هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق ئەمنیەتی سنوورەکانی لەگەڵ سوریا پتەوتردەکات

فارس عومران

سەربازێکی عێراق لە فیرقەی 20ی سوپا لە 23 کانونی دووەم پاسەوانیی بنکەیەکی سەربازی دەکات لەسەر سنووری عێراق-سوریا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازێکی عێراق لە فیرقەی 20ی سوپا لە 23 کانونی دووەم پاسەوانیی بنکەیەکی سەربازی دەکات لەسەر سنووری عێراق-سوریا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

عێراق ئامادەییە ئەمنییەکەی لە سەر سنووری سوریا پتەوترکردووە بۆ رێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی لەلایەن پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کە بۆ مانەوەیان پشتی پێدەبەستن، بەرپرسانی حکومی و سەربازی وتیان.

وتیان سەرباری قاچاخچێتیی کەلوپەل لە سەر سنوور، لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکاندا کە لەڕووی داراییەوە یارمەتیی گروپەکە دەدەن، داعش هەوڵدەدات سوود لەو کەلێن و درزانە وەربگرێت کە لە ئەمنییەتی سنووردا هەن بۆ هاتوچۆکردنی چەکداران لەنێوان دوو وڵاتەکەدا.

بەرپرسیارێتی ئەمنیەتی ناوچە 600 کیلۆمەترییەکە دابەشکراوە لەنێوان فەرماندەیی پاسەوانانی سنووری وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و جەزیرە و خۆرئاوای نەینەوای وەزارەتی بەرگری.

ئەو هێزانە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین ئەنجامدەدەن لە ناوچە بیابانییەکانی نزیک سنوور و ئەو رێگایانە دەگرن کە لەنێوان قاچاخچییەکان و چەکداراندا لەنێوان عێراق و سوریادا بەکاردەهێنرێن.

چەند سەرکردەیەکی عێراق سەردانی بنکەیەکی ئەمنی دەکەن کە چاودێریی ناوچەی سەر سنووری سوریا دەکات، 1 تەمموز. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پاسەوانانی سنوور]

چەند سەرکردەیەکی عێراق سەردانی بنکەیەکی ئەمنی دەکەن کە چاودێریی ناوچەی سەر سنووری سوریا دەکات، 1 تەمموز. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پاسەوانانی سنوور]

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی وتی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی ئەمنی لەسەر سنوور لە 10 تشرینی دووەم دەستیپێکرد.

وتی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەشێک بوو لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن کە لەلایەن فەرماندەییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە سەرپەرشتیکران بۆ پاککردنەوەی ناوچە سنوورییەکە لە شانەکانی داعش و بڕینی سەرچاوەکانی داهاتیان.

بە دیارونای وت: "هەوڵەکان تەکیز دەکەنە سەر بنبڕکردنی تیرۆریستان لە بیابانەکە و رووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانیان، لەگەڵ بەدووکەوتنی باندەکانی تاوانی رێکخراو، قاچاخچییەکان، بازرگانانی مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها دەسەڵاتێکی تووند بەسەر سنوورەکاندا."

وتی زۆربەی حەشارگەکانی داعش و چەکەکانیان ئاشکرادەکرێن و لەناودەبرێن لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە بۆ باکور و باشوری رووباری فوڕات درێژدەبنەوە.

هێزە ئەمنییەکان گەڕان و پشکنینیان کرد بۆ ناوچەکانی جەزیرە و قائیم، لەگەڵ ناوچەکانی باشوری شاڕێگە نێودەوڵەتییەکە بە ئاڕاستەی سوریا و ئەردەن.

ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەگەڵ هەوڵەکانی پتەوکردنی ئەمنیەتی سنوور لە فوڕاتی سەروو ئەنجامدەدرێن، کە بەردەوام راپۆرت دەربارەی دزەکردنی داعش لە دیوی سوریا و چالاکیی قاچاخچێتی هەبووە.

هەوڵەکانی پتەوکردنی ئەمنیەتی سنوور

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، عەبدولخالق عەزاوی بە دیارونای وت دۆخی ئەمنی لەسەر سنوور "بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچووە، سوپاس بۆ جێگیرکردنی سوپا و یەکەکانی پۆلیسی سەر سنوور، کە بە هەستی بەرپرسیارەتی و پڕۆفیشاناڵییەوە کاردەکەن".

