ئەو میلیشیانەی هاوسۆزی ئێرانن و لەپشت هێرشەکانی ئەمدواییەی بەغداوە بوون، لە مەترسی رووبەڕووبوونەوەدان لەگەڵ هێزەکانی عێراق و ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بن رژێمی ئێران بەو دۆخە لاوازەی خۆیەوە فریایان بکەوێت، پسپۆڕان وتیان.
وتیان ناکرێت چاوەڕێی یارمەتیش بن لە حیزبوڵڵای لوبنانەوە، چونکە ئەو میلیشیایە لەژێر فشاری تووندایە لە بەرەی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا.
وتیشیان ئاستەنگ دروستکردن بۆ فەرمانڕەوایی یاسا و زیانگەیاندن بە عێراقیەکان بەبێ ئاکام تێناپەڕێت و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی عێراق لەناوچوونی ئەو میلیشیانە خێراتردەکات، بەتایبەتی ئەوانەی هاوسۆزی کەتائیب حیزبوڵان.
سووری بەرلەشکری کەتائیب حیزبوڵا بەناوی ئەسحاب کەهف هێرشەکەی 17 تشرینی دووەمی بەغدایان لەئەستۆگرت، کە تیایدا زنجیرەیەك موشەك کچێکیان کوشت و پێنج مەدەنییان بریندارکرد.
چەند گروپێکیش کە بەرپرسانی عێراق و ئەمریکا بە "رووکار"ی لایەنە تووندڕەوەکانی سەربە ئێرانیان ناوبردوون لە عێراق، هێرشەکانی ئەمدواییەیان لەئەستۆگرتووە بۆسەر ئەرکە دبلۆماسیەکان.
سوپای عێراق رایگەیاند: "لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بەردەوامە لە پێشڕەوی بۆ بەدەستهێنانی سەروەری و سەرەڕای باشتربوونی ئاستی پیشەوەری و کارامەیی... هەندێك هێزی یاخی لە یاسا مەبەستیانە شەڕی سەقامگیری بکەن بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندیەکانی خۆیان و ئامانجە تەسکەکانیان، کە هیچ پەیوەندیەکیان بە بەرژەوەندی نیشتمانیەوە نییە."
'راکێشانی عێراق بۆ رێچکەیەکی مەترسیدار'
ئەفسەرێکی سەربازیی خانەنشین و پسپۆڕی ئاسایشی عێراق، ماجید قەیسی وتی کەتائیب حیزبوڵا، لەڕێی چالاکییەوە بە گروپە رووکارە جیاوازەکانیەوە "وڵاتەکە بۆسەر رێچکەیەکی مەترسیدار رادەکێشێت".
بە دیارونای وت هەر پێکدادانێك لەنێوان هێزە عێراقیەکان و ئەو میلیشیانەدا "دواجار دەبێتە هۆی تێکشکانی ئەمەی دواییان،" چونکە ناتوانن بەڕووی سوپای عێراق و پۆلیس و هەواڵگریی و دەزگای دژە تیرۆریزمدا بوەستنەوە.
وتی هێزەکانی عێراق راهێنانی زۆریان پێکراوە و ئەزمونی قووڵی جەنگیان لە شەڕی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە بەدەستهێناوە و ئەوە رێیتێدەچێت کە میلیشیاکان لە رووبەڕووبوونەوەیاندا سەرکەوتوو نەبن.
وتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیاکاندا، حکومەت ستراتیژێکی دوورمەودا جێبەجێدەکات و لەبەر چەندین هۆکار هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی بەرفراوان نادات.
لەنێو ئەمانەدا ئەگەری تێکدانی سەقامگیری ئاسایشی نیشتمانی لەمیانەی قەیرانی ئابوری، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڕەشەی بەردەوامی داعشدا.
وتی بەڵام میلیشیاکان نابێت "سەبری عێراق تاقیبکەنەوە و دەبێت لەوە تێبگەن کە رووبەڕووی دەوڵەتێك دەبنەوە کە دەزگای وای هەیە ناچەمێتەوە لەبەردەم هەڕەشەدا بۆ ئاسایشی نیشتمانی گەر هێرشی موشەکی بکەنە سەر ئەرکە دبلۆماسیەکان".
وتیشی هێزەکانی عێراق رێنادەن بە میلیشیاکانی سەربە ئێران زیان لە بەرژەوەندیە نیشتمانیەکانی وڵاتەکە و هەڵوێستی بدەن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
عێراقیەکان دژی میلیشیاکان دەوەستنەوە
پسپۆڕی سەربازی، ئەیاد توفان بە دیارونای وت خەڵکی عێراق باش ئاگادارن لە سروشتی راستەقینەی کەتائیب حیزبوڵا و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە پاسداران.
وتی: "خەڵك بەتەواوی قەناعەتیان بەوە هەیە کە ئەم گروپە چەکدارانە کاردەکەن بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیەکانی ئێران و جێبەجێکردنی کارنامەکەی."
وتی ئەمە "عێراق پارچە پارچە دەکات و پشێوی بڵاودەکاتەوە،" بە زیاندان لە سەروەریی عێراق و پێگەی نێودەوڵەتی وڵاتەکە و کردنەوەی دەرگا بۆ ئێران بۆ قۆستنەوەی سەرچاوە سروشتیەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی.
توفان وتی هەر هەوڵێك بۆ بەرگرتن بە میلیشیاکانی هاوسۆزی ئێران و بەتایبەتی کەتائیب حیزبوڵا، پشتیوانیی فراوانی لێدەکرێت لەلایەن خەڵکی عێراقەوە.
وتیشی پێویستە بەتووندی رووبەڕووی ئەم میلیشیانە ببنەوە، تا کۆتایی بهێنن بە هێرشە موشەکیەکان کە لە عێراقیەکانی کوشتووە و وێنەی عێراقیان لەکەدارکردووە.