هه‌واڵه‌كانی عێراق
شرۆڤە

تاران ئامادەیە ژیانی ئێرانیەکان بخاتە مەترسیەوە بە ڤاکسینی چینی

بەهروز لاریجانی

دکتۆر مینۆ موهراز، تایبەتمەندی باڵای پەتا گوازراوەکانی ئێران، قایل نییە بە ڤاکسینێکی بەرهەمهێنراوی چین یان روسیا بۆ کۆڤید-19. [وێنەکە لە hamshahrionline.ir وەرگیراوە]

دکتۆر مینۆ موهراز، تایبەتمەندی باڵای پەتا گوازراوەکانی ئێران، قایل نییە بە ڤاکسینێکی بەرهەمهێنراوی چین یان روسیا بۆ کۆڤید-19. [وێنەکە لە hamshahrionline.ir وەرگیراوە]

ئامادەیی ئێران بۆ هاریکاری لەگەڵ چین و روسیا بۆ گەشەپێدان بە ڤاکسین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) هۆشداریی دروستکردووە لەنێو کۆمەڵگەی پزیشكیی ئێراندا، بەجۆرێك کەسایەتیە باڵاکان دەڵێن دەکرێت ئەو ڤاکسینە سەلامەت نەبێت.

لە پەیامێکی 10 تشرینی یەکەمدا بۆ حکومەت و خەڵکی چین، سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی راگەیاند كه‌ ئێران "ئامادەیه‌ بەشداریبكات لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆڤید-19 لەگەڵ چین".

لە مانگی ئابدا، باڵیۆزی ئێران له‌ روسیا، کازم جەلالی وتی ئێران و روسیا "تاووتوێی شێوازەکانی هاریکارییان كرد لەسەر گەشەپێدان بە ڤاکسینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

جەلالی وتی قسەیکردووە لەگەڵ بەرپرسی سندوقی وەبەرهێنانی نەختی روسیا و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە دەربارەی ئەگەری هاریکاری.

سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی وتی وڵاتەکەی 'ئامادەیە هاریکاری لەگەڵ حکومەتی چین بکات بۆ گەشەپێدانی ڤاکسینی کۆڤید-19'. [وێنەکە لە ئیرناوە وەرگیراوە]

سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی وتی وڵاتەکەی 'ئامادەیە هاریکاری لەگەڵ حکومەتی چین بکات بۆ گەشەپێدانی ڤاکسینی کۆڤید-19'. [وێنەکە لە ئیرناوە وەرگیراوە]

بەڵام دوای ئەوە، روسیا رایگەیاند کە دەستیکردووە بە مۆڵەتدان بە ڤاکسینی کۆڤید-19ی خۆی، بەهیچ جۆرێك باسی هاریکاریی ئێرانی نەکرد.

دوای راگەیاندنەکەی جەلالی، پسپۆڕی باڵای پەتا گوازراوەکانی ئێران، مینۆ موهراز، کە ئەندامێکی باڵای لیژنەی زانستی وڵاتەکەیە بۆ شەڕکردن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتی "لە تەواوی جیهاندا" ڤاکسین بەرهەمدەهێنرێت.

موهراز وتی: "روسیاش کار لەسەر ڤاکسینێك دەکات، بەڵام کێشەیەك لە ڤاکسینەکەی روسیادا هەیە."

ئاماژەیکرد بەوەی "روسیا تەنیا ئەو کاڵا بایۆلۆژیانە بەکاردەهێنێت کە لە روسیا بەرهەمهێنراون و هەرگیز رادەستی دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتییان ناکات بۆ پەسەندكردن".

دەوترێت موهراز و کەسایەتیە بەناوبانگەکانی دیکە لە کۆمەڵگەی پزیشكیی ئێران ناڕەزایی هاوشێوەیان ده‌ربڕیوه‌ دەربارەی ئەگەری بەکارهێنانی ڤاکسینی چینی، لەگەڵ دەرمانە بەرهەمهێنراوەکانی چین لە ئێران.

وتوویەتی بەرپرسانی تەندروستی گشتی ئێران تەنیا رێ بە دابەشکردن و مۆڵەتدان بە ڤاکسینێك دەدەن کە لەلایەن دەسەڵاتی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا و ئاژانسی دەرمانەکانی ئەوروپا و رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەندكرابێت.

بەگوێرەی موهراز، وەزارەتی تەندروستی ئێران تەنیا متمانەی بەم سێ کیانە هەیە بۆ پەسەندكردنی دەرمانێکی بایۆلۆژی.

پزیشکەکان دژی بەکارهێنانی دەرمانەکانی چینن

پزیشکە ئێرانیەکان و نۆرینگەکان بەگشتی دژی بەکارهێنانی دەرمانە چینیەکانن، زۆرینەی جەماوەریش بەهەمان شێوە لێیان بەگومانە.

پسپۆڕێكی دادوەری لە وەزارەتی داد، حەسەن عەلی دادستان وتی: "لە 2011وە، چەندین کەیس تۆمارکراون لەلایەن ئەندامانی خێزانی ئەو کەسانەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی چینییەوە مردوون."

بە مەشاریقی وت: "لەم دۆخەدا، هاوردەکارە نایاساییەکانی دەرمانی چینی سودیان لە پێویستیەکانی خەڵك بینیووە لە دەمی کورتهێنانی دەرماندا. ئەمە سەریکێشاوە بۆ بەدگومانییەکی قووڵ بەرامبەر دەرمانی چینی."

