هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

منداڵان ده‌كوژرێن لە بۆمبارانكردنی ئیدلیبدا لەلایەن رژێمەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

ئەندامانی کڵاوسپیەکان یارمەتی ژنێك دەدەن لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب تا هەڵبێن لە تۆپبارانی سەختی ناوچەکە. [وێنەکە لە بەرگری شارستانی سوریاوە وەرگیراوە]

ئەندامانی کڵاوسپیەکان یارمەتی ژنێك دەدەن لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب تا هەڵبێن لە تۆپبارانی سەختی ناوچەکە. [وێنەکە لە بەرگری شارستانی سوریاوە وەرگیراوە]

چوار منداڵ لەنێو کوژراوە مەدەنیەکانی چوارشەممەدا (4 تشرینی دووەم) بوون لە بۆمبارانێكی رژێمی سوریا لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوا، رێکخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند.

چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف بە دیارونای وت تۆپبارانەکە ته‌ركیزی لەسه‌ر شاری ئیدلیب بوو، له‌گه‌ڵ شارۆچکەکانی ئەریحا، ئیحسیم، کەفریا‌، مەرعەیان، بەلشون، بەلیون، شەنان، بارە و دێر سونبول.

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ کوشندەترین تۆپباران بۆسه‌ر ئەریحا بوو، راشیگەیاند کە 20 مەدەنیش لە تەواوی ناوچەی ئیدلیب برینداربوون، کە زیاتر لەلایەن هاوپەیمانێتی تووندڕەوی تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە.

هه‌روه‌ها رایگەیاند: "رژێم بەردەوامیی دا به‌ هێرشی تۆپباران و موشەکباران لە بەیانیدا بۆسه‌ر چەندین ناوچەی ئیدلیب و حەوت مەدەنی کوشت، لەنێویاندا چوار منداڵ."

ئەندامانی کڵاوسپیەکان مەدەنییەك دەگوێزنەوە بۆ چارەسەرکردن کە بریندارکراوە لەنێو ماڵەکەیدا لەکاتی تۆپبارانی شارۆچکەی کەفریا‌ له‌ پارێزگای ئیدلیب. [وێنەکە لە بەرگری شارستانی سوریاوە وەرگیراوە]

ئەندامانی کڵاوسپیەکان مەدەنییەك دەگوێزنەوە بۆ چارەسەرکردن کە بریندارکراوە لەنێو ماڵەکەیدا لەکاتی تۆپبارانی شارۆچکەی کەفریا‌ له‌ پارێزگای ئیدلیب. [وێنەکە لە بەرگری شارستانی سوریاوە وەرگیراوە]

عەساف بە دیارونای وت كه‌ لە بەری بەیانییەوە، بۆمبارانەکە ژمارەیەك گەڕەکی کردە ئامانج لە شاری ئیدلیب و ناوچەكانی ده‌وروبه‌ری.

وتیشی ئەو منداڵانەی کوژران لە رێگەیاندا بوون بەرەو خوێندنگە.

وتی دوو کارمەندی مرۆییش کوژران، لەگەڵ مەدەنییەکی دیکە کە لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا.

عەساف وتی تیمەکانی کڵاوسپیەکان نزیکەی 20 مەدەنییان گواستەوە، لەنێویاندا چەندین ژن و منداڵ، بۆ ناوەندە تەندروستیەکان بۆ چارەسەر.

ئاماژەیه‌كی کەمی بەرپێگرتنی روسیا

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت بەبێ ئەو پشتیوانیە راستەوخۆیەی روسیا دەیداتە رژێمی سوریا، نەیدەتوانی چەندین هەڵمەتی سەربازیی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامبدات.

وتی هێزەکانی روسیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رژێم ئاراستەدەکەن، کە مانای وایە هەر کارێکی سەربازی لەلایەن رژێمەوە لە بەرەکانی شەڕ ئەنجامبدرێت دەبێت لەلایەن سوپای روسیاوە په‌سه‌ندكرابێت و پشتیوانی كرابێت.

وتیشی ئاماژەیه‌كی کەم هەیە بە بوونی بەرپێگرتنی روسیا، سەرەڕای رووداوی دووبارە کە تێیدا مەدەنیەکان دەکوژرێن و سەرکۆنه‌كردنی نێودەوڵەتیش بۆ روسیا له‌سه‌ر دەستێوەردانی سەربازیی بۆ پشتیوانیكردنی رژێمی سوریا.

عەبدوڵا ئاماژەیکرد بە ناڕاستگۆیی روسیا دەربارەی كرده‌كانی و ئاماژەشیکرد بەوەی پێشتر رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر خاك کۆتاییانهاتووە و هێزەکانی بەشداری ناكه‌ن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا، سەرەڕای چەندین بەڵگە کە پێچەوانەی ئەوەیە.

