هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

مەسیحیەکانی موسڵ هاندەدرێن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان

خالید تائی

عێراقیەکان کەنیسەی سەینت گۆرگیس نۆژەندەکەنەوە لە قەزای بەرتەلەی پارێزگای نەینەوا لە 19 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی فەرمیی کەنیسەکە]

عێراقیەکان کەنیسەی سەینت گۆرگیس نۆژەندەکەنەوە لە قەزای بەرتەلەی پارێزگای نەینەوا لە 19 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی فەرمیی کەنیسەکە]

مەسیحیە ئاوارەکانی موسڵ تکایان لێدەکرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان لە شارەکە و پشتبکەنە قۆناغی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

هەرچەندە زیاتر لە سێ ساڵە داعش لە عێراق شکستی پێهێنراوە، مەسیحیەکان خێرا نەبوون لە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە موسڵ، شارێك کە سەردەمێک بووبووە پایتەختی گروپەکە لە عێراق.

لەکاتی فەرمانڕەواییدا، داعش دڕندانە کۆمەڵگەی مەسیحیی ناوچەکەی کردە ئامانج و خێزانە مەسیحیەکانی دەرکرد، دەستی بەسەر موڵکوماڵیاندا گرت و بێڕێزیی بە کەنیسە مێژوییەکان کرد و وێرانیکردن.

گروپێکی خۆبەخشی ناوچەکە بەناوی "قۆڵەکانی موسڵ"، چاککردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئایینەکانی شارەکەیان لەئەستۆی خۆیان گرتووە و بەشداریدەکەن لە چەندین چالاکیدا بە مەبەستی دەرخستنی هاوکاری کۆمەڵایەتی و تیمارکردنی ناسۆرەکان.

مەسیحیەکانی عێراق ئامادەی نوێژی ئێوارەی کریسمس دەبن لە کەنیسەی کاسۆلیکی سریانی مار یەعقوب موقەتەع لە شارۆچکەی قەرەقوشی نەینەوا، کە 30 کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە، لە 24 کانونی دووەم 2019. [زیاد عوبید/ئاژانسی فرانس پرێس]

مەسیحیەکانی عێراق ئامادەی نوێژی ئێوارەی کریسمس دەبن لە کەنیسەی کاسۆلیکی سریانی مار یەعقوب موقەتەع لە شارۆچکەی قەرەقوشی نەینەوا، کە 30 کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە، لە 24 کانونی دووەم 2019. [زیاد عوبید/ئاژانسی فرانس پرێس]

محەمەد عیسام بەهادین، یەکێك لە دامەزرێنەران، وتی تیمەکەی کەنیسەی مار تۆمایان لە ناوەندی موسڵ چاککردۆتەوە وەك بەشێك لە هەڵمەتی "کەلەپورمان، شوناسمانە" بۆ نۆژەنکردنەوەی حەوت شوێنی مێژوویی.

هەڵمەتەکە پشتیوانی دارایی لە ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (یوئێس ئەید)ەوە پێگەیشت.

بە دیارونای وت تیمەکەی بەهادین کەنیسەکەیان پاککردەوە و گڵۆپەکانیان چاککردەوە و کارەکانی نۆژەنکردنەوەی لەقەڵەمدا بە "پەیامێكی خۆشەویستی بۆ ئاوارە مەسیحیەکانی موسڵ و تکاکردن بۆ گەڕانەوەیان".

وتی خۆبەخشان بەهیوان مەسیحیەکان دڵنیابکەنەوە کە شارەکەیان گەڕێندراوەتەوە دۆخی پێشووی خۆی، "شاری پێکەوەژیان کە چاوەڕێی گەڕانەوەیانە".

بەهادین وتی تیمەکە بیر لە بۆنەیەك دەکاتەوە لەنێو کەنیسەکەدا، کە ئێستا نۆژەنکراوەتەوە و بانگهێشتی خێزانە ئاوارە مەسیحیەکان و هەندێك لە ریشسپیەکانی شارەکە دەکات تا هاوکاری کۆمەڵایەتی بەهێزبکەن.

رێخۆشکردن بۆ گەڕانەوە

بەهادین وتی جیا لەوە، خۆبەخشان یارمەتی چاککردنەوەی 25 خانوویان داوە لە موسڵ کە لەلایەن داعشەوە روخێنرابوون، بە ئامانجی هاندانی خاوەنەکانیان بۆ گەڕانەوە.