دادستان وتی چەندین مەرگ بەهۆی بەکارهێنانی بەنجی چینییەوە روویانداوه‌ لەکاتی نەشتەرگەریەکانی دەیەی رابردوودا. وەك نمونەیەك، باسی لە مەرگی سیپهەر مالیك-ئەحمەدی، 13 ساڵ، کرد لە ساڵی 2011 لە نەخۆشخانەیەکی گشتیی به‌ناوبانگی تاران. وتی کەیسەکە "هێشتا کراوەیە و لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت".

لە وتەیەکدا کە لەلایەن بڵاوکراوە میدیاییەکانی ئێرانەوە تۆمارکراوە، بەڕێوبەری دەزگای نۆرینگەکانی ئێران، رەهبەر موژدەهی-ئازار وتوێتی کە "فرۆشتنی دەرمانی لە چین دروستکراو بە خەڵك دەبێت لە نۆرینگەکان قەدەغە بکرێت".

وتی: "پێڕەوەکانی سەلامەتی دەرمانی چینی قایلکەر نین بۆمان." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ ئەمە بەهۆی ئەوەیە "ئەو دەرمانانە بەشێوەیەکی یاسایی نایەنە وڵاتەکەوە".

چین و روسیا چییان دەستدەکەوێت؟

پرسیاری سەرەکی بۆ زۆرێك ئەوەیە: بۆچی روسیا و چین دەیانەوێت ڤاکسینی کۆڤید-19 بە هاریکاریی ئێران بەرهەمبهێنن؟ چییان دەستدەکەوێت؟

دکتۆر زەهرا شۆجاعپور، پسپۆڕێکی پەتا گوێزراوەکان بە مەشاریقی وت: "ئەو وڵاتانەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمدەهێنن مافی ئەوەیان نییە ڤاکسینە بێ مۆڵەتەکانیان لە وڵاتانی دیکە تاقیبکەنەوە."

وتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هیشتا هیچ ڤاکسینێکی چینی یان روسی په‌سه‌ندنەکردووە، بۆیە ئەو دوو وڵاتە مەبەستیانە "هاریکاری بكه‌ن" لەگەڵ ئێران، هەڵبەتە تەنیا بەناو، تا بتوانن ڤاکسینە بەرهەمهێنراوەکانیان بەبێ مۆڵەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تاقیبکەنەوە.

شوجاعپور وتی لە ئەگەری سیناریۆیه‌كی هاریکاریدا، چین بە فەرمی پێکهاتە خاوەکان بۆ ڤاکسین دەنێرێت بۆ ئێران و دوای گەشەپێدانیان، ڤاکسینێکی "لە ئێران دروستکراو" بەرهەمدەهێنرێت.

وتی دوای "کۆکردنەوەی" ئەو ڤاکسینە لە ئێران، حکومەت دەتوانێت تاقیبكاته‌وه‌ لەسەر هاوڵاتیانی ئێرانی و ئاماژەیکرد بەوەی پرۆسەکە داهاتێکی باشیش بۆ رژێمی ئێران بەرهەمدەهێنێت.

وادیارە رژێمی ئێران ئامادەیە مۆڵەت بداتە ڤاکسینێکی روسی یان چینی لە وڵاتەکە، هەرچەندە هیچ یەك لە یەکە پزیشكی و ده‌رمانییه‌كان یان جەماوەر پشتیوانی لەم جۆرە کارە ناکەن.

رژێمی ئێران رووبه‌ڕووی رەخنە و بێمتمانەیی دەبێتەوە

لە غیابی ڤاکسینی ئەنفلۆنزادا بۆ خەڵك لە ئێران، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەنهێنی ژمارەیەکی سنووردار لە ڤاکسینیان هاوردە کردووە بۆ بەکارهێنانی خۆیان، بەجۆرێك خەڵك تەنیا دوای چەند راپۆرتێکی دزەکراو لەوبارەیەوە پێیانزانی.

دەربارەی چارەسەر و ڤاکسینەکان، دەوترێت بەرپرسانی ئێران دەریانخستووە کە دەرمانی خۆرئاواییان بەلاوە باشترە -- دەرمان و چاودێری تەندروستی -- نەك دەرمانی چینی یان روسی.

هەرکات بتوانن گەشتدەکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپی بۆ چارەسەر و زۆربەی کات بێدەنگانە دەیکەن. بەڵام کاتێك نۆرەی خەڵك دێت، پێوەر و ئەولەویاتەکانیان دەگۆڕێت.

ئێران یەكێك لە خراپترین دۆخەکانی هەبوو لە ناوچەکە بەدەست ڤایرۆسی کۆرۆناوە و لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوو کە زۆرترین خەڵکیان لێدەمرد.

رژێمی ئێران هەر لە سەرەتاوە رووبەڕووی رەخنە بۆتەوە بەهۆی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەجۆرێك چاودێران بە خاوی لە وەڵامدانەوەدا تۆمەتباریدەکەن.

هەروەها تۆمەتباریدەکەن بە بەڕێوبەرێتییه‌كی ناكارا و نهێنیگه‌ری و درۆ، دەڵێن هەوڵیداوە رادەی پەتاکە بشارێتەوە و شکستیهێناوە لە هەنگاوی بەرپێگرانە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی ئێرانی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500