هێزەکانی عێراق سێشەممە (20 تشرینی یەکەم) گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێیان دۆزییەوە کە پاشماوەی ئەو کەسانەی تێدایە كه لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)وە کوژران لە کەرکوك لەکاتی فەرمانڕەوایی ئەو گروپەدا.
پۆلیسی فیدراڵی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەیان دۆزییەوە لەکاتێکدا چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامدەدا بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەکانی داعشدا لە گوند و شوێنە دوورەدەستەکانی پارێزگاکە، وتەبێژی سوپای عێراق، یەحیا رەسوڵ لە بەیاننامەیەکدا وتی.
وتی گۆڕەکە پاشماوەی زیاد لە 50 کەسی تێدایە کە لەلایەن داعشەوە كوژران لەنێوان 2014 بۆ 2017.
بەڕێوبەری ئەنجومەنی خۆجێی حەویجە، ناجی ئیبراهیم حەواس بە دیارونای وت گۆڕهكه کەوتۆتە ناوچەیەکی دوورەدەست لەنێوان سنوورە کارگێڕیەکانی شاری حەویجە و شارۆچکەی ریازدا.
وتی دانیشتوانی ناوچەکە بەم ناوچەیە دەڵێن "دارودەوەنەکان" كه له نزیك گوندی داود عەلوکەیە.
وتی هێزەکانی پۆلیس گۆڕەکەیان "بە رێکەوت" دۆزییەوە، دوای ئەوەی پاشماوەی قوربانیەکان لەسەر رووی زەوی دەرکەوتبوون بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی شیاو نەنێژرابوون و باو باران لێیدهدان.
حەواس وتی شوێنی دووری گۆڕەکە ئاماژەیە بەوەی داعش بەکاریهێناوە وەك شوێنێك بۆ کۆکردنەوەی قوربانیهكان و بەکۆمەڵ لەناوبردنیان.
وتی رەنگە قوربانیەکان ئەندامانی پێشووی هێزە ئەمنیەکانی عێراق بووبن لە گوند و شارۆچکەکانی حەویجە و ئاماژەیکرد بەوەی چەکدارەکان ئەم پیاوانەیان لە ماڵەکانی خۆیانەوە دهبرد و لە شوێنی نادیار دهیانكوشتن، چونكه دەترسان دڵسۆزی داعش نەبن.
وتیشی: "ئەگەری ئەوەش هەیە قوربانیەکان ئەندامانی ئەو خێزانانەیان تێدابێت کە لەو ناوچانە هەڵاتن کە داعش داگیریکردن بەڵام نەیانتوانی بگەنە ناوچە ئهمینهكانی ژێردەستی هێزە ئەمنیەکان لە شاری کەرکوك یان پارێزگای سەلاحەدین."
'حکومەت دەبێت هەڵدانەوەی گۆڕەکان بكاته كاری پێشینه'
حەواس وتی ئەو گۆڕەی سێشەممە دۆزرایەوە "سێیەمینە لە خۆرئاوای پارێزگای کەرکوك بدۆزرێتەوە".
وتی دوو گۆڕەکەی دیکە -- سێ ساڵ لەمەوبەر دوای کۆتایی شەڕی رزگارکردنی حەویجە دۆزرانەوە -- پاشماوەی ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانی تێدایە و وتیشی تیمەکانی حکومەت و نەتەوە یەکگرتوەکان گۆڕ و شوێنەکانیان پشکنیوە و پەرژینیان بۆ داناون، بەڵام هێشتا ههڵنهدراونهتهوه تا پاشماوەکان دەربهێنرێن.
حەواس داوای لە حکومەت کرد کە "زۆرترین گرنگی" بداتە هەڵدانەوەی گۆڕەکانی قوربانیانی تیرۆریزم.
وتی: "خێزانی قوربانیەکان بەردەوام پرسیارمان لێدەکەن بزانین چارەنوسی خۆشەویستانیان چی بەسەرهاتووە، بەڵام ناتوانین هیچ شتێکیان بۆ بکەین لەبەرئەوەی ئەرکی هەڵدانەوەی گۆڕەکان لەسەروو توانای ئێمەوەیە."
وتی ئەم ئەرکە پێویستی بە ستافی تهكنیكی و خشتەی کات، لهگهڵ ئامێر و پسپۆڕی هەیە بۆ پاراستنی پاشماوەكان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی تا ناسنامەی قوربانیەکان دەربخرێن.
لە 2017وە، زیاد لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی داعش دۆزراونەتەوە لە سەرانسەری پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین، ئەنبار و کەرکوك.