هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دانیشتوانی موسڵ ناویان تۆماردەکەن بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیراندا

عەلا حسێن لە بەغدا

دەنگدەرێکی عێراقی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی پێیە و پەنجەی نیشانەکراوە لەگەڵ گەیشتنی بە بنکەی دەنگدانی حەمدانیە، نزیکەی 30 کیلۆمەترێک لە موسڵەوە، 12 نیسانی 2018. [زیاد عوبێدی\ئاژانسی فرانس پرێس.]

دەنگدەرێکی عێراقی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی پێیە و پەنجەی نیشانەکراوە لەگەڵ گەیشتنی بە بنکەی دەنگدانی حەمدانیە، نزیکەی 30 کیلۆمەترێک لە موسڵەوە، 12 نیسانی 2018. [زیاد عوبێدی\ئاژانسی فرانس پرێس.]

دانیشتوانی موسڵ پشتیان بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە بەستووە، کە بڕیارە لە 6 حوزەیران 2021 بەڕێوەبچێت، بۆ هێنانەکایەی گۆڕانکاری لە مەیدانی سیاسیدا و یارمەتیدانی شارەکە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەقینە ببوژێتەوە لەو وێرانکارییەی لە سەردەمی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و دوای داعش بەسەریاندا هاتووە.

بەرواری هەڵبژاردنە پێشوەختەکە دوای پەسەندکردنی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دیاریکرا کە لە وەڵامی داواکاریی خۆپێشاندانە بەرفراوانەکەی ئەمدواییەی عێراقدا هاتەئاراوە، کە دژی گەندەڵی و کاریگەریی ئێران و بریکارەکانی بوو.

ئەو دانیشتوانەی بۆ دیارونا دووان وتیان هیوایان بە هەڵبژاردنەکان هەیە کە کاریگەریی لایەنە گەندەڵەکان و ئەوانەش سنوورداردەکات کە لایەنگری ئێرانن، لەکاتێکدا تۆمەتباریانکردن بە بوونی رۆڵێکی وێرانکارانە لە عێراقدا.

دانیشتوویەکی شاری موسڵ کە کارمەندی فرۆشگەیەکی کەلوپەلی ناوماڵە، ئەحمەد عەتوان وتی موسڵ دەیەوێت بەرپرسە دێرینەکان بگۆڕێت بەوانەی خزمەتی شارەکە دەکەن.

بە دیارونای وت شارەکە هێشتا بەدەست ئاکامەکانی داگیرکارییەکەی داعش و شەڕی وەدەرنانی گروپەکەوە لە عێراق دەناڵێنێت.

وتیشی چەندین کێشەی دوای شەڕ هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و چارەسەرنەکراون، لەنێویاندا کێشەی قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی بەهۆی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و کێشەی بونیادنانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان.

عەتوان وتی پارێزگای نەینەوا داوای "ئیدارەیەکی نوێی کاریگەرتر و چالاکتر" دەکات بۆ ئەوەی پێویستییەکانیان پڕبکاتەوە.

وتی پێیوایە یاسای هەڵبژاردن، لە شێوە تازەکەیدا، لایەنی نوێ دەهێنێتە پێشەوە یان تەنانەت ئەو کەسە بەرپرسیارانەی چاویان لە خزمەتکردنی گشتییە.

'پاککردنەوەی نەینەوا لە میلیشیاکان'

دانیشتوویەکی موسڵ، سەعدون شیممەری بە دیارونای وت چەند رۆژێک پێش ئێستا خۆی و خێزانەکەی ناویان لە داتای بایۆمەتریی دەنگداندا تۆمارکردووە وەک خۆئامادەکاری بۆ هەڵبژاردەکانی داهاتوو.

ناوەندەکانی تۆمارکردن کارتی دەنگدان (ی بایۆمەتری)ی ماوە درێژیان لە سەرانسەری عێراق دابەشکردووە و دەستیشیانکردووە بە تۆماری بایۆمەتریی ئاوارەکان و ئەو دەنگدەرە تازانەی یەکەمجارە دەنگدەدەن.

شیممەری وتی ئەو زیانەی داعش هێناویەتە ئاراوە تەنها کاریگەریی لە بینا و ژێرخانی ئابوری نەکردووە، بەڵکو رێی بۆ میلیشیاکانیش خۆشکردووە دزەبکەن و کۆنتڕۆڵی سەرچاوەکانی موسڵ بکەن و تاڵانیان بکەن.

وتی: "پاککردنەوەی نەینەوا لەو میلیشیانە و کاریگەرییە خراپەکەیان تەنیا دەتوانرێت لەڕێی هەڵبژاردنی نوێنەری راستەقینەی پارێزگاکەوە لە پەرلەمانی عێراقدا بەدەستبێت."

نوێنەرە راستەقینەکانی دەتوانن لە ئازارەکانی خەڵک تێبگەن هەوڵبدەن بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری گشتی لەکاتێکدا ئەوانەش دەربکرێن کە دەیانەوێت ئازاری شارەکەیان بدەن.

ژمارەیەکی زۆر خۆتۆمارکردن بۆ دەنگدان

بەڕێوبەری نوسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی نەینەوا، قاسم محەمەد وتی ئەو داوایە لە ناوەندە ناوخۆییەکان تا داتای تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان نوێبکەنەوە، وەڵامێکی ئەرێنی بەدەستهێنا.

بە دیارونای وت کۆمسیۆنەکە پرۆسەی رێوشوێنەکانی تازەکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دەرکردنی کارتی دەنگدانی دەستەبەرکردووە.

وتی کۆمسیۆنەکە لە 140 ناوەندی دەنگداندا لە سەرانسەری پارێزگاکە پێشوازی لە دەنگدەران دەکات، لەوانە 57 ناوەند لە هەردوو خۆرهەڵات و خۆرئاوای موسڵ و 83 ناوەند لە قەزا و ناحیەکانی پارێزگاکە.

وتیشی تەواوی ئەو ناوەندانە لە کاتی دەوامی ئاساییدا کراوەن و هەموویان پێکەوە رێژەیەکی بەرزی دەنگدەرانیان تۆمارکردووە، بە بەراورد بە چەند مانگێک پێش ئێستا، ئەمەش مژەیەکی خۆشە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500