ماوەیەکە دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق تاکتیکی نوێ بەکاردەهێنێت دژی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، کە بۆتە هۆی دەستگیرکردن و کوشتنی دەیان سەرکردەی داعش، بەرپرسێك وتی.
وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق، سەباح نوعمان سێشەممە (10 تشرینی دووەم) بە دیارونای وت هێزەکە تاکتیکی نوێ و باشتر بەکاردەهێنێت وەك بەشێك لە پلانی ستراتیژی بۆ شەڕکردن دژی شانەکانی داعش و بەئامانجگرتنی سەرکردایەتی باڵای گروپەکە.
وتی: "دەستمانکردووە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی چاودێری و شوێنپێهەڵگرتن، سەرەڕای باشترکردنی توانای شهڕكردنی هێزەکانمان تا بتوانن هەڵکوتانەسەری خێرا ئەنجامبدەن و دەرفەتی هەڵاتن کەمبکەنەوە."
وتیشی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق کردەی ئەمنی شەوانە ئەنجامدەدات و دوژمن خافڵگیر دەکات بە دابەزینی ئاسمانی بۆ نێو حەشارگەکانیان، جا لە کەناری شارەکان بن یان له چیاکان و دۆڵەکان یاخود ناوچە بیابانیەکان.
نوعمان وتی هەروەها بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی ئەو هەڵمەتانەی لەلایەن هێزە ئاسمانیەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە بهرپادەکرێن و ئاماژەیکرد بەوەی ئەم هەوڵە یارمەتی بەدەستهێنانی "ئەنجامی مەزنی دا لەبارەی کەمکردنەوەی هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش و رووبەڕووبوونەوەی چالاکیەکانیانهوه".
وتی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق لەئێستادا تەرکیزی لەسەر دەستگیرکردنی سەرکردە باڵاکانی داعشە، لەنێویاندا ئەوانەی خەریکی سەرپەرشتیكردنی هێرشەکان و پشتیوانی دارایی و کارگێڕی و فەرماندەی مەیدانین.
وتیشی: "لەدەستدانی هەر سەرکردەیەکی [داعش] زەبرێکی کوشندەیە بۆ گروپەکە چونکە شوێنگرتنەوەیان ئاسان نییە."
نوعمان وتی مەرگی سەرکردەکان بەڵای هەنوکەیی سەر داعش زیاتردەکات و نەبوونی متمانە لەنێو سەرکردایەتیەکەیدا زیاتردەکات بەهۆی زیادبوونی ناکۆکییهوه لەسەر کێشەکانی فەرماندەیی و کارگێڕیكردنی هێرشەکان.
وتی: "بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانمانەوە، لەم چەند مانگەی دواییدا توانیومانە دەیان سەرکردەی تیرۆریستی دەستگیربکەین و چەندینی دیکە بکوژین."
'تێکشکانی داعش'
لە سەرەتای تشرینی دووەمەوە، هێزەکانی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق 10 ئەندامی داعشیان لە باکوری بەغدا و فەلوجە و رەمادی دەستگیرکردووە، لەنێویاناد فەرماندەیەکی داعش کە یاوەریی سەرکردەی پیشووی داعشی کردبوو لە پارێزگای ئەنبار، بەناوی شاکیر وەهیب.
وەهیب لە 2016 کوژرا.
دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق چەکدارێکیشی دەستگیرکرد کە بەرپرس بوو لە راکێشانی منداڵان بۆ نێو گروپەکە لە فەلوجە.
لە پێنج مانگی رابردوودا، دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق نزیکەی 175 سەرکردە و ئەندامانی داعشی دەستگیرکردووە و 80ی دیکەی لە 151 ئۆپەراسیۆندا کوشتووه.
نوعمان وتی هەوڵەکان بەشداربوون لە گەڕاندنەوەی "سەقامگیری لەو ناوچانەی نیگەرانیی ئەمنی تیایاندا بەرزە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پارێزگاکانی کەرکوك و دیالە و سەلاحەدین لێکجیادەکەنەوە".
وتی دەربارەی هێرشەکەی دووشەممەی داعش بۆسەر بازگەیەکی ئەمنی لە رەزوانییە، خۆرئاوای بەغدا، "کاریگەریی نابێت بۆسەر پلانەکانمان بۆ شکستهێنان بە پاشماوەکانی گروپەکە".
هێرشەکە، کە 11 کەسی تێدا كوژرا، لەنێویاندا کارمەندێکی ئەمنی، "ئاماژە نییە بە لاوازیی ئەمنی یان هەڕەشە بۆسەر پایتەخت".
وتیشی: "ئەم کردە تیرۆریستیە رەنگدانەوەی شکستی تیرۆریستانە و تەنیا دەتوانن کردەی تۆڵەکردنەوە لە ناوچە دوورەدەستەکان ئەنجامبدەن." جەختیکردەوە لەوەی داعش ناتوانێت دزەبکاتە شارەکانی عیراق و بە هێرشەکانی هەڕەشەیان لێبکات.