هه‌واڵه‌كانی عێراق

داعش 18 مەدەنی دەکوژێت دەیانویست لە فەلوجە هەڵبێن

چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) لانیکەم 18 ئەندامی دوو خێزانیان کوشت کە هەوڵیاندا لە فەلوجە هەڵبێن، وەك ئاژانسی فرانس پرێس (12 حوزەیران) رایگەیاند.

داعش خەڵکی مەدەنی وەك قەڵغانێکی مرۆیی بۆ پاراستنی مۆڵگەکانی بەکاردەهێنێت، هەر لەوکاتەوەی هێزەکانی عێراق هێرشێکی فراوانیان دژی ئەم رێکخراوە لە 22 ئایاردا بەرپاکرد.

ئەفسەرێکی پلەبەرز لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان وتی: "ژمارەیەك لە دانیشتوان هەوڵیاندا هەڵبێن و کاتێك لە دووڕیانی سەلام نزیکبوونەوە، داعش تەقەی لێکردن و 18ی لێ کوشتن و دەیانی تریشی بریندارکرد."

ئەم ئەفسەرە کە داوایکرد ناوی نەبرێت، وتی سوپا توانی هەندێك لە بریندارەکان رزگاربکات.

خزمانی ئەم قوربانیانە وتیان کە ئەو گروپەی رۆژی هەینی هەوڵیاندا لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش دەربازبن، نزیکەی 100 کەس دەبوون، زۆربەشیان ژن و منداڵ بوون.

هەموویان ئەندامی دوو خێزان بوون --ئەلبو حاتەم و ئەلبو ساڵح-- چەند رۆژێك پێشتریش هەوڵێکی شکستخواردوویان دابوو بۆ بەجێهێشتنی شارەکە.

خزمێکیان بەناوی ئەحمەد ئەلغنەیم وتی: "کاتێك نزیکی دووڕیانەکە بوونەوە، کە خاڵی پێکگەیشتنە لەگەڵ هێزە عێراقیەکاندا، دوو چەکدار بە سواری ماتۆڕەوە گەیشتن و تەقەیان بەناودا کردن."

وتی کە دووان لە رزگاربووەکان، کە خزمی خێزانی ئەلبو ساڵحن، لە ماڵەکەی ئەودا دەمێننەوە لە عامریەی فەلوجە لە باشوری فەلوجە.

وتیشی: "هەندێك لە دانیشتوان خۆیان هەڵدایە چەمێکەوە، هەندێکیشیان بەرەو خانووەکانی ئەو نزیکانە هەڵهاتن. کاتێك چوونە ژوورەوە، ماڵەکان بەسەریاندا تەقینەوە چونکە بۆمبڕێژ کرابوون."

ئەلغنەیم وتی: "هەندێك لە رزگاربووان ناچارکران بگەڕێنەوە ناو فەلوجە."

سامی ئەلبوحاتەم، یەکێك لەو خزمانەی لە کەمپێکدا لە عامریەی فەلوجە دەژیا، وتی: "سێ لە خزمە نزیکەکانم، پیاوێك و دوو منداڵی پچووك، لەناو ئەوانەدا بوون کە کوژران."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500