هه‌واڵه‌كانی عێراق

لە بەغدا و دیالە دەستدەگیرێت بەسەر تەقەمەنی دا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی پێنجشەممە (7 تەمموز) رایگەیاند هێزەکانی عێراق لە باشوری خۆرئاوای بەعقوبە، پایتەختی پارێزگای دیالە، دەستیانگرت بەسەر بڕێکی زۆر تەقەمەنی دا کە وادانرابوو لەدژی ئەو هاوڵاتیانە بەکاربهێنرێت کە ئاهەنگی جەژن دەگێڕن.

وتەبێژی وەزارەت عەمید سەعد مەعان بە مەوتینی وت، "ئێوارەی چوارشەممە و لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییدا لە ناوچەی بەنی سەعد، 15 کیۆمەتر باشوری خۆرئاوای بەعقوبە، هێزێکی هاوبەش پشتێنەیەکی بۆمب و تەقەمەنی دیکەیان دۆزییەوە لە خانوویەکدا کە هێشتا بنیادنانی تەواو نەبوبو."

وتی تیرۆرستەکان پلانیان دانابوو بۆمبەکان لەناو هاوڵاتیان و لەکاتی جەژنی رەمەزاندا بتەقێننەوە.

مەعان وتی، "ئۆپەراسیۆنەکە پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی ورد بەستبوو کە لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەوە دابینکرابوو کە هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەکرد."

هێزەکانی عێراق هەروەها دەستیان بەسەر حەشارگەیەکی گەورەی تەقەمەنی و زەخیرەی سەربازی دا لە باکوری بەغدا کە لە لایەن گروپە تیرۆرستانەوە بەکارهێنرابوو.

لە راگەیەندراوێکدا کە دەست مەوتینی کەوتوە وەزارەت وتی، "سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە ناوچەی تەرمییەی باکوری بەغدا ئەنجامدا و حەشارگەیەکی گەورەی زەخیرەی سەربازی و تەقەمەنی دۆزییەوە، کە 25 سندوقی C4 و 38 بۆمبی دەستکرد، 18 بۆمبی لکاو و چەندین جۆر و شێوەی تری تەقەمەنی تێدابوو، لەگەڵ پشتێنەیەکی بۆمبی."

راگەیەندراوەکە وتیشی، "سوپا دەستی بەسەر ئەم ئامرازانەدا گرت و لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی کردەوە بۆ ئەم رووداوە، بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە زوو زوو سەردانی ئەم شوێنەیان کردووە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500