هه‌واڵه‌كانی عێراق

داعش ئێستاش جینۆساید دژی یەزیدییەکان ئەنجامدەدات: نەتەوە یەکگرتووەکان

ئاژانسی فرانس پرێس رۆژی پێنجشەممە (16 حوزەیران) رایگەیاند لێکۆڵەرانی مافی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) هێشتا جینۆساید ئەنجامدەدەن دژی کەمینەی یەزیدی لە عێراق و سوریا.

بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا پاولۆ پینهیرۆ لە راگەیەندراوێکدا وتی، "جینۆساید روویداوە و بەردەوامە."

وتی، "داعش هەر ژن، مناڵ و پیاوێکی یەزیدی دەستکەوتبێت رووبەڕووی تۆقێنەرترین ئەشکەنجەی کردوونەتەوە."

لە ساڵی 2014دا، داعش کۆمەڵکوژی دژی یەزیدییەکانی شەنگالی باکوری عێراق ئەنجامدا، بە دەیان هەزاری ناچارکرد هەڵبێن، بە هەزاران ژن و کچی وەك غەنیمەی جەنگ گرت تا وەك کۆیلەی سێکسیی بەکاریانبهێنێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی پێشوو هۆشداریی دا کە ئەو گروپە پێدەچێت جینۆساید دژی یەزیدییەکان ئەنجامبدات، بەڵام راپۆرتی کۆمسیۆنەکە کە پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، یەکلاکەرەوەتر بوو.

ئەندامێکی کۆمسیۆن کارلا دیل پۆنتێ وتی دەکرێت بەڵگەی کۆکراوەی کۆمسیۆن "وەك نەخشەڕێگەیەك بۆ دادگاییکردن" بەکاربهێنرێت، بە ئاماژەکردن بەوەی ئەتوانێت "کەیسێك ئامادە بکات" بۆ جینۆساید لەدژی فەرماندەکانی داعش بەپێی لێدوانەکانی ناو راپۆرتەکە.

ئەندامی کۆمسیۆن ڤیڤیت مونتاربهۆرن وتی دەشێت چەکدارانی داعش کە سەر بە نەتەوەی جیاجیان، تاوانباربن بە جینۆساید.

کۆمسیۆنەکە ناوی گومانلێکراوەکان بڵاوناکاتەوە، بەڵام زانیارییەکان دەنێرێت بۆ وڵاتانی جیهان، جگە لە عێراق و سوریا، وەك هەوڵێك بۆ ناسینەوەی ئەنجامدەرە بیانییەکانی توندوتیژیی.

بەگوێرەی چاوپێکەوتن لەگەڵ رزگاربوان، راپۆرتەکە بۆی دەرکەوتووە کە داعش "ویستوویەتی یەزیدییەکان لەڕێی کوشتن، بەکۆیلەکردنی سێکسیی، کۆیلەیی، ئەشکەنجە و مامەڵەی سوکایەتیی و نامرۆڤانە، بسڕێتەوە."

کۆمسیۆنەکە وتی، بەڵگەکان دەریدەخەن کە فەرماندەکانی داعش پلانی ئاشکرایان هەبووە بۆ لەناوبردنی یەزیدییەکان تەنانەت پێش دەستپێکردنی شاڵاوی شەنگالیش.

بەپێی راپۆرتەکە، 3,200 ژن و مناڵی یەزیدی لە ژێردەستی داعشدان، بەتایبەت لە سوریا کە کچەکان وەك کۆیلەی سێکسیی بەکاردەهێنرێن و کوڕە مناڵەکانیش مێشکیان دەشۆرێتەوە و و راهێنانیان پێدەکرێت تا ببنە چەکدار.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500