وتی ئەو هەوڵانەی پۆلیس پشتگیری دەکرێن بە کارەکانی پتەوکردنی ئەمنیەتی سنوور، لەنێویاندا چالاککردنەوەی بنکەکانی سەر سنوور کە لەلایەن داعشەوە وێرانکراون.

سیستمێکی تەواوەتی بەربەستیش دانراوە: به‌ربه‌ستێكی خۆڵ، خەندەقێکی سێ مەتر پان، هێڵێک لە تەل، پەرژینێک بە کەرەستەی هەستیار و چاودێرییەوە، لەگەڵ تاوەری کۆنکرێتی کە کامێرای گەرمیبینیان لێبەستراوە.

عەزاوی وتی 18 ملیار دینار (15 ملیۆن دۆلار) کۆکراوەتەوە بۆ پێشخستنی سیستمی ئەمنی، کە یارمەتیدەر دەبێت لە سووککردنی ئەرکی سەرشانی هێزە ئەمنییەکان و بەرەوپێشبردنی ئەمنیەتی سنوور.

وتی داعش سامانێکی گەورەی تاڵانکرد لەنێوان ساڵانی 2014 و 2017، بەڵام دوای لەدەستدانی ناوەندە شارنشینەکانی، پاشماوەکانی چاویان لەوەیە پێیان لە بیابانی نێوان عێراق و سوریا پتەوبکەن.

وتیشی ئەو ناوچە بیابانیانە وەک پەناگەیەک بۆ تۆڕەکانی داعش خزمەتیانکردووە کە چەک و چاکداران دەگوێزنەوە و بەشداردەبن لە چەندین جۆری چالاکیی قاچاخچێتیدا.

وتی بەڵام ئەمنییەتێکی بەهێزی سنوور هەوڵەکانی گروپەکە سنوورداردەکات کە دەیانەوێت سوود لەو دەروازە سنورییانە ببینن، هەربۆیە روویانکردۆتە رفاندن بۆ پارە و بەزۆر پارە لێسەندن لەپێناوی داهاتدا.

لایەنە نادەوڵەتییەکان بەربەستن لەبەردەم ئەمنییەتدا

شارەزایەکی بواری سەربازی، جەلیل خەلەف شووەیل بە دیارونای وت سەرباری هەوڵەکان بۆ ئەمینکردنی سنووری وڵاتەکە لەگەڵ سوریا، هێشتا وەک خاڵێکی گرنگ بۆ پاشماوەکانی داعش ماوەتەوە.

بە دیارونای وت ئەو جێگیربوونە سەربازی و سیستمی چاودێریانە بەشێوەیەکی بەرچاو چالاکییەکانی پاشماوەکانی داعشیان سنووردارکردووە، بەڵام بەتەواوی بنبڕیان نەکردوون، لەکاتێکدا گروپەکە بەردەوامە لە قاچاخچێتیی چەکداران و چەک و پێداویستیی لۆجستی.

ئاماژەیکرد بە گرنگی "لابردنی هەر هێزێکی نائاسایی چەکدار لە ناوچە سنوورییەکە و سنووردارکردنی جێگیرکردنی سەربازی بۆ رەواییدان بە هێزە ئەمنییەکان".

شووەیل وتی پێویستە هێزەکانی عێراق "بەتەنیا بەرپرسیاربن بەرامبەر پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ناوچەیە و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان".

وتی لە شکستهێنانی داعشەوە لە کۆتایی 2017، میلیشیاکانی سەر بە ئێران چاویان لە فراوانکردنی ئامادەییانە لە ناوچە سنوورییەکە لەڕێی دامەزراندنی چەندین بنکە و بازگە لە شارۆچکەی قائیم و لەسەر سنوور لە دیوی سوریا.

شووەیل جەختیکردەوە لەوەی ئامادەیی هەر گروپێک کە ملکەچی دەسەڵاتی دەوڵەت نەبێت و کار بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجەندای بیانی بکات "هەڕەشەیەکی گەورەیە کە هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردن و ئەمینکردنی سنوورەکان دوادەخات".

ئاماژەشیکرد بە پێویستیی بەهێزکردنی متمانەی نێوان دانیشتوانی ناوخۆ و هێزەکانی عێراق بۆ بنبڕکردنی شانەکانی داعش و بڕینی سەرچاوەکانی داهاتیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500