هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

رژێمی سوریا و میلیشیاکان دانیشتوانی دێرە زوور ده‌ڕه‌تێنن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ئەندامانی میلیشیایەکی سەر بە سوپای پاسداران لەسەر شەقامێکی گشتی لە شاری ئەلبو کەمال لە دێرە زوور. [خاوەنی وێنە: چاوی فوڕات]

ئەندامانی میلیشیایەکی سەر بە سوپای پاسداران لەسەر شەقامێکی گشتی لە شاری ئەلبو کەمال لە دێرە زوور. [خاوەنی وێنە: چاوی فوڕات]

هەڵمەتێکی ترس و تۆقاندنی سیسته‌ماتیک لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم لە پارێزگای دێرە زوور لەئارادایە، ئەو شوێنەی هێزەکانی سوریا و میلیشیاکانی هه‌واداریان دانیشتوان دەستگیردەکەن و بۆ ئازادکردنیشیان داوای بڕێک پارە دەکەن، چالاکوانانی ناوخۆ وتیان.

هەڵمەتەکە بە دیاریکراوی ئەو مەدەنیانە دەکاتە ئامانج کە گەڕاونەتەوە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، بەتایبەتی بۆ شاری ئەلبو کەمالی سەر سنووری عێراق.

چالاکوانێكی دێرە زوور، جەمیل عەبد بە دیارونای وت ئەمەش وایکردووە ژیانکردن لە ناوچەکە زۆر سەخت بێت.

وتی: "ئەو دانیشتوانەی بەمدواییە گەڕاونەتەوە ئەلبو کەمال دوای ئەوەی دڵنیایی ئەوەیان پێدراوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمەوە هەراسان ناکرێن، ئێستا دووچاری هەڕەشەی دەستگیرکردن و ترس و تۆقاندن دەبنەوە."

وتی ئەو پێشێلکاریانە یەکڕاست لەگەڵ گەڕانەوەیان دەستیانپێکرد و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە زۆربەی ئەو پیاوانەی لەگەڵ خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە لەلایەن لقی ئەمنیی سوپاوە دەستگیرکراون، کە یەکێکە لە دامەزراوە ئەمنییەکانی رژێم بەلام پەیڕەوی فەرمانەکانی هێزەکانی روسیا دەکات.

عەبد وتی ئەوانەی دەستگیرکراون پێیانڕاگەیاندراوە کە دەبێت نزیکەی 500,000 لیرەی سوری (1,000 دۆلار) بدەن بۆ ئازادکردنیان. زۆربەیان، کە توانای پێدانی ئەو پارەیەیان نییە، ناچارن یان پارە قەرزبکەن یان موڵکوماڵ بفرۆشن.

وتی ئەوانەی هیچ رێگەیەکیان نییە بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕە پارەیە، ره‌نگه‌ بۆ ماوەیەکی درێژ ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێن و رەنگە بشگوێزرێنەوە بۆ یەکێک لە ناوەندەکانی دەستگیرکردن لە دیمشق بەتۆمەتی ساختە و ناڕاست.

وتیشی ئەو تۆمەتانە پێکدێن لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا.

عەبد وتی فیرقەی چواری رژێم "باجی یه‌كجار زۆر"ی خستۆتە سەر ئەو کەلوپەل و ناوماڵەی ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە لەگەڵ خۆیان دەیانهێنن، ئەو بڕە پارەیەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە نرخی خودی کەلوپەلاکان زیاترە.

تایبەتمەندێكی بواری پەیوەندیەکانی ئێران، شیار تورکۆ بە دیارونای وت چالاکوانان و مەدەنییەکانی شاری ئەلبو کەمال چەکدارانی فەوجی 47ی سەر بە سوپای پاسداران تۆمەتباردەکەن بەوەی لەپشتی هەوڵەکانی ترس و تۆقاندنەکانه‌وه‌ن.

وتی راپۆرتەکانی ئەمدواییە دەریدەخەن کە مووچەی چەکدارانی فەوجەکە لەسەدا 50 یان زیاتر کەمکراوەتە بەهۆی ئەو دۆخە سەختە ئابورییەی سوپای پاسداران پێیدا تێدەپەڕێت و بێتوانایی سوپاکە لە بەردەوامبوون لە پێدانی مووچەی چەکدارەکانی وه‌ك پێشووتر.

داگیرکردنی ماڵی دانیشتوانی ناوچەکە

چالاکوانێكی میدیا له‌ ئەلبو کەمال، ئەیهه‌م عەلی بە دیارونای وت بەشێک لەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە شارەکە بەهۆی خەمی موڵک و ماڵەکانیانەوە بووە کە رەنگە هێزەکانی رژێم یان میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران دەستیانبگرن بەسەردا.

عەلی وتی لەم مانگانەی دواییدا، ئەو هێزانە لە هەوڵێک تێوەگلاون بۆ دەستبەسەرداگرتنی نایاساییانەی ماڵی چۆڵ و موڵکی تایبەتی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی کۆنتڕۆڵی دەکەن.

وتی بۆ بەدەستهێنانی ئەمەش، دەستكاری تاپۆی خانووەكان دەكەن و پسۆڵەی فرۆشتنیان ساخته دەکەن. خاوەندارێتی ئەو موڵکانەش زۆرجار بۆ ئەفسەرانی سوپای پاسداران دەبن کە دەیانکەن بە شوێنی نیشتەجێبوونی چەکداران و خێزانەکانیان یان بە بنکەی سەربازی.

عەلی وتی چەکدارانی سەر بە سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی دەستگیرکردن لە دانیشتوانی گەڕاوەی ناوچەکە دەکەن ئەگەر منداڵەکانیان نەنێرن بۆ کەمپە ئایینی و دیدەوانییەکان کە لە ناوچەکە دایانمەزراندووە.

وتیشی ئەو کەمپانە لەلایەن ئەفسەرانی سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتی دەکرێن و ئامانجیانە نەوەیەکی داهاتووی وەفادار بۆ رژێمی ئێران بەرهەمبهێنن.

عەلی وتی: "زۆربەی کەس رەتیانکردۆتەوە بچنە ریزی میلیشیاکانەوە سەرباری سوودە ئابورییە لەخشتەبەرەکان، لەئەنجامیشدا دووچاری هەڕەشە و ترس و تۆقاندن دەبنەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500