وتی بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی هەموو خێزانە گەڕاوەکان، جا مەسیحی بن یان ئەندامی گروپە ئایینیەکانی دیکە، بە دابینکردنی سەبەتەی خۆراك و شمەکی پێویستی دیکە و پاککردنەوەی گەڕەکەکانیان.

ئەو گروپە خۆبەخشە لە چەند پرۆژەیەکی دیکەشدا چالاکن، لەنێویاندا دابینکردنی جلوبەرگ و کۆمەکی دیکە بۆ بێسەرپەرشتان کە دایکوباوکیان لەکاتی شەڕی دەرکردنی داعشدا کوژراون، لەگەڵ کار دۆزینەوە بۆ بێکاران.

پەرلەمانتارێکی عێراق، یونادم کەننا، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی مەسیحی، بە دیارونای وت لە 4,000 ساڵ مێژووی خۆیدا، موسڵ ماڵی زۆرێك لە گروپە ئایینی و ئێتنیکەکان بوو.

وتی: "بەڵام لەمڕۆدا بەتاڵە لەو فرەییەی ماوەیەکی زۆر پێی ناسرابوو."

وتیشی پێش فەرمانڕەوایی داعش، 50,000 مەسیحی لە موسڵ هەبوون و ئاماژەیکرد بەوەی لەکاتی شکستی گروپەکەوە تەنیا 100 کەسیان گەڕاونەتەوە.

کەننا وتی ئەمە زیاتر بەهۆی "کاریگەری دەروونی خراپی تیرۆریستانەوەیە کە لەسەر دەروونی خەڵکە مەسیحیەکە جێیانهیشتووە و هەستکردنیان بە نائارامی، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی کۆنترۆڵی گروپەکەش".

جەختیکردەوە لە گرنگی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر کە گەرەنتی مافی دانیشتوانەکەی بکات، بێ گوێدان بە پشتخانیان.

وتیشی حکومەت دەبێت ئامادەیی مێژوویی مەسیحیەکان لە ناوچەی دەشتی نەینەوا بپارێزێت و رووبەڕووی هەر هەوڵێك ببێتەوە بۆ هێنانەکایەی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لەو ناوچەیە.

'دەبێت خەڵکەکە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان'

کەننا وتی مەسیحیەکانی ناوچەکانی ئەلقوش، قەرەقوش، بەعشیقە، بەحزانی، بەرتەلە، کارمیلۆس، بەتنایە، تەلئەسقەف و تەل کەیف، لەم چەند ساڵەی دواییدا گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان.

وتی بەڵام ژمارەیان سنووردارە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی و دەگمەنیی دەرفەتی کارەوە و ئاماژەیکرد بەوەی زۆرێك خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ژیاندا لە بەغدا و هەولێر و دهۆك، کە زۆرێکیان لەوێ گیرسانەوە.

وتی بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەیان، دەبێت قەرەبووی دارایی ببەخشرێت بەو مەسیحیانەی موڵکوماڵیان لەدەستداوە و بژێوییان بەهۆی داعشەوە زیانی بەرکەوتووە.

سەرۆکی رێکخراوی خێرخوازیی دەشتی نەینەوا لە ناحیەی بەرتەلە، جۆرج شەمعون کاکو، وتی ژینگەکە لەبارە بۆ گەڕانەوەی مەسیحیەکان و هانی دان کۆتایی بە ئاوارەیی درێژخایەنیان بهێنن.

کاکو، کە خاوەنکارە و گروپێك کۆمپانیای پیشەسازیی لە نەینەوا هەیە، بە دیارونای وت خۆی یەکێك بوو لە یەکەمین کەسەکان کە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان لە دەشتی نەینەوا.

وتی کۆمپانیاکانی لەئێستادا بەشداریدەکەن لە بنیاتنانەوەی ناوخۆیی و نۆژەنکردنەوەی کەرتی خزمەتگوزاری و ئاماژەیکرد بەوەی "گەر دۆخەکە ئاسایی و سەقامگیر نەبوایە نەدەگەڕامەوە و دەستم بەکار نەدەکردەوە".

وتی: "داعش بۆتە بەشێك لە رابردوو، ترسە ئەمنیەکان دەمێکە نەماون." وتیشی خەڵك "پێویستناکات راڕابن لە گەڕانەوەیان".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500