هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

هێرشەکانی میلیشیاکان خەڵکی عێراق تووڕەتر دەکەن

حەسەن عوبەیدی لە بەغدا

پۆلیسی دژە ئاژاوەی عێراق پاسەوانی دەکەن لەکاتی خۆپیشاندانێكی پشتیوانانی هێزەکانی حەشدی شەعبیی سەربە ئێراندا لەبەردەم دەروازەی ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەختی عێراق لە 7 تشرینی دووەم، کە داوای جێهێشتنی پاشماوەکانی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراق. تەنیا چەند سەد خۆپیشاندەرێك بەشدارییان کرد لەم خۆپیشاندانەدا. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیسی دژە ئاژاوەی عێراق پاسەوانی دەکەن لەکاتی خۆپیشاندانێكی پشتیوانانی هێزەکانی حەشدی شەعبیی سەربە ئێراندا لەبەردەم دەروازەی ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەختی عێراق لە 7 تشرینی دووەم، کە داوای جێهێشتنی پاشماوەکانی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراق. تەنیا چەند سەد خۆپیشاندەرێك بەشدارییان کرد لەم خۆپیشاندانەدا. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

چاودێرانی عێراق کە قسەیان بۆ دیارونا کرد وتیان هێرشەکان بۆسەر ناوچەی سەوزی بەغدا و بە ئامانجکردنی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ناڕەزایی خەڵکی عێراقیان دژی ئێران زیاترکردووە.

هەرچەندە میلیشیاکان بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ زۆربەی هێرشەکان رانەگەیاندووە، زۆرێك چاودێری عێراقی گروپەکانی هاوسۆزی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران تۆمەتباردەکەن بە ئەنجامدانی هێرشەکان.

سێشەممە (17تشرینی دووەم)، زنجیرەیەك موشەك لە بەغدای پایتەختیان دا، کچێکیان کوشت و ئاگربەستێکی یەك مانگەیان بۆ هێرشەکانی دژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا شکاند.

هێرشە موشەکیەکان لە عێراق لەلایەن ئەو گروپانەوە لەئەستۆگیراون کە لەلایەن هەریەکە لە ئەمریکا و بەرپرسانی عێراقەوە بە "رووکار"ێك دادەنرێن بۆ لایەنە تووندڕەوەکانی سەربە ئێران لە عێراق.

ئەمریکا بەئاشکرا ناوی کەتائیب حیزبوڵڵای بردووە وەك لایەنی پشت تووندوتیژییەکان و دووجار بۆمبارانی گروپەکەی کردووە.

پسپۆڕان وتیان گروپەکە بە "بریکاری خوازراو"ی ئێران دادەنرێت و یاخیتریینە دژی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق.

میلیشیاکانی سەربە ئێران تەنانەت تۆمەتبارکراون بە ئەنجامدانی تیرۆرکردن بۆ بێدەنگکردن و تۆقاندنی ئەو عێراقیانەی دژی کارنامەکانیانن، لەنێویاندا چالاکوانان، رۆژنامەوانان و سەرکردە خێڵەکیە بەناوبانگەکان.

ئەندامەکی بزوتنەوەی مەدەنی عێراقی، عەلی دەڕاج بە دیارونای وت هێرشەکان کە لەلایەن کەتائیب حیزبوڵڵاوە ئەنجامدراون بوونەتە هۆی ناڕەزایی بەرفراوان دژی ئێران، کە تاران چاوەڕێی نەکردووە.

وتی ئەم هێرشانە لەلایەن "بریکارانی ئێران"ەوە ئەنجامدراون، بۆ کەمبایەخکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.

خەڵك خۆیان بەدووردەگرن لە گردبوونەوەی میلیشیاکان

دەڕاج وتی خاڵی جێی ئاماژە ئەوەیە کە خۆپیشاندانێك کە بۆ 7 تشرینی دووەم دانرابوو لە بەغدا تا داوا لە ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بکرێت عێراق جێبهێڵن، شکستی هێنا لەوەی ببێتە جێی سەرنجی پێویست لەنێو خەڵكدا و دەریخست میلیشیاکان چەندە پەراوێزخراون.

بە دیارونای وت: "نزیکەی 300 ئەندامی میلیشیاکان بەشدارییانکرد لە خۆپیشاندانەکەیاندا، بەڵام هیچ کەسێکی ئاسایی تێدا نەبوو."

خۆپیشاندانەکە کۆتایی هات و ئەو پیکابانەی شمەکی وەك ئاو و شەربەت و لافیتەیان هەڵگرتبوو بە وەستێنراوی مانەوە لەلای جادەکە و شمەکەکانیان بەکارنەهێنرا.

بەگوێرەی دەڕاج، کونسوڵخانەکانی ئێران لە نەجەف و کەربەلا بۆنەیەکیان سازکرد بۆ ئاهەنگگێران بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبونی پەیامبەر محەمەدەوە لە کۆتایی تشرینی یەکەم، کە تەنانەت چواریەکی بانگهێشتکراوانیش ئامادە نەبوون.

وتی: "راستیەکەی، دوکانێکی بەناوبانگی ترشیات [لە نەجەف] بەشداربووی زیاتری لێبوو بۆ ئاهەنگەکەی لە کونسوڵخانەی ئێرانی."

عێراقیەکان نیگەرانن لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان

توێژەر لە ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ، ئەحمەد حەمدانی بە دیارونای وت خەڵکی عێراق چیتر حەز بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ناکەن لەبەرئەوەی "نیگەرانن لەوەی پاسداران و بریکارەکانی دەست بەسەر وڵاتەکەدا دەگرن".

وتی هێرشەکانی ئەمدواییە دەریدەخەن کە پاسداران و میلیشیاکانی هاوسۆزی هەڕەشەیەکی گەورەن بۆسەر داهاتووی عێراق و لەئێستادا هەڕەشەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کەمبۆتەوە.

راپرسییەکی ئەمدواییە لە بەغدا، کە لەلایەن توێژەرانی هاوڕێی حەمدانییەوە ئەنجامدرا، دەریدەخات کە زۆربەی عێراقیەکان پێیانوایە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کاریگەری دەخاتە سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.

وتیشی: "ئەمە بۆیە زۆربەی عێراقیەکان بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بە پێویست دەبینن."

ئەندامی ئەنجومەنی خێلەکیی باشوری عێراق، عەلی عەزیز بە دیارونای وت هێرشە ئەنجامدراوەکان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ژینگەیەکی دوژمنکارانەیان دروستکردووە کە وەبەرهێنەران پەشیماندەکاتەوە و بەربەست دەخاتە بەردەم دەرفەتەکان بۆ بوژانەوەی ئابوری.

وتی: "مەدەنیەکانی عێراق، بەتایبەتی خەڵکی کەم داهات، قوربانیانی سەرەکیی ئەم بەربەستانەن و ئەوە پەسەندناکەن وڵاتەکەیان جێی هەڕەشە بێت بەهۆی رژێمی ئێرانەوە."

وتی هەربۆیە بیرکارەکانی پاسداران زیاتر گۆشەگیرکراون لەلایەن خەڵکی عێراقەوە.

هاوکات، پێداچونەوەیەکی خێرای چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە عێراق دەریدەخات کە جەماوەر زیاتر و زیاتر دژی کردەکانی میلیشیاکانن.

عەزیز وتی تەنانەت "سوپا ئەلەکترۆنیەکان"ی تاران لە عێراق شکستیانهێناوە لەوەی خەڵکی عێراق قایلبکەن بە پشتیوانیکردنی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500