ئەو سزا نوێیانەی ئەمریکا خستوونیەتە سەر ژمارەیهك له دەسەڵاتدارانی ئامێری ئەمنیی رژێمی سوریا لە پارێزگای دەرعا له باشوری وڵاتهكه، لێدانێکی دوولایەنەیە لەدژی هەردوو رژێم و روسیای پشتیوانی، رۆژنامەوانێکی سوریا بە دیارونای وت.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا له 30 ئەیلول رایگهیاند كه میلاد جەدید، فەرماندەی میلیشای فەیلەقی پێنجی خستۆته لیستی تێرۆریستانهوه، کە روسیا پشتیوانیی لێدەکات.
ههروهها لیوا حوسام محەمەد لوقا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتیش خرایە نێو لیستەکەوە، کە یەکێکه لە چوار دەزگا هەواڵگرییەکانی سوریا.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، لوقا دەمێکە سەرکردەیەكی باڵایه لە ئامێری ئەمنیی رژێمی سوریادا و لە تەمموزی 2019وە لەم پێگەیەی ئێستایدایه.
لە 2010، وەک جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی دیاریکراوە و لە دەستپێکی شەڕەکەی سوریاشەوە، لە ئازاری 2011، چهندین پۆستی باڵای هەبووە لە هەردوو بەڕێوبەرێتی ئاسایشی سیاسی و دەزگای هەواڵگری گشتی سوریادا.
لهنێو ئهو پۆستانهدا، سەرۆکایەتیکردنی لقە ئەمنییەکانی حومس و حەما.
وەزارەتی دارایی لە بەیاننامەیهكدا دهربارهی سزاکان، رایگەیاند: "لەکاتێکدا لە حومس كاریكردووه، راپۆرت هەیە لەسەر ئەوەی لوقا کۆمەڵێک کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە و بەرپرسیارە لە ئەشکەنجەدانی زیندانیان له بەڕێوبەرێتیەکەیدا."
بەگوێرەی بەیاننەمەکە: "لە 2015، لوکا لە راپۆرتە میدیاییەکاندا بەوە تۆمەتبارکرا کە بەشدارییکردووە لەوهی ناسراوه به 'کۆمەڵکوژی جەژن' لە گەڕەکی وائر، کە لهوێ شوێنێکی یاری منداڵان بۆردومانکرا و 19 کەس، لهنێویاندا 14 منداڵ، کوژران."
سزاکان رژێم و سوریا دەکەنە ئامانج
سزاکان بەشێکن لە یاسای قەیسەری ساڵی 2019 بۆ پاراستنی مەدەنییە سوریەکان، کە هەوڵدەدات رێگربێت لە ئاساییكردنهوهی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بەبێ بەرپرسیارێتی راگرتنی بەرامبەر پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ.
رۆژنامەوانێكی سوریا، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت: "دهستنیشانكردنی لوقا و جەدید [وهك تیرۆریست] مشتێكی دوولایەنەیە کە ئاڕاستەی هەردوو رژێمی سوریا و روسیا کراوه."
ئاماژەی بەوەش کرد کە فەیلەقی پێنج، "کە سورییە و دەبێت بەشێک بێت لە سوپای سوریا"، بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی روسیادایە و لەلایەن هەمان وڵاتەوە پشتیوانیدەکرێت، هەروەها پەیڕەوی فەرمانەکانی ئەفسەرانی سوپای روسیا دەکهن کە لە باشوری سوریا چالاکن.
عەبدوڵا وتی جەدید دەستی هەبوو لەو پشێوی و بێیاساییەی لە دەرعا هاتە ئاراوە و بەرپرسیارە لە راكێشانی گەنجانی سوریا بۆ نێو ریزەکانی فەیلەقی پێنج.
وتیشی فەیلەقی پێنج بووە بە میلیشیایەک کە فەرمانەکانی لە فەرماندەییەکی ناسورییهوه وەردەگرێت و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی یەکە میلیشیاییەکان گوێزراونەتەوە بۆ پارێزگای ئیدلیب له باکور بۆ بەشداربوون لەو شەڕەدا كه لەوێ لەئارادایە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دارایی، ئەمە بۆتە هۆی "دواخستن و بلۆککردن یان رێگریرکردن لە ئاگربەستێک لە سوریا".
عەبدوڵا وتی ههردوو ئەفسەرانی سزادراو بەردەوامبوون لە سهرپهرشتیكردنی دەستگیرکردنی ژمارەیەك له چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن کە پێشتر پەیوەندیەکانیان لەگەڵ رژمێدا ئاساییکردبووهوە، ئەمەش بووە هۆی هێنانەئارای بارگرژی لە ناوچەکە.
وتیشی: "ئەو سزایانە پشتیوانیكردنی راستەوخۆی خەڵکی دەرعا و ناوچەکانی دەوروبەری دهردهخهن بەهۆی ئەو ستەمکاری و دەستگیرکردن و تیرۆرکردنەوه کە بەدەستی هەردوو هێزەکانی رژێم و فەیلەقی پێنج رووبهڕووی دهبنهوه."