هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق چەند ئۆپەراسیۆنێك لە کەرکوك و بەغدا ئەنجام دەدەن

پۆلیسی عێراقی لە کەرکوك رۆژی سێشەممە (٢١ ی حوزەیران) رایگەیاند کە ١٩ پیاویان دەستگیرکردووە لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژەدا و دەستگیرکراوەکانیش داواکراوبوون بە چەندین تۆمەتی تیرۆریزم.

وتەبێژی پۆلیسی عێراقی لە کەرکوك، عەقید سەلام جاف، وتی هێزە هاوبەشەکانی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەکانی باشور و رۆژئاوای کەرکوك ١٩ کەسیان دەستگیرکرد کە بڕیاری دەستگیرکردنیان لەسەربووە لەسەر چەندین تاوان پەیوەند بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

لە لێدوانێکیدا بۆ مەوتینی، جاف وتی ١٥ لە دەستگیرکراوەکان چەك و مادەی قەدەغەکراویان پێبووە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند کە دوو کەسی سەر بە داعش لە ماڵێکی حەوانەوەدا دەستگیرکراون لە ناوچەی بەزایز العوبێد لە باشوری بەغدا.

وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە هێزە تایبەتەکانی ئاژانسی دژە تیرۆر، بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری، دەستیان بەسەر ماڵێکی حەوانەوەی داعشدا گرتووە کە وەك کۆگای شاردنەوەی چەك بەکارهاتووە و چەکە حەشاردراوەکان بە مەبەستی بەئامانجگرتنی بەغدا لەو ماڵەدا هەڵگیراون.

بەیاننامەکە وتی: "دوو لە تیرۆریستەکان دەستگیرکراون و ئەو چەك و ئامێرانەش کە لە ژورێکدا هەڵگیرابوون دەستیان بەسەردا گیرا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500