هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

چالاکوانانی دێرە زوور سەرکۆنەی رژێمی سوریا و سوپای پاسداران دەکەن بۆ خراپیی دۆخی تەندروستی

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

نەخۆشخانەی حەنا لە ئەلبو کەمال لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا و ناوەکەی گۆڕدرا بە نەخۆشخانەی شیفا. [خاوەنی وێنە: چاوی فوڕات]

نەخۆشخانەی حەنا لە ئەلبو کەمال لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا و ناوەکەی گۆڕدرا بە نەخۆشخانەی شیفا. [خاوەنی وێنە: چاوی فوڕات]

چالاکوانان بە دیارونایان وت لەکاتێکدا دانیشتوانی دێرە زوور لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم دووچاری قەیرانێکی سەخت بوونەتەوە لە ناوەندە پزیشکییەکان، میلیشیاکانی سەر بە ئێران ژماریەک نەخۆشخانە و ناوەندی پزیشکییان قۆرخکردووە بۆ بەکارهێنانەکانی خۆیان سوودی لێوەردەگرن.

چالاکوانێکی بواری راگەیاندن لە ئەلبو کەمال، ئەیهام عەلی بە دیارونای وت دەزگاکانی رژێمی سوریا پێویستییە تەندروستی و پزیشکییەکانی دانیشتوانیان پشتگوێ خستووە لە هەندێک ناوچەی دێرە زوور، بەتایبەتی لە شارۆچکەی سنووریی ئەلبو کەمال.

وتی ئەوە روودەدات سەرباری بەڵێنەکانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بە مەدەنییەکان کاتێک هێزەکانی کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کرد.

وتی رژێم شکستی هێناوە لە چاککردنەوەی ئەو نەخۆشخانانەی زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانکراون لەمیانەی شەڕەکانی وەدەرنانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.

وێنەیەکی بێ بەرواری نەخۆشخانەی مەیدانیی فوڕات لە دێرە زوور. [خاوەنی وێنە: چاوی فوڕات]

وێنەیەکی بێ بەرواری نەخۆشخانەی مەیدانیی فوڕات لە دێرە زوور. [خاوەنی وێنە: چاوی فوڕات]

قەیرانی نەبوونی ستاف و کەرەستە

عەلی وتی تەنها یەک نەخۆشخانەی حکومی لە شاری دێرە زوور لەئێستادا چالاکە، لەگەڵ ژمارەیەک کلینیک لە مەیادین و ئەلبو کەمال، بەڵام ئەو دەزگایانە کەلوپەلی پزیشکی و دەرمانی پێویستیان کەمە.

وتی نەخۆشخانەی ئەسعەد لە شاری دێرە زوور قەیرانی کەمیی ستافی هەیە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە نەخۆشەکان، لەنێویاندا ئەوانەی لە یەکەی منداڵبوونیشدان، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر و هەندێجار چەند رۆژێک چاوەڕێدەکەن تا دکتۆرێک بیانبینێت.

وتی هەروەها هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکان "دەستوەردان لە کاری ستافی نەخۆشخانەکەدا دەکەن و هەندێکجار ناهێڵێن هەندێک نەخۆشی دیاریکراو چارەسەر وەربگرن".

وتی لە هەندێک حاڵەتدا ستافی مەدەنی، لەنێویاندا دکتۆر و پەرستیارەکان، "لێیاندراوە، سوکایەتییان پێکراوە و هەڕەشەیان لێکراوە کە دەستگیردەکرێن" ئەگەر پەیڕەوی ئەو فەرمانی چارەسەرانە نەکەن کە بۆیان دانراوە.

عەلی بە دیارونای وت تاکە ناوەندێکی پزیشکی کە لە شاری ئەلبو کەمال و ناوچەکانی دەوروبەر چالاکە و تەنیا لە کاتژمێرەکانی کارکردندا (8ی بەیانی بۆ 4ی ئێوارە) چالاکە و کەمیی کارمەندی پزیشکی و کەرەستە و پێداویستییە پزیشکییەکانی هەیە.

وتی قەیرانەکانی کورتهێنانی ستافی پزیشکی و دەزگا و پێداویستییەکان خراپتربووە لە ناوەڕاستی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا (کۆڤید-19) و ئاماژەشی کرد بۆ ئەوەی کورتهێنانێکی سەختی ئامێری هەناسەدان هەیە.

هاوکات، لە چەند بەشێکی پارێزگاکە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراوە، کە ئەمریکا سەرپەرشتییان دەکات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانیی زۆر پێویستی بۆ ئەو سێکتەرە دابینکردووە، لەنێویاندا دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی حاجین لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمدا.

'رژێم و میلیشیاکان لۆمە دەکرێن'

چالاکوانی دێرە زوور عەمار ساڵح بە دیارونای وت رژێمی سوریا و ئەو میلیشیانەی سەر بە سوپای پاسدارانن لۆمەدەکرێن بۆ خراپیی دۆخی تەندروستی لە پارێزگاکەی خۆرهەڵاتی سوریا.

وتی دەستیانگرتووە بەسەر نەخۆشخانەی مەیدانیی فوراتدا لە شاری دێرە زوور، لەگەڵ نەخۆشخانەکانی قودس و حەنا لە ئەلبو کەمال.

وتی ناوی نەخۆشخانەی حەنا گۆڕا بە شیفا. نەخۆشخانەی عایشە، کە ئێستا بە نەخۆشخانەی ئیمام باقر ناسراوە، لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە کۆنتڕۆڵکراوە و بەتووندی پاسەوانیدەکرێت.

ساڵح وتی نەخۆشخانە مەیدانییەکان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە روسیاوە بونیادنراون.

وتی یەکێکیان لە دوو خانوو پێکهێنراوە کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراون لە شارۆچکەی مەدان، لە قەراغی دەرەوەی پارێزگای رەقەی دراوسێی، لەکاتێکدا نەخۆشخانەکەی تر لە قەزای فیلانی شاری دێرە زوورە.

دانیشتوویەکی ئەلبو کەمال، لوئەی سوفی، کە لە سێکتەری خواردەمەنیدا کاردەکات، بە دیارونای وت شارەکەی و ناوچەکانی دەوروبەری بەدەست قەیرانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە دەناڵێنن.

وتی تەنها ژمارەیەکی کەم نەخۆشخانە هەن کە حاڵەتی فریاگوزاری وەردەگرن، ئەمەش مەدەنییەکان ناچاردەکات گەشتبکەن بۆ دێرە زوور یان دیمەشق بۆ چارەسەر یان وەرگرتنی دەرمان، کە ئەمەش خەرجیی زیاتریان دەخاتە سەرشان کە بەزحمەت دەتوانن دەستیبخەن.

سوفی وتیشی گەشتکردن دۆخی نەخۆش خراپتردەکات، هەروەها دووچاری مەترسیی دیکەیان دەکات، وەک بەزۆر پارە لێسەندنیان لە رێگا یان ناچاربوون بەوەی بەرتیل بدەن بە میلیشیاکان و تەنانەت رووتیش بکرێنەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500