هه‌واڵه‌كانی عێراق
وزە

زانایەکی ئەتۆمی ئێران بەخاکسپێردرا لەکاتێکدا رەخنە لە ئاسایشی حکومەت دەگیرێت

ئەردەشێر کوردستانی و ستافی مەشاریق

image

دادوەری باڵای ئێران ئیبراهیم رەئیسی لەکاتی رێزلێنانی تەرمی زانای کوژراوی ئێران، موحسین فەخریزادە، لەنێوان خێزانەکەیدا، لە تاران، 28 تشرینی دووەم. [ئاژانسی میزان نیوز\ئاژانسی فرانس پرێس]

مەراسیمی بەخاکسپاردنی زانا ناودارە ئەتۆمییەکەی ئێران، موحسین فەخریزادە، کە هەینی (27 تشرینی دووەم) لە هێرشێکدا کوژرا کە دەوڵەتە ئسلامییەکە خستییە پاڵ ئیسرائیل، دووشەممە لە تاران رێکخرا لەکاتێکدا رەخنە لە بێتوانایی ئێران گیرا لە وەستاندنی کوشتن لەسەر خاکەکی خۆی.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە چەندین بەرپرسی باڵای ئێران بەشدارییانکرد لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەدا، لەنێویاندا وەزیری ناوخۆ ئەمیر حاتەمی و سەرۆکی سوپای پاسداران حوسێن سەلامی.

تابلۆیەکی گەورە وێنەیەکی زانا کوژراوەکە لە تەنیشت سەرکردەی باڵای ئێران عەلی خامەنەیی پیشاندادات، لەگەڵ فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، کە سەرەتای ئەم ساڵ لە بەغدا کوژرا.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەدمیراڵ عەلی شەمخانی وتی ئۆپەراسیۆنە "ئاڵۆزەکەی" کوشتنەکە دوو دەیە دەبێت کاری لەسەردەکرێت و کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئێران ئاگادار بوون.

image

پیاوێکی ئێرانی بەتەنیشت تابلۆیەکی سەرشەقامدا تێدەپەڕێت کە وێنەی زانای ئەتۆمی ئێران موحسین فەخریزادەی لەسەرە لە تاران، 30 تشرینی دووەم. [عەتا کەناری\ئاژانسی فرانس پرێس]

وتی بەڵام چونکە کات و وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی کات دەگۆڕدرا، هێزەکانی هەواڵگریی ئێران "بەداخەوە نەیانتوانی بەگوێرەی ئەوە بجوڵێنەوە".

تیرۆرکردنەکەی فەخریزادە، کوشتنێکی دیکەی خستە سەر کوشتنەکانی چەند زانایەکی دیکەی ئەتۆمی لەم چەند ساڵەی رابردوودا، چەندین تەقینەوە لە بنکە سەربازییە هەستیارەکان، هەروەها دزینێکی ئەمدواییەی چەند بەڵگەنامەیەکی هەستیاری بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکە لە ناوەندێکی ئەتۆمی لە ئێران، بوونەتە هۆی ئەوەی توانا هەواڵگرییەکانی ئێران رووبەڕووی رەخنە ببێتەوە.

هەندێک دەڵێن هێزە ناوخۆییەکان لە پشتی هێرشەکەوە بوون. دەڵێن گروپێکی تووندگیری ئێرانی دژی گفتوگۆکردنن لەگەڵ ئەمریکا، ئەمەش وایلێکردوون فەخریزادە تیرۆربکەن و وەک کارتێک بەکاریبهێنن بۆ دوورخستنەوەی ئێران لە پابەندبوونەکانی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و بەربەست بخەنە بەردەم گفتوگۆکان.

هەروەها ئاماژەشیانکرد بەو راستیەی کە ئەو ئۆتۆمبیلەی فەخریزادەی لەنێودابوو گولەنەبڕ نەبووە، ئەمەش ئەو خاڵە رووندەکاتەوە کە بە ئەمنیەتی لاوازی بەمەست لەقەڵەمیدەدەن.

شکستێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکە

شرۆڤەکارێکی پێشووی دەریایی ئێران بە مەشاریقی وت بەهۆی ئەوەی فەخریزادە کاریدەکرد بۆ پتەوکردنی سیستمی راداری سەربازیی ئێران، کوژرانی زەبرێکی کوشندەیە لە بەرنامەی نەریتیی سەربازیی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەشی.

شرۆڤەکارە، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، وتی بەدەر لەوەی ئایا کوشتنەکەی بۆ ئەوە بووە زانا ئێرانییەکانی دیکە ساردبکاتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەم کاریگەرییەی دەبێت، لەگەڵئەوەشدا ئەمە باجدانی بەشداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی رژێمدا زیاتردەکات.

سەبارەت بە کشانەوە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، وتی تیرۆرکردنەکەی فەخریزادە دەکرێت بە کوشتنەکەی سولەیمانی بەراوردبکرێت.

وتی: "بۆ ماوەیەکی کورت رەنگە لە بەرنامە ئەتۆمییەکە بکشێتەوە، چونکە لەوانەیە کەسێکی دیکەیان بەهەمان توانا و لێزانی نەبێت بۆئەوەی شوێنی فەخریزادە بگرێتەوە. بەڵام لە درێژ مەودادا، جیاوازییەکی کەم دروستدەکات."

وتی: "هەندێک لەدەستدانی یادەوەریی دامەزاراوەیی و تایبەتمەندی دێتە ئاراوە، بەڵام ئێران شارەزای دیکەی هەیە و بڕیاربەدەستەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکە پێدەچێت وەبەرهێنان زیاتر بکەن و شارەزای زیاتری ناوخۆ و بیانیی دیکە دابمەزرێنن، ئەگەر بۆ هیچ هۆکارێکی دیکەش نەبێت جگە لەوەی بیانەوێت ئابڕویان بپارێزن."

شارەزایەکی دانیشتووی ئەمریکا، موحسین حوسەینی بە مەشاریقی وت سێ کوچکەی سیاسەتی رژێمی ئێران نفوزی هەرێمی و موشەکی بالیستی و بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی.

تیرۆرکردنەکەی فەخریزادە زەبرێکی کوشندەیە لە بەرنامە ئەتۆمییەکە -- هەروەک چۆن کوشتنەکەی سولەیمانی زەبرێکی گەورە بوو لە نفوزی هەرێمی. بەهەمانشێوە، کوژرانی ئەفسەری سوپای پاسداران حەسەن تارانی-موقەدەم لە 2011 شکستێکی گەورە بوو بۆ بەرنامە موشەکییەکەی ئەو رژێمە.

فەخریزادە کێ بوو؟

فەخریزادە، کە ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بوو، جێگری وەزیری بەرگری و سەرۆکی رێکخراوی داهێنان و لێکۆڵینەوە لە بەرگری بوو لە وەزارەتەکەدا.

فەخریزادە، کە بە "پیاوی پڕنهێنیی ئەتۆمی" ئاماژەی پێدەکرا، دامەزرێنەری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بوو، کە تا ئێستا نەیتوانیوە چەکێکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت. هەرچەندە، بەگوێرەی راپۆرتەکان ویستی ئەوەی هەبووە ئەمە بهێنێتە دی.

ئەمریکا لە 2008 سزای بەسەر فەخریزادەدا سەپاند بۆ "چالاکی و مامەڵەکانی کە هاوکاربوون لە پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا".

فەخریزادە بایی ئەوەندە بەرپرسێکی باڵا بوو کە لە کانونی دووەمی 2019 چاوی بە خامەنەیی بکەوێت، بەگوێرەی ئەو وێنە فەرمیانەی دوای مردنی بڵاوکرانەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە بۆ ئەوانەی تیرۆرەکەیان ئەنجامداوە، فەخریزادە بایی ئەوەندە گرنگ بوو کە بەبێ سڵکردنەوە لە هێرشێکدا بە رۆژی روناک بکوژرێت لەسەر رێگایەکی گەورە لە دەرەوەی تاران.

