکی گەورەیان گێڕاوە لە پوچەڵکردنەوەی زۆربەی بۆمبە چێندراوەکاندا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500