هێزەکانی عێراق کۆنتڕۆڵی قەزای تارمییەیان لە باکوری بەغدا پتەوترکردووە لە هەڵمەتێکدا بۆ ئەمینکردنی ناوچە ستراتیژیەکە لە دژی هەڕەشەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بۆسەر پایتەخت، سەرکردەیەکی خێڵەکی چوارشەممە (4 تشرینی دووەم) بە دیارونای وت.
بۆ ماوەی نزیکەی مانگێکه، یەکەکانی فیرقەی 6ی سوپا و تیمە ئەندازیارییە سەربازییەکان رێوشوێنی بەرگریی چڕ دەگرنەبەر بۆ داخستنی هەموو ئهو كهلێن و رێڕەوانەی پاشماوەکانی داعش بۆ دزەکردنە نێو بەغدا بەکاریدەهێنن.
هەروەها چەند بنکەیەکی چاودێریی جێگیریان لە باخەکان دانەوە بۆ رێگریکردن لە چەکدارەکان بۆ بەکارهێنانیان بۆ پەناگە.
سەرکردەیەکی خێڵەکی لە تارمییە، شێخ موئەیەد خەلیفە بورع محەمەدی وتی هێزەکانی سوپا هەڵمەتێکی گەورەیان راگەیاند بۆ بەرەوپێشبردنی ئەمنیەت لە ناوەندی قەزاکە و دەوروبەرەکەی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بەغدا و سامەڕا لە پارێزگای سەڵاحەدین لێك جیادهكهنهوه، وهك عەبایجی.
بە دیارونای وت پتەوکردنە ئهمنییهکە پێکدێت لە دروستکردنی بهربهستێكی خۆڵ و پەرژینێکی کۆنکرێتیی هەشت کیلۆمەتری بە تاوەری چاودێریکردنەوە بۆ ئاشکراکردنی دزەکاران و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی خاڵی پشکنینیش لە نزیک ئەو بێستان و ناوچانە دانراون کە رووهك و گژوگیای چڕیان لێیە.
وتی هێزەکانی عێراق پتەوکردنەکانیان لە دەوروبەری بارەگاکانی لیوا و فەوجەکانی سوپا زیاترکرد لە قەزاکە و یەکە زەمینیەکانیشیان بە رێژەی سێ یەک زیاترکرد.
محەمەدی وتی ئامانجی ئەو رێوشوێنانە "چڕکردنەوەی کۆنتڕۆڵە بەسەر قەزاکەدا، کە گرنگییەکی زۆری هەیە لە بەردەوامیدان بە ئەمنیەتی بەغدا."
وتیشی ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر "کاریگەرییان لەسەر هاتوچۆ و ژیانی رۆژانهی تارمییە نابێت و دانیشتوانیش دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بگوزەرێنن".
زیادکردنی ئەمنیەت لە سوودی دانیشتواندایە
بارودۆخی ئەمنی لە تارمییە "بەشێوەیەکی بەرچاو جێگیرە"، لەکاتێکدا هەڕەشەکانی شانە نوستووکانی داعش زۆر کەمی کردووە.
وتی دانیشتوانی تارمییە یارمەتی هێزە ئەمنییەکان دەدهن بۆ پاراستنی ناوچەکانیان، "چونکە تێدەگەن زیادبوونی سەقامگیری ژیانێکی باشتر، هەلی کار، خزمەتگوزاریی زیاتر و بوژاندنەوەی ئابوری دەهێنێتە ئاراوە".
محەمەدی وتی هەڵمەتهكانی گەڕان و پشکنین لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر قەزاکە، لهنێویاندا ئهو هێرشەی عەمید عەلی حەمید غەیدان خەزرەجی کوشت لە تەمموز، بەشدارن لە بەرەوپێشبردنی ئەمنیەتدا.
وتی ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی 5,000 دانیشتووی ئاوارە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
داوایكرد "لیوایەکی تایبەت یان فەوجێك له لانیکەم 500 چەکداری خێڵەکانی تارمییە پێكبهێنرێت بۆ پشتیوانیکردنێكی بههێزی هێزە ئەمنییەکان و بەشداربوون لە پاراستنی ئەمنیەتدا لە ناوچەکانیان".