لەڕێی بەقاچاخبردنی کەلوپەلهوه بۆ سوریا، حیزبوڵای لوبنان سزاکانی ئەمریکا پێشێلدەکات کە بەسەر رژێمی سوریا و پشتیوانەکانیدا سەپێنراون.
یاسای قەیسەری 2019 بۆ پاراستنی مەدەنییەکانی سوریا هەوڵدەدات رێبگرێت لە ئاساییبوونەوەی رژێمهكهی ئەسەد بەبێ بەرپرسیار راگرتنیان بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
ئابوریناسێكی سوریا، مەحمود مستەفا بە دیارونای وت بازاڕی ڕەش لە سوریا پشتدەبەستێت بە کەلوپەلی قاچاخ لە لوبنانەوە، بەتایبەتی دەرمان و سووتەمەنی و خۆراک.
وتی ئەو کەرەستانە لهلایهن کەسە نزیکەکانی رژێم و بەرپرسانی رژێمهوه بە نرخی زۆر بهرز فرۆشراون، هەندێکجار بە 10 هێندەی نرخی سەرەکی.

گرتەیەک لە ڤیدیۆیەکەوە کە یەکێک لە سنوورەکانی نێوان لوبان و سوریا لە باکوری لوبنان پیشاندەدات.
وتیشی زۆربەی داهاتی بازاڕی رەش دەچێتە نێو خەزێنەکانی رژێمەوە بۆ "پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە پارەی کاش هەیانە بەهۆی قەیرانە داراییەکەوە".
مستەفا وتی بازرگانییە نایاساییەکە به ههردوو ئاراستهدا دهڕوات، كه قاچاخچییە سورییەکان کەلوپەل بۆ نێوخۆی لوبانانیش دهبهن لەڕێی هەمان تۆڕەوە.
وتی خۆراک بە قاچاخ دەگوێزرێتەوە بۆ لوبنان لەڕێی لایەنەکانی سەر بە حیزبوڵاوه و بە نرخی دوو هێندە دەفرۆشرێتەوە و بهوجۆره داهاتی نایاسایی بە دراوی بیانی زیاتردەکات بۆ رژێمی سوریا، ئەمەش یارمەتییدەدات لە بەرامبەر سزاکاندا خۆیبگرێت.
وتیشی زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی بەڕێی قاچاخ گوێزراونەتەوە بۆ نێو خاکی لوبنان پێکدێن لە خۆراکی سهرهكی کە خەڵکی سوریا پێویستیانە.
مستەفا وتی ئەو شمهكانه بە نرخێکی بەرز و بە دۆلار دەفرۆشرێن، ئەمەش داهاتی رژێمی سوریا بە دراوی بیانی زیاتردەکات.
زیادبوونی مەینەتیی سوریەکان
لێکۆڵەری سیاسی، عەبدول نەبی بەکار بە دیارونای وت یاسای قەیسەر گوشاری خستۆته سهر رژێمی سوریا بە بلۆککردنی ئەو سهرچاوانهی لەڕێیانەوە یارمەتی دارایی بەدەستدەگەیشت.
وتی كرده سیستهماتیکەكانی قاچاخچێتی لهلایهن حیزبوڵاوه لە سوریا "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای قەیسەرە، چونكه ئهو كردانه دڵنیاییدەدەن لە چوونی پارەی کاش بۆ ئهفسهران و خەزێنەکەی رژێم".
بەکار وتی ئەو یارمەتییە داراییانە یارمەتی رژێم دەدەن بەرگەبگرێت و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە مەدەنییەکانی سوریا بۆ چەندین ساڵ لەژێر دەسەڵاتی رژێمەکەدا رووبهڕووی مەینەتی بوونەتەوە.
وتی رۆڵی حیزبوڵا لە رێکخستنی كردهكانی قاچاخچێتی و دابینکردنی پارێزگاریدا بۆ قاچاخچێتی "راستەوخۆ دهیخاته بهردهم سزاکانی یاسای قەیسەر، ئەمەش دواتر کاریگەری لەسەر ئابوریی لوبنان دادەنێت".
وتیشی ئەمە لوتكهی ئهو زیانهیه كه بە لوبنان دهگات لەڕێی ئهو كردانهی قاچاخچێتییهوه، کە تێیاندا ئەو کەلوپەلانەش لە سوریا دهفرۆشرێن کە حکومەتی لوبنان پشتیوانی داراییان دەکات.
سەڵاح مەنسور کە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای پێشووی حیزبوڵا هەیە، وتی لهپاڵ سهرپهرشتیكردنی پهڕینهوهی نایاساییدا، حیزبوڵا چەکدارەکانی لە ههندێك ناوچە کێشاوهتەوە بۆ پاكردنهوهی رێگا بۆ قاچاخچیان تا لەژێر پاراستنیدا کاربکەن.
مەنسور نزیکبووە لە سەرکردایەتی پارتەکە لە دۆڵی بیقاع پێشئەوەی لە گروپەکە جیاببێتەوە.
بە دیارونای وت ئەو کەلوپەلانەی گوێزراونەتەوە نێو خاکی سوریا، پێکدێن لە سووتەمەنی و بەنزین و چەندین دەرمان کە لە دەرمانخانەکانی لوبان دەرهێنراون.
وتی هەروەها ئارد و نان و چەندین خۆراكی دیکە لهخۆدهگرن، کە زۆربەی جار بە نرخی دووهێندە لە سوریا لەلایەن لایەنگرەکانی رژێم و ئەفسەرانی سوپاکەی رژێمەوە فرۆشراون.
مەنسور وتی هەڵمەتەکانی قاچاخچێتی لەئێستادا تهركیز دهخهنه سەر بهنزین و مازۆت و هەروەها گواستنەوەی بڕێكی زیاتری ئەو کەرەستانە پێشئەوەی هاوکارییە داراییەکانی لەلایەن بانکی ناوەندی لوبنانەوە رابگیرێن.
وتیشی راگرتنی ئەو هاوکارییە داراییانە "رێگریدەکات لە پرۆسەی قاچاخچێتی چونکە نرخەکانی بهنزین و مازۆت بەرزدەکاتەوە بۆ ئاستێک کە دانیشتوانی سوریا ناتوانن دەستیبخەن".