کەریم سەجادپور لە دەزگای کارنەگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی وتی "پێدەچێت چەند مانگێک بخایەنێت، ئەگەر چەند ساڵێکیش نەبێت، بۆ پێزانین" بە کاریگەریی تەواوی کوشتنەکەی.

سەجادپور لە تویتێکدا وتی: "ئەوانەی بەتەواوی لە رۆڵی رۆژانەی تێگەیشتبوون لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێراندا هیچ ناڵێن، ئەوانشی قسەدەکەن تێنەگەیشتوون."

'ئامانجی باڵای مۆساد'

فەخریزادە وەک "ئامانجی ژمارە یەک"ی ئاژانسی هەواڵگریی مۆساد و "ئەقڵی پشت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران" ناوی دەرکردبوو.

حاتەمی وتی: "دەمانزانی چەندین جار هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکرابوو، بەدوای کەوتبوون."

فەخریزادە لە بەڵگەنامەیەکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ناوی هاتبوو لە کانونی یەکەمی 2015.

ئاژانسەکە گومانی لێکردبوو لەوەی لە سەرەتاکانی 2000ەکانەوە سەرپەرشتی "ئەو چالاکییانەی کردبێت بۆ پشتیوانیکردنی سەربازییانەی بەرنامە ئەتۆمییەکە (ی ئێران)" کە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند لە کۆتاییەکانی 1980وە دەستیپێکردبوو.

راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کە چالاکیی لەو جۆرە لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا رێکخرانەوە، لە پڕۆژەیەکدا بە ناوی "AMAD"، تا لە کۆتاییەکانی 2003 وازیلێهێنرا.

لە ئازاری 2007، فەخریزادە کرایە ئامانجی چەند سزایەکی ئابوریی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ "چەند کەسێکی دیکە کە بەشداربوون لە چالاکییە ئەتۆمی یان موشەکە بالیستیەکان".

بڕیاری 1747ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک "زانایاکی باڵا" و "سەرۆکی پێشووی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فیزیایی" وەزارەتی بەرگری ناساندوێتی.

بڕیارەکە ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی "داوای چاوپێکەوتنی لێکردووە سەبارەت بە چالاکییەکانی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی فیزیایی لەو کاتەی ئەم سەرۆکی بووە بەڵام ئێران رەتیکردۆتەوە".

'سولەیمانیی زانست'

سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدوای راگەیاندنی رێکەوتننامە ئەتۆمییەکە هەڵگیرا. بەڵام دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتننامەکە لە 2018، جارێکی دیکە سزاکانی بەسەر فەخریزادەدا سەپاندەوە.

بەگوێرەی جێگری سەرۆکی ئێران عەلیئەکبەر ساڵحی، کە سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانیشە، فەخریزادە دکتۆرای لە "فیزیا و ئەندازاریی ئەتۆمی"دا هەبووە و دکتۆرانامەکەی لەگەڵ فەرەیدون عەباسی-دەڤانیدا نوسیوە، کە سەرۆکی پێشووتری رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بووە کە لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە 2010 رزگاریبووە.

عەباسی-دەڤانی زانا کوژراوەکەی وەک "هاوڕێیەکی نزیک" لەقەڵەمدا کە "34 ساڵ پەیوەندییەکی نزیکی پرۆفیشناڵ"یان پێکەوە هەبووە و وتی شانبەشانی یەکتری لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی 1980-88ی ئێران-عێراق جەنگاون.

عەباسی-دەڤانی، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای زمانحاڵی دەوڵەت، وتی فەخریزادە "لە هەموو بوارەکاندا کاریکردووە بۆ پشتیوانیکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە"، دیارترینیشیان پیتاندنی یۆرانیۆمە.

لەقەڵەمیدا بە "زانایەکی پایەدار کە دەکرێت بخرێتە هەمان پێگەی شەهید سولەیمانی، [بەڵام] لە بواری زانست و تەکنەلۆژیادا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500