فیرقەی دژە تیرۆریزمی هەرێمی کوردستانی عێراق چوارشەممە (30 ئەیلول) هێزەکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبارکرد بە بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی موشەکیدا، کە تۆڕێكی سەربازیی نائاساییە و لەلایەن هێزەکانی سەربە ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە.
لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه "شەش موشەك لە پارێزگای نەینەوا لەلایەن حەشدی شەعبیەوە هاوێژران، فڕۆکەخانەی هەولێریان کردە ئامانج" کە هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرن.
سۆران عەلی، فەرماندەیەك لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (پدکا) -- کە گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە و لە هەرێمی کوردستانی عێراق چالاكه -- پیشتر وتی سێ موشەك هاوێژران، بەبێ خستنەوەی هیچ زیانێك.
وتی سێ موشەك "بنکەکانی پدکای کردە ئامانج لە کاتژمێر 8.30 ئێوارە کە دوو کیلۆمەتر" لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دوورە.
ڤیدیۆیەك لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووهوە کە چەند ئاگرێك نیشاندەدات بەهۆی موشەکەکانەوە دروستبوون.
وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق و سیاسەتوانی هەرێمی کوردستان، هۆشیار زێباری لەسەر تویتەر وتی موشەکەکان لەلایەن "هەمان ئەو گروپانەوە هاوێژران کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کاروانەکانیان کردۆتە ئامانج. پێویستە کاربکرێت بۆ راوەستاندنی".
نزیکەی 40 هێرشی موشەکی دیکە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایان لە عێراق کردۆتە ئامانج لە سەرەتای ئابەوە، لەنێویاندا یەکێكیان دووشەممە بوو کە لە گوندێکی نزیك بە فڕۆکەخانەی بەغدای دا، کە لەوێ هێزەکانی ئەمریکا جێگیرن. ئەو هێرشە پێنج منداڵ و دوو ژنی کوشت لە هەمان خێزان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سێشەممە پەنجەی تۆمەتی بۆ میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق راکێشا و رایگەیاند "مەترسییەکی پهسهندنەکراوه" لە عێراق.
واشنتۆن هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی کرد لە عێراق و کشانەوەی 3,000 سهربازهكهی لەو وڵاتە گەر موشەکەکان نەوەستن.