منداڵانی دانیشتووی کەمپی هۆل "بۆمبێكی كاتین"و لە مەترسیی بەڕادیکاڵبووندان لەکاتێکدا لەژێر سایەی ئایدیا تووندڕەوەکان و دۆخێکی ناخۆشدا گەورەدەکرێن، بهرپرسان هۆشداریدەدەن.
ئهو بهرپرسانه دەڵێن زۆربەی ژنەکانی سەر بە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە لە کەمپەکەدا دەژین وبەردەوامن لە گۆشكردنی منداڵەکانی خۆیان و هی دی به ئایدیۆلۆژیای رادیکاڵانەی گروپەکە.
وتەبێژێكی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستێفانی دوجاریک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا 16 تشرینی یەکەم وتی: "نزیکەی 34,000 منداڵی خوار تەمەنی 12 لە کەمپی هۆلدا هەن -- زیاتر لە 120 منداڵیان بێسەرپەرشتن و لە خێزانەکانیان جیاکراونهتەوە و لە ناوەندی چاودێریی کاتیدا له کەمپەکە دەژین."
وتی دۆخی ژیانکردن لە کەمپی هۆل "بە هەموو مانایەک سەخته" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی لە مانگی رابردوودا، "رێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییانداوە لە خراپبوونی دۆخی ئەمنی لە کەمپەکە لە دوای زیادبوونی رووداوەكانی تووندوتیژی".
![منداڵان لە بەردەم خێمەکانی کەمپی هۆلدا یاریدەکەن لە باکوری سوریا. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی نەهر میدیا لە فەیسبووک]](/cnmi_di/images/2020/10/29/26753-Syria-Hol-camp-600_384.jpg)
منداڵان لە بەردەم خێمەکانی کەمپی هۆلدا یاریدەکەن لە باکوری سوریا. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی نەهر میدیا لە فەیسبووک]
نەرمین عومسان کە لە بەشی مرۆیی رێخراوی هەیڤا سووری کوردی لە کەمپی هۆل كاردەکات، وتی ئەو کێشانەی رووبەڕووی منداڵانی کەمپی هۆل دەبنەوە بهشێكن لهو کێشە زۆر جددیانهی کارمەندە مرۆیی و کۆمەڵەناسهكان لە کەمپەکەدا كاری لهسهر دهكهن.
منداڵهكان بەسەر سێ گروپدا دابەشدەبن: یەکەم گروپ ئەو منداڵانەن کە لەگەڵ خێزانەکانیان دەژین و منداڵانی چەکدارانی داعشن، یان هی ئەوانەی هاوکاری گروپەکەن، یان ئەو خێزانانەی لە کەمپەکەدا گیریانخواردووه.
گروپی دووەم پێکدێت لە منداڵە بێباوکەکانی چەکدارە مردوو یان بێسەروشوێنهکانی داعش کە لەگەڵ دایکیان لە کەمپەکەدا دەژین، لەکاتێکدا گروپی سێیەم پێکدێت لەو منداڵە بێسەرپەرشتانەی لە ناوچە ئازادکراوەکان له دەست داعش دۆزرانەوە.
عوسمان بە دیارونای وت ئەو رێکخراوانەی لە کەمپەکە کاردەکەن هەوڵی تەواوەتی خۆیان دەدەن تا ژینگەیەکی گونجاو بۆ منداڵەکان دروستبکەن. "بەڵام کەمیی هاوکاریەکان و سنوورداریی سەرچاوەکان بەربەستێکن لەبهردهم خزمەتکردنێكی شیاوی ئهو ژمارە زۆره [له منداڵان]."
خوێندگەی پێویست بۆ تەواوی منداڵەکان نییە و شوێنی پێویستیش نییه تا هەموو منداڵەکان بەشداریبکەن لەو چالاکییانەی رۆژانە لە کەمپەکەدا ئەنجامدەدرێت.
