ئەو هێزانەی بە پێشەنگی کوردەکان باکوری خۆرهەڵاتی سوریایان بەدەستەوەیە، پێنجشەممە (15 تشرینی یەکەم) زیاد لە 600 زیندانیی سورییان ئازادکرد کە بەهۆی بوونی پەیوەندییەوە بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەستگیرکرابوون.
ئەو 631 زیندانییە بە تۆمەتی تیرۆریزم دەستگیرکرابوون و یەکەمین گروپی ئازادکراون لە رێکەوتنێکی لێبووردندا کە بەمدواییانە دوای داواکاریی خێڵە عەرەبەکانی خۆرهەڵاتی سوریا درا.
کارگێڕییه کوردییهكهی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەیان هەزار کەسی گومانلێکراو و خێزانەکانیانی راگرتووە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووه و زۆربەیان سوری و عێراقین.
سەدان بیانیشی راگرتووە کە چارەنوسیان بابەتی مشتومڕێکی دبلۆماسییە و بەشێك نین لە رێکەوتنی لێبووردنەکەی ئەمدواییە.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، یەکێك لە دەزگا کارگێڕیە باڵاکانی خۆسەریەکە، ئامینە عومەر، لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا لە شارۆچکەی قامیشلی وتی: "هەموو ئەوانەی ئازادکراون سورین."
وتیشی ئەوانەی پێنجشەممە ئازادکران لانیکەم نیوەی ماوەی زیندانیان تەواوکردووە و دەرکەوتووە دەستیان بەخوێنی کەس سوور نەبووە.
بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ خێڵە عەرەبیەکان
ئازادکردنەکان دوای چەند داوایەکی دووبارە هاتن لەلایەن خێڵە عەرەبەکانەوە کە لە زۆربەی ئەو ناوچەیەن کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، لەنێویاندا ناوچەکانی نزیك سنووری عێراق کە داعش لە ساڵی 2019 دوایین شەڕی خوێناویی خۆی لێ کرد.
پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس لەبەردەم زیندانی عالییەدا لە کەنارەکانی قامیشلی دەیان زیندانییان بینی کە بیناکەیان جێدەهێشت و بە کەسوکاریان دەگەیشتنەوە کە هاتبوون بهپیریانهوه.
ئەحمەد حسێن بە ئاماژەکردن بە گەورەترین زیندانی ئەو ناوچەیە، وتی: "براکەم ماوەی هەشت مانگە لە زینداندایە بەرامبەر رفاندنی ژنان لە کەمپی هۆل."
بەگوێرەی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، هۆل خۆی پەناگەی زیاد لە 60,000 کەسە، لەنێویاندا 24,300 سوری کە لە شەڕدا دهستگیركراون یان ئاوارە کراون.
تێچووی بەڕێوەبردنی ئەو جۆرە دەزگایانە بارێکە بەسەر شانی کارگێڕییه بێپارە کوردیهكەوە کە هەوڵدەدات سووکی بکات بە ئازادکردنی بەکۆمەڵ.
رێکەوتنەکە هاریکاریی سەختی نێوان هێزە کوردیەکان و خێڵە عەرەبیەکانیش زیاددەکات کە رەهەندێکی گرنگ دەبەخشێتە ئەو هاوپەیمانێتیە سەربازییەی ئەو ناوچەیەی کۆنترۆڵکردووە.