بەرپرسانی عێراق و سەرکردە خێڵەکییەکان لە لێدوانەکانیاندا بۆ دیارونا ئەندامانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییان تۆمەتبارکردووە بە هەڕەشەکردن لە ئەمنیەت و سەقامگیریی باشوری عێراق لەڕێی فرۆشتنی چەکهوه بە لایەنی سێیەم.
وتیان لەجیاتی ئەوەی چەکە بەجێماوەکانی داعش رادەستی سوپای عێراق بکرێن، لە پارێزگاکانی خۆرئاوا و باکورەوە دەیانگوێزنەوە بۆ بەغدا و پارێزگاکانی باشور و لەوێش دەیانفرۆشن.
یاسا لە عێراق دەڵێت هەر چەکێکی بەجێماوی سەردەمی داعش دەبێت رادەستی سوپا بکرێت و لەناوببرێت.
لەم ماوەیەی دواییدا ناکۆکی خێڵەکی و چالاکییە تاوانکارییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە لە بەغدا، بەسرە، زیقار و میسان. بەگوێرەی پۆلیسی عێراق، مانگی رابردوو چوار عێراقی کوژراون و 10ی دیکەش برینداربوون لە بارگرژییە خێڵەکییەکاندا له ناوچەکانی باشور بەغدا.
پۆلیسی عێراق 11 کەسی دەستگیرکرد دوای رووداوێکی هاوشێوە لە پارێزگای میسان، کە بووە هۆی کوشتنی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکە.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دیارونای وت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی تاوان لە بەغدا و باشوری عێراق ئەوەیە کە میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران "بەلێشاو هاتوونەتە ئەو ناوچانە" و چەکە بەجێماوەکانی داعشیان پێیە، کە بە "چەکە پیسەکان" ناودهبرێن.
وتی میلیشیاکان دەستیانگرتووە بەسەر ئەو چەکانەدا و گواستوویاننەتەوە بۆ پارێزگاکانی باشور و بەغدا، لەوێش بە نرخێکی زۆر کەم دەیانفرۆشن. بۆنمونە، چەکی جۆری AK-47 بە 250,000 دینار (نزیکەی 200 دۆلار) دەفرۆشن، یان یەک دەستە فیشەک بە 400 دینار (35 سەنت) دەفرۆشن.
وتی ئەو چەکانە دەفرۆشرێن بە خێڵەکان و ئەو گروپانەی تاوانی رێکخراو ئەنجامدەدەن و هەروەها بەو تۆڕانەی بازرگانی بە مادده هۆشبهرهكانهوه دەکەن. بەمدواییانە، لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکان دەریانخستووە گومانلێکراوانی کردەوەکانی کوشتن و دزی و تاڵانیی چەکدارانه ئەو چەکانەیان لە چەکدارانی میلیشیاکان دەستکەوتووە کە بەوە ناسراون سەر بە ئێرانن.
بەرپرسەکە وتیشی ئەندامانی میلیشیاکان سوود لە ناسنامەكانیان له حەشدی شەعبی دەبینن بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنییەکان و فرۆشتنیان لە بەغدا و پارێزگاکانی باشور.
'شەڕێكی سهخت بۆ لێسهندنهوهی چەكهكان'
سەرکردەیەکی خێڵەکی لە پارێزگای زیقار، شێخ عەلی خەفاجی بە دیارونای وت ئهو چهکانهی له داعش گیراون ئێستا هەڕەشە لە ئەمنیەتی ناوچەکانی باشور دەکهن و بوونەته "شێوازێکی نوێی تیرۆریزم لەلایەن میلیشیا سهركێشهكانهوه".
وتی وەزارەتی ناوخۆ دووچاری شەڕێكی سهخت بووه بۆ لێسهندنهوه و دەستبەسەرداگرتنی پاشماوهی ئهو چەکانە.
شارەزایهكی خانەنشین لە بواری پەیوەندییە ئەمنییەکاندا، عەمید سەعد حەدیسی وتی میلیشیاکانی کەتایب حیزبوڵا، نوجهبا، سەرایا خوراسانی، جوند ئیمام، سەید شوهەدا، عەسایب ئەهل حەق و بەدر چەکه دزراوهكانیان بۆ پشتیوانیکردنی خۆیان فرۆشتووە.
حەدیسی هۆکاری ئەمەی گەڕاندەوە بۆ بێتوانایی سوپای پاسداران له دابینکردنی دارایی بۆ میلیشیاکان، ئەمەش وایانلێدەکات خۆیان پشتیوانی بۆ خۆیان پەیدابکەن لەڕێگەی فرۆشتنی چەک و مادده هۆشبهرهكان و پارهكێشانهوه له بەرهەمهێنەران.
بە دیارونای وت سەرباری ئەو فەرمانانەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەرکران لە کانونی دووەمی 2017 سەبارەت بە چەک و تەقەمەنییەکانی داعش -- کە دەبێت رادەستی سوپا بکرێنەوە -- میلیشیاکانی بارهەڵگر و ناسنامەی حهشدی شهعبی بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوە و فرۆشتنیان.
وتی بەشێک لە ئەندامانی میلیشیاکان بەمدواییانە دەستیانکردووە بە گواستنەوەی چەک لە سوریاوە و فرۆشتنەوەیان لە عێراق، ئەمەش نیشانەیەکی دیکەیە کە کەمبوونەوەی داهاتی سوپای پاسداران دەردەخات.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن له هەوڵەکانی دەستبەسەرداگرتنی چەکەکان و لەمدواییەدا سەرکەوتنێکی باشیان لە بەغدا و بەسرە بەدەستهێناوە.
وتی بهڵام بههۆی كهڵهكهبوونیانهوه له ماوهی چهند دهیهیهكدا، ژمارهی چەک و تەقەمەنییە بەجێماوهكان له عێراق زۆر زیاترە لەوەی پێشبینیدەکرێت.
خەفاجی وتی ژمارەیەک له خهڵك کە له بازرگانی نایاسایی چهكهوه تێوهگلاون، دەستگیرکراون و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون بەگوێرهی مادەی 111ی یاسای سزادانی عێراقی. ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە نەکرد کەی دەستگیرکردنەکان ئەنجامدراون.