هەندێك لە خاوەن زەوییەکانی پارێزگاکانی ئیدلیب و حەمما پارە دەدەنە تەحریر شام تا بەزۆر ئاوارەکان لە کەمپەکانی ناوچەکانیان نەهێڵێت، چالاکوانێکی پارێزگای ئیدلیب وتی.
چالاکوان موسعەب عەساف وتی بەرپرسانی تەحریر شام بڕێکی زۆر بەرتیلیان بەدەستگەیشتووە لەلایەن خاوەن زەوییەکانەوە بۆ نەهێشتنی ئاوارەکان لەسەر هەندێك موڵكی دیاریكراو.
وتی هیچ نشینگەیەکی جێگرەوە بۆ ئەم خێزانانە دابین نەکراوە.
عەساف وتی بەرپرسانی تەحریر شام چوون بۆ چەندین کەمپ تا بە خەڵکە ئاوارەکە بڵێن هەرچی زووترە جێیان بهێڵن و ئاماژەیکرد بەوەی تائێستا لانیکەم دوو کەمپ ناچارکراون بە گواستنەوە.
بەگوێرەی عەساف، تەحریر شام پێکدادانی لەگەڵ ئاوارەکان بۆ دروستبوو، تەقەی هۆشداریی کرد.
گواستنەوەکان 'نادادپەروەرانە و نەشیاون'
عەساف وتی ئەو خێزانە ئاوارانەی ناچاربوون ئەو کەمپانە جێبهێڵن کە پەنایان بۆ هێنابوون بەهۆی تۆپباران و هێرشە ئاسمانیە بەردەوامەکانەوە، زۆر تووڕە بوون، چونکە هیچ شوێنێکی جێگرەوەیان بۆ مانەوە پێنەدرابوو.
وتی لە شەش ساڵی رابردوودا لە دۆخێکی زۆر نالەباردا ژیاون، بەڵام لانیکەم شوێنێکیان هەبوو بۆ مانەوە و ئاماژەیکرد بەوەی جێهێشتنی کەمپەکان بۆیان یەکسانە بەبێ ماڵ و حاڵی.
کەمپێك نزیك بە شارۆچکەی عەقرەبات له باکوری ئیدلیب، خەڵکی تێدایە لە ناوچە گوندنشینەکانی حەمما و باشوری ئیدلیبەوە.
عەساف وتی خەڵکە ئاوارەکەی ئەو کەمپە پێیان وتراوە خوێندنگە و مزگەوتێك لە شوێنی کەمپەکە دروستدەکرێت، تا جێیبهێڵن.
عەساف وتی دانیشتوانی کەمپێکی دیکە لە باکوری ئیدلیب، لەگەڵ کەمپی بەردەقلی له نزیك شاری سەرمەدا، پێیانوتراوە بڕۆن بە پاساوی فراوانکردنی كانهبهردێك لەو نزیکانە.
كانهبهردهكه لەلایەن بەرپرسێکی تەحریر شامەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
دانیشتوویهكی پێشتری مەعەرەت نوعمان، هانی نوعمان بە دیارونای وت بەمدواییانە خێزانەکەی گواستۆتەوە بۆ شارۆچکەیەکی نزیك بە سنووری تورکیا.
بەگوێرەی نوعمان، تەحریر شام "هەموو رۆژێك رەنگی راستەقینەی خۆی دەردەخات بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ مەدەنیەکان".
وتی دەرکردنی کۆمەڵگە ئاوارەکە لە کەمپەکان نەشیاو و نادادپەروەرانەیە.
وتیشی تەحریر شام بەرهەمی داهاتی فرۆشی سوتەمەنی و باجی بەرز دهپچڕێت، بۆیە بەئاسانی دەتوانێت ئاوارەکان لە ژمارەیەك کەمپی جێگرەوە نیشتەجێ بکات.
نوعمان وتی لەجیاتی ئەوە "بەرپرسانی تەحریر شام رەچاوی بەرژەوەندیە تاکەکەسیەکانی خۆیان دەکەن لەسەر حسابی هەزاران خێزان".
پەناگەی جێگرەوە بوونی نییە
زستان بەخێرایی نزیكدەبێتەوە و دۆخی سەخت چاوەڕێی خێزانە ئاوارەکانە بەهۆی کەشی سارد و باران و زوقمەوە.
نوعمان وتی دۆزینهوهی داڵدهیهك لهدهست كهشوههوا یان نشینگەیهكی كاتی، زۆر خێزان دەبێت جێی خۆیان لهگهڵ خێزانێکی دیکە بكهنهوه و بەهاوبەشی لە خێمەیەکدا نیشتەجێ ببن.
ئەمە مەترسیەکی گەورەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە (کۆڤید-19)، بەجۆرێك بڵاوبوونەوەی پەتاکە خۆی نیگهرانیی لە پارێزگاکە دروستكردووه.
دەیان خێزانی ئاوارە ناڕەزاییان دەربڕی دژی کارەکانی تەحریر شام، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتیە تووندڕەوە خێرا خۆپیشاندانەکانی سەرکوتکرد.
خۆبەخشێكی کڵاوسپیەکان، خالید خەتیب بە دیارونای وت ناوچهكانی باکوری خۆرئاوای سوریا، لەنێویاندا ئیدلیب و چەند بەشێکی پارێزگای حەلەب و حەمما، شوێنی 1,293 کەمپی فەرمین.
وتی پێکەوە ئەم کەمپانە شوێنی زیاد لە ملیۆنێك خەڵکی ئاوارەن، لەکاتێدکا 400 کەمپی دیکەی نافەرمی نزیکەی 200,000 ئاوارە لەخۆدەگرن.
وتی کەمپە فەرمیەکان کە خۆیان جەنجاڵن، ناتوانن ئاوارەی زیاتر لەخۆبگرن، بۆیە سەختە خەڵکی ئاوارەی نوێ لەوێ پەنابگرن.
وتی رێکخراوەکانی کۆمەك کە لە باکوری خۆرئاوای سوریا کاردەکەن بە زەحمەت دەتوانن پێداویستیە بنەڕەتیەکان دابینبکەن و ناتوانن کەمپەکان فراوانبکەن یان کەمپی نوێ بنیاتبنێن.
وتیشی بەهۆی دەگمەنیی کارەوە، کەمپە کاتیەکان بەگشتی لەلایەن گروپه خێزانه بێکار و تەواو هەژارەكانهوە دروستدەکرێن، یان خێزانێك و خزمەکانیان کە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان بۆ نیشتەجێبوون نییە.