هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

چاوەڕواندەکرێت کردنەوەی دەروازەی عەرعەر برەوبدات بە ئابوری عێراق

فارس عومران

بەرپرسانی عێراق و سعودیە بەشداریدەکەن لە کردنەوەی فەرمیی دەروازەی سنووریی عەرعەر لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە 18 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

بەرپرسانی عێراق و سعودیە بەشداریدەکەن لە کردنەوەی فەرمیی دەروازەی سنووریی عەرعەر لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە 18 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

کردنەوەی دەروازەی سنووریی عەرعەر لەنێوان عێراق و سعودیەدا ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ پەیوەندیە بەگوڕەکانی نێوان ئەو دوو دراوسێیە و سوودی بەرجەستەی دەبێت بۆ خەڵکی عێراق، بەرپرسانی عێراق و چاودێرانی ناوچەکە وتیان.

دەروازەکە، کە پاریزگای ئەنبار لە خۆرئاوا دەبەستێتەوە بەو شانشینەوە، بەشێوەیەکی فەرمی لە 18 تشرینی دووەم کرایەوە، دوای 30 ساڵ لە داخران. پێشتر بڕیاربوو لە تشرینی یەکەمی 2019 بکرێتەوە، بەڵام چەندین جار دواخرا.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند ئەو دوو وڵاتە کردنەوەی دەروازەی دووەم لە خاڵی جومەیمە تاووتوێ دەکەن، لەسەر سنووری باشوری عێراق بەو شانشینەوە.

بەغداد عەرعەر بە جێگرەوەیەك دەبینێت بۆ دەروازەکانی لەگەڵ ئێران، کە لەڕێیانەوە عێراق پشکێکی زۆری هاوردەکانی دێنێتە ناوەوە.

یاسادانەرانی عێراق و سعودیە لە 8 تشرینی دووەم لە بەغدا یەکتردەبینن بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان بۆ بەگەڕخستنی وەبەرهێنانی بەرفراوانی سعودیە لە عێراق.

یاسادانەرانی عێراق و سعودیە لە 8 تشرینی دووەم لە بەغدا یەکتردەبینن بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان بۆ بەگەڕخستنی وەبەرهێنانی بەرفراوانی سعودیە لە عێراق.

هاوکات، حکومەتەکەی سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی هەوڵیداوە وەبەرهێنانی بیانی برەوپێبدات، لەنێویاندا پشتیوانیی سعودیە بۆ کەرتی وزە و کشتوکاڵ.

حکومەتی عێراق چاوەڕێدەکات ئەم هەوڵە پشتیوانییەک بێت بۆ وەبەرهێنان و گەشەسەندن، لەکاتێکدا ئەو چاودێرانەی عێراق کە قسەیان لەگەڵ دیارونا کرد پشتیوانیی خۆیان دەربڕی بۆ نزیککردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و سعودیە و وتیان ئاماژەیەکە بە دوورکەوتنەوە لە ئێران.

جێگری پارێزگاری ئەنبار مەستەفا عەرسان وتی کردنەوەی دەروازەکە "بەلوتکە گەیشتنی کۆبوونەوە هاوبەشەکان بوو لەنێوان عێراق و سعودیەدا کە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامن".

بە دیارونای وت دەروازەکە بە 75 ملیۆن دۆلار بە پشتیوانی دارایی سعودیە بنیاتنرا.

چەندین باڵەخانەی جیاواز لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دەستگای خزمەتگوزاری، رووبەرێکی فراوان لە شوێنی هاتوچۆی بازرگانی و پیادە، سیستمی پشکنینی ئێکس رەی، سیستمی کێشانی لۆری و دوو وێستگەی کارەبا و پاڵاوتنی ئاو.

وتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، دەروازەی ئەنبار بەشێوەیەکی سنووردار کرایەوە تا رێگە بە هاتوچۆی حەج و عەمرەی حاجییان بدات و وتیشی بە کردنەوەی فەرمیی دەروازەکە جارێکی دیکە بۆ مامەڵە و بازرگانی بەکاردەهێنرێت.

وتی دەروازەکە "دەرچەیەك و دەمارێکی ئابوریی گرنگ دەبێت بۆ عێراق" و ئاماژەیکرد بەوەی "دەستپێکردنەوەی گەشت و بازرگانیی دوولایەنەی نێوان پیشەسازییەکان لەگەڵ سعودیە داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت بەرهەمدەهێنێت و هەلی کار دێنێتە کایەوە و ئابوریی ناوخۆ دەبوژێنێتەوە.

پتەوکردنی پەیوەندیەکانی عێراق و سعودیە

ئەنجومەنی هەماهەنگیی سعودیە-عێراق، کە لە 2017 دامەزرا بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئاسانکاریی کرد بۆ کردنەوەکە بە چەندین جار کۆبوونەوە پێش بۆنە فەرمییەکە.

شاندێکی فراوانی سعودیە لە 8 تشرینی دووەم سەردانی بەغدایان کرد بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێکەوتنەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا کە دەکرێت بایی ملیاران دۆلار بن.

لوتکەی نێوان عێراق و سعودیە لە 10 تشرینی دووەم لە پەخشێکی داخراوی تەلەفزیۆنیدا ئەنجامدرا، کە تیایدا کازمی و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان بەشدارییان تێداکرد.

