گروپە چەکدارە عێراقیەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە لەلایەن کەتایب حیزبوڵاوە سەرپەرشتیدەکرێن، تیرۆرکردن ئەنجامدەدەن بۆ بێدەنگکردن و ترساندنی ئەو عێراقیانەی دژی ئەجهنداکەیان دەوەستنەوە، چاودێران بە دیارونایان وت.
لە ساڵی رابردوودا، دەیان چالاکوان لەلایەن "چەکدارانی نەناسراوەوە" کوژراون لە ناوەڕاستی خۆپێشاندانە جهماوهریهكان دژ بە گەندەڵی و خراپیی خزمەتگوزاریەکانی حکومەت و دەستوەردانی بیانی لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا -- بەتایبەتی لەلایەن ئێرانەوە.
دواهەمین رووداوی تیرۆرکردن لە 1 تشرینی دووەم روویدا، کاتێک چەند چەکدارێکی نەناسراو سەرکردەیەکی خێڵەکی، عەبدولناسر تهرفی تائییان کوشت لە بەردەم ماڵەکەیدا لە عەمارە، باشوری عێراق.
تائی بەوە ناسرابوو کە پشتیوانێکی گەورەی خۆپێشاندانەکان و رەخنەگرێکی سەرسەختی بریکارەکانی سوپای پاسداران بوو لە عێراق.
بەئامانجکردنی رۆژنامەوانان
چەکداران چەندین چالاکوان و خۆپێشاندەریان لە مانگەکانی رابردوودا کردۆتە ئامانج. لەنێو کوژراوەکاندا ئەم ناوانە هەن: ریهام یەعقوب ،تەحسین ئوسامە شەهمانی ،ئەنوەر جاسم مەحوس، عەبدولقەدوس قاسم، کەرار عادل، فەهیم تائی و رەحیم ساجیت مونتەفاجی.
هەروەها شرۆڤهرکاری ناوداری ئەمنی، هیشام هاشمی تیرۆرکرا کە پەیامی هەڕەشەئامێزی لە کەتایب حیزبوڵاوە پێگەیشتبوو پێشئەوەی بکوژرێت.
هەڕەشەکان دوای ئەوە هاتن کە شرۆڤەکانی هاشمی ئاماژەیان بە رۆڵی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران کردبوو لە هێرشەکاندا بۆسەر ناوچەی سەوزی بەغدا.
تەنیا لە ساڵی رابردوودا، 373 هێرش بۆسەر رۆژنامەوانە عێراقیەکان تۆمارکراوه. رۆژنامەوانان ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی کوژران، ههندێك لە رۆژنامەوانانی دیکە هەڕهشەی کوشتنیان لێکراوە و ژمارەیەکیشیان رفێنراون. هەروەها پیاوانی چەکدار هێرشیانکردۆتە سەر چەند ناوەندێکی راگەیاندن.
چەندین چالاکوان و رۆژنامەوان بەناچاری شوێنەکەیان بەجێهێشتووە لە ترسی ئەوەی رەنگە بکرێنە ئامانج.
لەناوبردنی ریفۆرمخوازان
شرۆڤەکاری سەربازی، ئەیاد توفان بە دیارونای وت: "ئەو تیرۆرکردنانە تەنیا لایەنێک یان یەکەیەکی دیاریکراو ناکهنە ئامانج؛ دەیانەوێت بهر به چالاکیهكانی چالاكوانان بگرن، تیرۆریان بکەن و له رۆڵیان کەمبکەنەوە لە ئەنجامدانی چاكسازیی سیاسی لە وڵاتەکەدا."
وتی ڤیدیۆکان پیشانیدەدان کە ئەنجامدەران بكوژی بەئەزمونن و یارمەتی لۆجستی وەک پارە، ئۆتۆمبیل، چەک و ئامێری تایبەت بۆ چاودێریکردنی قوربانیەکانیان لەبەردەستە.
وتی کوشتنکەی هیشام هاشمی "نمونەیەکی روونی ئەمەیە".
توفان وتی بریکارەکانی سوپای پاسداران دەیانەوێت ترس و پشێوی لە وڵاتەکەدا بڵاوبکەنەوە تا كۆنترۆڵی بهردهوامیان مسۆگهربكهن بەسەر سەروەریی عێراقدا و وتیشی: "هەموو تیرۆرکردنێک هەڕەشەیەکی روونە بۆ چالاكوانانی دیکە".
کۆماری ئیسلامی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، لهنێویاندا بەدووکەوتن و لەناوبردنی ئەوانهی دژیان دەوەستنەوە لە سەرانسەری جیهاندا. نزیکەی 360 کەسی تیرۆرکردووە لە زیاتر لە 40 وڵات لەوکاتەوەی لە 1979 دەسەڵاتی گرتە دەست.
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵەکی عەرەبی لە پارێزگای سەڵاحەدین، شێخ سائیر بەیاتی بە دیارونای وت رژێمی ئێران چەندین کردەوەی تیرۆرکردن لەڕێی کەتایب حیزبوڵاوە ئەنجامدەدات و بەزۆریش ئامانجێتی ئەو چالاکوانانە بێدەنگبکات کە مایەی مەترسین بۆسەر نفوز و بەرژەوەندیهكانی سوپای پاسداران.
وتی: "ئهفسهرهكانی سوپای پاسداران راهێناندەکەن بە کەتایب حیزبوڵا و گروپە میلیشیاکانی دیکە بۆ رفاندن و کوشتنی ئەو کەسایەتیانەی دژ بە ئێرانن."
وتیشی: "فەرمانی تیرۆرکردنەکان لەلایەن ئێرانەوە لهشێوهی لیستدا دەردەکرێت." ئاماژەشی کرد بۆ ئەوەی "تیرۆرکردنەکان لەلایەن ئەو گروپە بریکارانەوە ئەنجامدەدرێن کە بەشداربوونیان لەو تاوانانەدا چیتر بابەتێکی نهێنی نییە".
بەیاتی وتی كرده دوژمنكارانهكانی ئەندامانی میلیشاکان بەشێکن لەو هەوڵانهی مهبهستیانه "پێشێلی سهروهریی یاسا بكهن، پشێوی بنێنەوە و هەڕەشە لەو کەسایەتیە ناسراوە عێراقیانە بكهن کە دژی هەژمونی ئێران لە ناوچەکە دەوەستنەوە".