دوو مەدەنیی ئێزیدی پێنجشەممە (12 تشرینی دووەم) کوژران کاتێك چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تەقەیانلێکردن لە شارۆچکەی قەحتانیە لە قەزای شەنگال.
هەمان رۆژ، سێ گولەی هاوەن شارۆچکەی وانەیان لە قەزای تەل کهیف (خۆرهەڵاتی موسڵ) کردە ئامانج، بەڵام زیانی نەبوو.
لە سەرەتای تشرینی دوومەوە، ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیەکان چڕتربوونهتهوه لە هەندێك ناوچەی عێراق، بەجۆرێك تووندوترین هێرش یەکشەممەی رابردوو بوو بۆسەر بازگەیەکی خۆرئاوای بەغدا کە لەلایەن هێزە خێڵەکیەکانی سەربە دەوڵەتەوە بهڕێوهدهبرا.
چەکدارانی داعش نارنجۆکیان هەڵدا و تەقەیان لە هێزە خێڵەکیەکان کرد کە لەژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کاریاندەکرد و لە رەزوانیە جێگیربوون، پێنج ئەندامی حەشدی شەعبییان کوشت لەگەڵ شەش کەسی ناوچەکە کە بۆ یارمەتی بەرپەچدانەوەی هێرشەکە هاتبوون.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، تەحسین خەفاجی وتی لێکۆڵینەوەیەك بەردەوامە لە کەسێکی گومانلێکراو بەوەی پەیوەندیی هەیە بە هێرشبەرەکانی رەزوانیەوە.
پێنجشەممە بە دیارونای وت زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنجامدەران پێش هێرشەکە لەگەڵ ئەم کەسە لە ماڵەوە کۆبوونەتەوە.
ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، سەعد مەتلەبی بە دیارونای وت: "هێرشەکە زەنگی هۆشدارییە بەوەی پاشماوەکانی داعش هەوڵدەدەن شانە نوستووەکانیان ببوژێننەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی خێرا لە وەڵامی ئەو زەبرانەی بەریانکەوتووە."
وتی ئەمانە هێرشی هەڕەمەکین بەمەبەستی تێکدانی هەوڵە ئەمنیەکان. مانای ئەوە نین كه توانای تووندڕەوەکان زیادیکردووە یان تاکتیکەکانیان گۆڕاوە.
وریایی زیاتر
وەك وەڵامێك، سوپای عێراق و یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی ئەم هەفتەیە دوو هەڵمەتی سەربازییان دژی پاشماوەکانی داعش ئەنجامدا، یەکەمیان لە چیاکانی پارێزگای سەلاحەدین و دووەمیان لە دوورگەی نەینەوا و بیابانی خۆرئاوای ئەنبار.
هەروەها جێگیرکردنی هێزیان لە کەنارەکانی باکور و خۆرئاوای پایتەخت زیادکردووە و گەڕانیان لە گوندە کشتوکاڵیەکان چڕترکردۆتەوە.
بەگوێرەی مەتلەبی، هێشتا خەڵکانێك ماون کە باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیای داعشە و یارمەتی لەخۆگرتنی تیرۆریستان دەدەن و پشتیوانییان بۆ دابیندەکەن.
وتی: "ئەوە ئەرکی هێزە ئەمنیەکانە چالاکیە هەواڵگرییەکان زیادبکەن بۆ دەستنیشانکردن و شەڕکردن دژی ئەو شانە نوستووانە."
وتیشی: "ئەمە هەماهەنگییهكی نزیك دەخوازێت لەگەڵ خەڵكی ناوچەکە تا متمانەیان بە هێزە ئەمنیەکان زیاتربکرێت. تەنیا جێگیرکردنی هێزی سەربازی بەس نییە."
سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەیەکدا چوارشەممە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی تاووتوێی پێشهاتە ئەمنیەکانی کرد لە وڵاتەکە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نوسینگەکەی، کازمی هێزەکانی ئاراستەکردووە "بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنە بەرپێگرەکان تا هیچ دەرفەتێك نەدرێتە گروپە تیرۆریستیەکان [بۆ خۆڕێکخستنەوە]".