ئەمە بەردی بناغەی هاریکاریی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی دانا و دەروازەی کردەوە بۆ کۆمپانیا سعودیەکان تا وەبەرهێنان لە عێراق بکەن.

وەك هەنگاوی دوای کردنەوەی دەروازەی عەرعەر، نێردەیەکی بازرگانیی سعودیە لە بەغدا دەستبەکاردەبێت.

عەرسان وتی سعودیە ئەزمونێکی زۆری لە چەندین کەرتدا هەیە، لەنێویاندا کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و دەتوانێت یارمەتی عێراق بدات سەرچاوەکانی لەڕێی چەندین پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنانەوە گەشە پێبدات.

وتی ئەم جۆرە لە هاریکاری گەشەپێدان پشتیوانی لە عێراقیەکان دەکات لە ئاستەکانی ئابوری و خزمەتگوزاری و گەشەپێداندا.

پەرلەمانتارێکی عێراق، یەحیا محەمەد جەختیکردەوە لە گرنگیی برەودان و بەهێزکردنی هاوبەشی عێراق لەگەڵ سعودیە.

بە دیارونای وت ئەمە بەشداریدەکات لە گەشەپێدانی ئابوری عێراق و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز کە سوودی بۆ هەردوو وڵات دەبێت.

وتی: "بەهیواین کردنەوەی دەروازەی عەرعەر دەستپێکی چالاکی بنکەفراوان بێت لەنێوان عێراق و سعودیە و ناساندنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و کراوەیی بەرفراوانی سعودیە کە سوودی دەبێت بۆ هەوڵەکانی بنیاتنان و گەشەپێدان و راکێشانی وەبەرهێنان."

محەمەد وتی: "لەئێستادا عێراق ژینگەیەکی بەپیتی وەبەرهێنانی دابینکردووە."

ئاماژەیکرد بەوەی پێویستە عێراق بکرێتەوە و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی بکات لەگەڵ دەستەبەرکردنی هاوبەشیی هاوسەنگ و پەیوەندی لەگەڵ ژینگە هەرێمیەکەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.

دژایەتی لایەنەکانی سەر بە ئێران

چاودێرانی عێراقی وتیان کردنەوەی دەروازەکە و نزیکبوونەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و سعودیە لایەنەکانی سەر بە ئێرانی تووڕەکردووە، کە هەڕەشەیان کردووە دژی ئەم هەنگاوە بوەستنەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە پێش کردنەوەی دروازەی عەرعەر، گروپێك کە خۆی بە ئەسحاب کەهف ناساندووە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و "رەتکردنەوەی خۆی بۆ پرۆژەی سعودیە لە عێراق" راگەیاند.

کازمی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە 17 تشرینی دووەم سەرکۆنەی ئەم هەڕەشانەی کرد و جەختیکردەوە لەوەی حکومەت بەرەو پەیوەندیی نزیکتر دەچێت لەگەڵ سعودیە و دەرگاکانی بەڕووی وەبەرهێنانەکانی سعودیەدا دەکاتەوە.

چاودێران وتیان نزیکبوونەوەی پەیوەندی لەنێوان عێراق و سعودیەدا گۆشەگیریی نێودەوڵەتی ئێران زیاد دەکات و ئەو قازانجە ئابورییەی ناهێڵێت کە لە هەناردەکردنەوە بۆ بازاڕی عێراقی دەستیدەکەوت.

پەیوەندی نزیکی نێوان عێراق و سعودیە کاریگەریی دەبێت بۆسەر نفوزی ئێران و هەوڵەکانی بۆ جڵەوکردنی عێراق لەڕێی ئەو رێکەوتنە ئەمنی و ئابورییانەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ناکەن.

بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکان، غازی فەیسەڵ حسێن بە دیارونای وت عێراقیەکان چەندین جار داوایان لە ئێران کردووە کۆتایی بە سیاسەتە دوژمنکارانەکانی بهێنێت و چیتر لەڕێی بریکارەکانیەوە هەڕەشە نەکات.

وتی بەڵام ئێران بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی دارایی بریکارەکانی و چەك و موشەکیان بۆ دابیندەکات تا سەقامگیریی عێراق نەهێڵێت و سەرچاوەکانی قۆرخبکات.

وتیشی عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و مافی دامەزراندنی پەیوەندیی هەیە لەگەڵ هەمووان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی لەگەڵ سیاسەتێکی هاوسەنگ.

وتی: "هەرچی سعودیەشە، وڵاتێکی دەوڵەمەند و گەشەکردووە لە چەندین بواردا و بە پێنجەم بەهێزترین وڵات دادەنرێت لە جیهاندا."

هەروەها وتی ئەو دوو وڵاتە پەیوەندیی خێزانی و خێڵەکیشیان لەنێواندایە، لەگەڵ پەیوەندی مێژوویی و چەندین هاوبەشی دیکە و ئاماژەی کرد بەوەی "سعودیە رۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەری بینیوە" لە عێراق.

وتی: "بۆ عێراق گرنگە سوود لە توانای بەردەستی سعودیە ببینێت، بەتایبەتی لەڕووی وەبەرهێنانەوە."

وتیشی وەبەرهێنانی کشتوکاڵیی سعودیە لە عێراق -- کە بەدەستهێنانەوەی هەزاران هێکتار لە خاکی کشتوکاڵی و دامەزراندنی کەرتی بەرفراوانی پیشەسازی خۆراك و بەرهەمهێنان لەخۆدەگرێت -- گرنگییەکی زۆری هەیە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500