سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران برەودەدات بە هەوڵەکانی راكێشانی ئەندامان لە چەند بەشێکی پارێزگای دێرەزووری خۆرهەڵاتی سوریا کە لەوێ ماوەیەکە هەوڵی فراوانکردنی نفوزی خۆی دەدات، چاودێرانی سوریا وتیان.
چاودێران هۆشدارییان دا لەوەی دامەزرێنەران هەرزەکاران و تەنانەت منداڵانی ئەو ناوچەیەش دەکەنە ئامانج، لەکاتێکدا پاسداران بەهیوایە نەوەیەکی نوێ لە چەکداران بێنێتە کایەوە کە ئایدۆلۆژیا و بەڵێنی دڵسۆزی بە ئێران لەخۆدەگرن.
چالاکوانێکی بواری میدیا، ئەلبوکەمال ئەیهەم عەلی بە دیارونای وت بەهۆی نزیکییەوە لە عێراق، دێرەزوور گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە بۆ پاسداران، کە ماوەیەکە کار دەکات بۆ فراوانکردنی ئامادەیی خۆی لەوێ.
وتی وەك بەشێك لەم هەوڵانە، پاسداران ماوەیەکە هەوڵدەدات ئەندامانی نوێی سوری رابکێشێت، ئەمەش بە قۆستنەوەی دۆخی سەختی دارایی کە خەڵکی ناوچەکە رووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە.
وتی لاوان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و رێژەی بەرزی بێکارییەوە دۆخیان خراپە، کە وادەکات موچەی پاسداران سەرنجڕاکێش بێت بۆیان، هەرچەندە رووبەڕووی مەترسییەکی زۆریان دەکاتەوە.
وتی هەندێك خێزان کە کوڕیان هەیە، لێیان نزیکبوونەتەوە بە پێشنیازی پارە و کۆمەکی خۆراك وەك دەستپێشخەرییەک بۆ هەوڵەکانی راکێشانیان.
هەوڵەکانی راکێشانی ئێستا تەرکیزیان لەسەر گروپە کەم تەمەنەکانە، بەجۆرێك بەناوبانگترین ناوەندی راکێشان -- نور ساتیع، لە شاری مەیادین -- لانیکەم 250 دامەزراوی هەیە.
عەلی وتی ناوەندەکە لەلایەن دوو بەرپرسی پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێت، سەید ئەیوب و سەید مەهدی، بەیارمەتی کەسێکی خەڵکی دێرەزوور بەناوی "ئەبو ئەسەد".
ناوەندی شەدوحی، کە ئەویش لە مەیادینە، لەلایەن ئێرانییەکەوە بەناوی حاجی ئیبراهیم سەرپەرشتی راستەوخۆی دەکرێت، بە یارمەتی سورییەك بەناوی تەلال حەماوی.
حاجی ئیبراهیم سەرپەرشتی ناوەندێکی دیکەش دەکات، بەسیرە، کە زیاتر تەرکیزی لەسەر لاوانی تەمەن نێوان 15 بۆ 18 ساڵە کە راهێنانی سەربازییان پێدەکرێت و وانەی ئایینیان پێدەوترێتەوە بە تەرکیزی زۆرەوە لەسەر تائیفیەت.
میلیشیاکان کێبڕکێیانە لەسەر بەکرێگیراوان
توێژەری کاروباری ئێران، شیار تورکۆ کە تایبەتمەندە لە چالاکیەکانی پاسداران، وتی ئەوە سەیرنییە کە پاسداران هەوڵی برەودان دەدات بە ئاستی راکێشانی خەڵك، چونکە هاوپەیمانە سورییەکانی تووشی زیان بوون.
بە دیارونای وت سەرەڕای ئەوەش، هاوپەیمانانی پاسداران هەوڵیانداوە لە چەندین ناوچە بڵاوببنەوە، لەنێویاندا حەلەب، دیمەشق، بیابانی خۆرهەڵات (بادیە) و ئیدلیب، بەڵام زۆر پەرشوبڵاون و ناتوانن لەم کارەدا سەرکەوتوو بن.
وتی دۆخی سوریا دانسقەیە لەوەدا کە ئەندامێتی لە گروپە چەکدارەکان و میلیشیاکاندا لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم بۆتە بازاڕێکی راستەقینە، بەجۆرێك چەکداران لە میلیشیایەکەوە بۆ میلیشیایەکی دیکە دەچن بەدوای موچەی زیاتردا.
وتی کێبرکێیەکی تووند هەیە بۆ راکێشانی بەکرێگیراوانی ریزی خوارەوە لەنێوان میلیشیاکانی دێرەزووری سەربە روسیا و ئێران و رژێمی سوریادا.
تورکۆ وتی ئۆپەراسیۆنەکانی راکێشان هاوکات کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە بۆسەر کۆمەڵگەی سوری، چونکە ئەندامانی لاو "لە منداڵێتی خۆیان دەخرێن و دەکرێنە ئامێری کوشتار کە فەرمانەکانیان لە پاسدارانەوە وەردەگرن".
وتی جیا لەوەی ژیانیان دەخەنە مەترسیەوە، لەلایەن پاسدارانەوە مێشکیشیان دەشۆردرێتەوە.
وتی بەتایبەتی لە شەڕدا لە مەترسیدان، بەهۆی لاوێتی و بێ ئەزمونی و نەبوونی راهێنانەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە قۆناغی راهێنانی سەربازییان زۆر کورتە.
زۆربەیان زۆر لاوترن لەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ مەترسیدا بکەن و زۆرێك لەوانەی لە دێرەزوور راکێشراون، کوژراون، بەتایبەتی لە بیابانی دەوری مەیادین، کە زۆرجار پێکدادنی تووندی سەربازی سەرهەڵدەدات.
راکێشانی منداڵان 'دەبێت بوەستێت'
رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت هەوڵەکانی راکێشانی پاسداران کە لە دێرەزوور بەردەوامن زۆر مەترسیدارن چونکە منداڵان و هەرزەکاران و لاوان دەکەنە ئامانج.
وتی بەهەر شێوەیەك بێت دەبێت بوەستێنرێن.
وتی لاوان دەکرێنە ئامانج لەبەرئەوەی خەڵكە بەتەمەنەکە لە بیروباوەڕدا زیاتر سەقامگیرن و کەمتر مەترسیی مێشك شۆردنەوەیان لەسەرە و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی لەڕێی مێشكشۆردنەوەوە، پاسداران بەهیوایە دڵسۆزی بۆ رژێمی ئێران دروستبکات.
وتیشی لاوان تێرکراون لە ئایدۆلۆژیای پاسداران، بەتایبەتی مەزهەبی ویلایەتی فەقیهـ (فەرمانڕەوایی ئاخوندان) کە داوای دڵسۆزی بۆ رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی دەکات.
بۆنمونە لە لوبنان، کە پاسداران تاکتیکێکی راکێشانی هاوشێوە پەیڕەودەکات، لەئێستادا بنکەیەکی جەماوەریی دڵسۆزی فراوانی هەیە کە وادەکات دوورخستنەوەی حیزبوڵڵا و هەژمونی سەختبێت، چونکە لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە ریشەی داکوتاوە.