هزری خاوی گهنجان
پرۆفیسۆری کۆمەڵناسی لە زانکۆی قاهیرە، بەسمە حوسنی وتی منداڵانی کەمپی هۆل "بۆمبێكی كاتین لەلایەن ژنان [ی داعشهوه] ئامادەدەکرێن لە کەمپەکەدا".
بە دیارونای وت: "منداڵانی ژێر تهمهنی 18 ساڵی پێوستیان بە خوێندنگە و ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ئاسایی هەیە، كه بەبێ ئەوه زۆر سەخت دەبێت دوای گەورەبوونیان بگەڕێنرێنەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی."
وتی دەبێت ئهم کێشەیە گرنگییهكی نێودەوڵەتیی پێبدرێت، چونکە ئەو منداڵانەی لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە هاتوون و تێكهڵكردنیان به کۆمەڵگە "پرۆسەیەکی سەختە کە هاوکارییهكی دارایی گەورەی پێویستە".
حوسنی وتی: "ئەمە شتێکە تاکە وڵاتێک یان بەڕێوبەرێتی کەمپی هۆل بە تەنیا ناتوانن ئەنجامیبدەن."
بەگوێرەی یونیسێف، نزیکەی 40,000 منداڵ لە 60 وڵاتی جیاوازەوە لە کەمپی هۆلدا دەژین.
حوسنی پێشنیاری ناردنەوەی ههندێك له منداڵهكانی کرد بۆ وڵاتەکانی خۆیان تا بخرێنهژێر پرۆسەی میانڕەوكردن و دووبارە خستنهوه بهر خوێندن لەژێر سەرپەرشتیی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، چونكه گرنگە ئەو منداڵانە لەو ژینگە سەختەی کەمپەکە دووربخرێنهوه.
وتی: "مێشکی منداڵان لەم قۆناغە سەرەتاییەی ژیاندا ئەو بیروڕایانه وەردەگرێت کە پێیاندەدرێت، کەواتە مانەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی ژنانی تووندڕەودا، تەنانەت ئەگەر دایکیشیان بن، دواجار بەرەو تووندڕەوی و پشتیوانیکردنی بیروبۆچوونی نابەجێیان دەبات."
ئەو هێزە کوردیانەی کەمپەکە بەڕێوەدەبەن چەند جارێک داوایانکردووە وڵاتانی رەسەن چەکدارە بیانییەکان و خێزانەکانیان ببەنەوە.
بەڵام زۆربەی نەتەوەکان ویستێکی کەمیان پیشانداوە، جگە لە بردنەوەی منداڵە بێسەرپەرشتەکان.
دووشەممە (26 تشرینی یەکەم)، چوار منداڵی ئەلبانی لە کەمپی هۆل گەڕێنرانەوە لەسەر داواکاریی حکومەتی ئەلبانیا.
رۆژنامەوان و چالاکوانی کۆمەڵایەتی، عەمار ساڵح وتی بە روماڵکردنی کەمپی هۆل و کارکردن لەگەڵ رێکخراوە مرۆیی و کۆمەڵایەتیهکان، بەچاوی خۆی کردەوەکانی ژنانی داعشی لەوێ بینیووە.
بە دیارونای وت: "رێگری لە منداڵەکانی خۆیان و منداڵانی چەندین ژن[ی دیکەش] دەکەن لە بەشداریکردن لە چالاکییەكانی خۆشگوزهرانی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییدا كه لە کەمپەکە رێکدەخرێن، تاوەکو منداڵەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە."
وتی لەجیاتی ئهوه ئهو ژنامه ئایدیا تووندڕەوەکانی داعش لە مێشکی منداڵەکاندا دهچێنن -- كه زۆربەی ئەو ژنانە هێشتا بڕوایان بەو ئایدیانە هەیە -- بۆئەوەی نەوەیەکی نوێی رادیکال لە گەنجانی داعش دروستبکەن.
ساڵح وتی ئەو ژنانە چەند جارێک هەڕەشەیان لە ژنەکانی تر کردووە و تووندوتیژییان لە دژیان بەکارهێناوە بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی منداڵەکانیان بکەن.