وتی هاوکات، پاشاگەردانی له‌ پارێزگای ئیدلیبدا به‌ربڵاوه‌.

چالاکوانان وتویانە ناوچەکانی ژێردەستی تەحریر شام ئه‌مین نەماون بۆ مەدەنیەکان، چونکە ئەو هاوپەیمانێتیە تووندڕەوە دەستێوەردانی نەکردووە بۆ رێگرتن لە رفاندن و تاڵانی و کوشتار و رکابەرەکانیشی دەستگیرده‌كات.

تەحریر شام پێکدادانی كردووه‌ لەگەڵ گروپە رکابەرەکانی، ئازادی خەڵکی سنووردارکردووە بە دروستکردنەوەی حسبەکەی دەزگای ("پۆلیسی ئاینی")، دانیشتوانی ئاوارەی ناچارکردووە کەمپەکان جێبهێڵن و نرخی سوتەمەنی بەرزکردۆتەوە تا داهاتێکی زیاتر بۆ گەنجینەی خۆی دابینبکات.

ترسی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19

هاوکات، لە کەمپە قەرەباڵغەکانی ئاوارەکاندا، سورییە ئاوارەکان و کارمەندانی مرۆیی ترسیان لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19) هەیە، چونکە کەیسەکان بەرەو زیادبوون دەچن.

یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری مرۆیی، مارك لۆوکۆك هەفتەی رابردوو وتی: "لە باکوری خۆرئاوا، کەیسی پشتڕاستکراوە شەش به‌رابه‌ر زیادیکردووە لە مانگی رابردووەوە، بەجۆرێك کەیسەکان لە کەمپ و نشینگەکانی ئاوارەکاندا زیاد دەکەن."

کاربەدەستانی تەندروستی لە باکوری خۆرئاوای سوریا بەفەرمی 5,075 کەیسی کۆڤید-19یان راگەیاندووە، لەنێویاندا 42 مەرگ.

ئامارەکان هەفتەی رابردوو دەریانخست كه‌ لەنێو ئەوانەدا، زیاد لە 860 کەیس تۆمارکراون لەنێو کارمەندانی تەندروستیدا و نزیکەی 330 کەسیش لە کەمپەکاندان.

دکتۆر یەحیا نیعمە لە بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئیدلیب وتی دانیشتوان داوایانلێکراوە پابەندی خۆبەردوورگرتنی کۆمەڵایەتی بن، هەرچەندە ددانی نا بەوەدا کە "تاڕاده‌یه‌ك ئەستەمە" ئەوە جێبەجێبکرێت لەو نشینگە نافەرمیانەی ئەو ناوچەیەیان تەنیوە.

کەم خەڵك لە کەمپەکان دەمامك دەبەستن. زۆرێك ناتوانن هیچ دەمامكێك بکڕن، یان دوای ماوەیەك بیگۆڕن، سەرەڕای نەتوانینی کڕینی پاکژکەرەوە و جێڵی دەست.

بۆ زۆرێك، خۆراك، ئاو، دەرمان و شمەکی خوێندنگە زۆر گرنگترن.

نیعمە وتی: "هێزەکانی رژێم و روسیا بەرپرسن لە ئاوارەکردنی ئەم خەڵکانە و دۆخی کارەساتباریان کە ئێستا تیایدا دەژین."

لە نشینگەی نافەرمیی قەح له‌ ئیدلیب، محەمەد عومەر ددانی نا بەوەدا كه‌ داواکردنی ئەوە لە خەڵكی خێمەنشین تا خۆیان گۆشەگیر بکەن واقیعی نییە.

عومەر, کە باوکی چوار منداڵە و ئاوارەبووە بەهۆی شەڕه‌كه‌وه‌ هەشت ساڵ لەمەوبەر، وتی: "پێماندەڵێن 'مەڕۆنە دەرەوە. قەرەباڵغی دروستمەکەن'. بەڵام ئێمه‌ له‌ خێمه‌دا ده‌ژین كه‌ کەمتر له‌ نیو مه‌تر لەیەکتر ده‌وورن."

وتی: "بەهەموو ئەوانەی لە پێنج ساڵ گەورەترن ده‌مامكێكیان پێداوین وەك ئەوەی ئه‌وه‌ بەس بێت، بەڵام ئه‌وه‌ بەپێی پێویست نییە."

عومەر، کە شۆفێری تەنکەری ئاوه‌، وتی ناتوانیت لەنێو کەمپەکەدا بمێنێتەوە چونکە پێویستی بە پارە پەیداکردنە.

"گەر لە خێمەکەی خۆمدا بمێنمەوە، چۆن بژیم؟ چۆن نان پەیدابكه‌م؟"

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500