ئەو عێراقیانەی قسەیان لەگەڵ دیارونا کرد بەهیوابوون هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی داهاتوو نەخشەی سیاسی لە وڵاتەکەیاندا بگۆڕێت بە جڵەوکردنی نفوزی لایەنەکانی سەربە ئێران.
وتیان ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا دەستیانپێکرد دژی گەندەڵی و كردهوهكانی میلیشیاکان بوونەتە هۆی تووڕەییهكی جەماوەریی زۆر کە دەکرێت ببنە هۆی لهدهستدانی دهنگ بۆ ئەو لایەنانە.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە وتارێکیدا بۆ خهڵكی وڵاتهكه لە 24 تشرینی یەکەم وتی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی حوزەیرانی 2021، کە له ئهنجامی وەڵامدانەوەی داواکانی خۆپیشاندەراندا هاتهپێشهوه، ئەنجامدەدرێن.
پەرلەمانی عێراق پڕە لە لایەنەکانی سەربە ئێران کە دژی چاکسازی سیاسیی بەرچاون، لەکاتێکدا مشتومڕ لەسەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەکرێت.
پیاوی باڵای ئایینی شیعەی عێراق عەلی سیستانی پشتیوانی له هەڵبژاردنە پێشوەختەکان كرد و هانی عێراقیەکانی دا بۆ بەشداریكردنێكی بهرفراوان تێیاندا.
هۆشداریشی دا لەوەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان یاخود ئەنجامدانیان بەبێ دابینکردنی دۆخی گونجاو بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنیان "کێشەکانی وڵاتەکە قوڵتر دەکاتەوە".
ئاستەنگ بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت
مامۆستای پەیوەندییە ئابوریەکان لە زانکۆی عێراقیە، عەبدولڕەحمان مەشهەدانی وتی خۆپیشاندانەکان دەریانخست کە لایەن و میلیشیاکانی سەربە ئێران "هیچ پشتیوانیەکی جەماوەرییان نییە".
بە دیارونای وت توڕەیی جەماوەری زیاد دەکات دژی پێشێلکاریەکانی ئەم گروپانە و "دەکرێت ئەمە سەربکێشێت بە زیانی ئەو لایەنانەی هاوپەیمانی ئێرانن لەڕووی دەستڕاگەیشتنهوه بە نوێنەرایەتی لە پرۆسەی سیاسیدا".
مەشهەدانی وتی گۆڕانکاری لە دیمەنی سیاسیی عێراقیشدا پەیوەستە بە دابینکردنی "ژینگەیەکی سەلامەت بۆ هەڵبژاردن کە ئازاد بێت لە نفوزی گروپە چەکدارەکان".
وتی ئەمە ئاستەنگێکی سەرەکییە بۆ حکومەت، چونکە گروپەکانی سەربە ئێران چەکی نایاساییان پێیە و "شەرم ناکەن لە ئەنجامدانی هەر کارێك بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان".
توێژەری کاروباری سیاسی و پسپۆڕی سەربازی، ئەیاد توفان بە دیارونای وت: "دەسەڵاتی سیاسیی پارە و چەکی دهست گروپەکانی سەربە ئێران بوونەتە هەڕەشەیەکی جددی."
وتی: "ئەم گروپانە دەکرێت نفوزیان بەکاربهێنن لە پرۆسەی سیاسیدا، وەك لە هەڵبژاردنەکانی 2018 ئەنجامیاندا."
وتی لەڕێی کردەکانیانەوە، بەردەوام هەوڵیانداوە لە بایەخی هێزی یاسا کەمبکەنەوە، لە رۆڵی هیزە ئەمنی و دەزگا فەرمیەکان بدەن و زیانبدهن لە ئاسایش و بەرژەوەندیی عێراقیەکان.
وتی هەروەها هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنیی عێراق دەکەن و ئاماژەیکرد بە سوتاندنی بنکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، دوای ئەوەی سەرکردەیەکی حیزبەکە، هۆشیار زێباری، داوای ئەوەی کرد میلیشیاکان لە ناوچەی سەوز دەربکرێن.
توفان وتی میلیشیاکان "بەئاسانی دەستبەسەرداری روکاری سیاسی خۆیان نابن بۆ دەستێوەردان لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری نیشتمانی و پاراستنی نفوزی خۆیاندا بەمەبەستی خزمەتکردن بە پرۆژەی ئێران".
هۆشدارییدا لەوەی رەنگە هەوڵبدەن دۆخی ئەمنی بشێوێنن پێش هەڵبژاردنەکان.
'پرۆسەیهكی سیاسیی نوێ'
گروپەکانی دڵسۆزی ئێران، لەنێویاندا عەسائیب ئەهل حەق بە سەرکردایەتی قەیس خەزعەلی و رێکخراوی بەدر، لەئێستادا بەشێكن لە هاوپەیمانێتی فەتح، كه فراکسیۆنێکی پەرلەمانییە.
پسپۆڕی بواری ئاسایش، مەجید قەیسی بە دیاورنای وت ئەم گروپانە نفوزیان بەکاردەهێنن بۆ "دڵنیابوون لەوەی ئامادەییەکی بەهێزیان دهبێت لە پەرلەمانی داهاتوودا".
وتی دەستیانکردووە بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان "بە گۆڕینی سەرکردە سەربازیەکانیان بە سەرکردەی سیاسی"، بەڵام سەرەڕای ئەمە، ژمارەی کورسیە پەرلەمانیەکانی ئەم میلیشیانە دەکرێت لە 47 کورسیەوە ببنە 10 بۆ 12 کورسی.
وتی بۆئەوەی ئەمە رووبدات، دەوڵەت دەبێت چەند هەنگاوێك بنێت بۆ سنووردارکردنی بوونی چەك، جێبەجێکردنی یاسایەکی روون و دادپەروەردانەی هەڵبژاردن و لە هەمووی گرنگتر، تەواوکردنی رێژەی دیاریکراوی دادگای فیدراڵی.
وتی گوڕی جەماوەری کە هەژموونی ئەم میلیشیانە رەتدەکاتەوە، گرنگیەکی زۆری هەیە لە بەرهەمهێنانی پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراتیی نوێ لە عێراقدا.