هه‌واڵه‌كانی عێراق
دیپلۆماسی

میلیشیاکانی سەربە ئێران هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن

فارس عومران

سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەیەکدا له‌ 27 ئەیلول لەگەڵ سەرەکوەزیران مستەفا کازمی، سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایەق زه‌یدان، بۆ تاوتوێکردنی ئەو هەڕەشانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە دەکرێنە سەر ئاسایشی وڵاتەکە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی سەرۆکایەتی عێراق]

سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەیەکدا له‌ 27 ئەیلول لەگەڵ سەرەکوەزیران مستەفا کازمی، سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایەق زه‌یدان، بۆ تاوتوێکردنی ئەو هەڕەشانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە دەکرێنە سەر ئاسایشی وڵاتەکە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی سەرۆکایەتی عێراق]

ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە دەکرێنه‌ سەر پێگە سەربازی و دبلۆماسیەکانی ئەمریکا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە و پەیوەندییە بیانیەکانی، پسپۆڕێکی عێراق دووشەممە (28 ئەیلول) بە دیارونای وت.

ئەمریکا بە حکومەتی عێراقی وتووە پلانی کشانەوەی تەواوەتی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا هەیە گەر عێراق جڵەوی ئەم هێرشانە نەکات.

بەرپرسانی عێراقی و بیانی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ هەفتەی رابردوو پەیوەندیكردووه‌ بە سەرۆکی عێراقه‌وه‌، بەرهەم ساڵح، تا ئەم دوا واده‌یەی پێڕابگه‌یه‌نێت.

بەرپرسێکی عێراق وتی: "ئەمریکیەکان تەنیا تووڕە نین. بەڵکو بەڕاستی، بەڕاستی، بەڕاستی تووڕەن."

هێزەکانی عێراق لە 5 ئاب دەستیانگرت بەسەر ئەو موشەکە کاتیوشایانه‌دا كه‌ بەکارهاتبوون بۆ بەئامانجکردنی ناوچەی سەوزی بەغدا، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە. [خاوەنی وێنە: شانەی میدیای ئەمنی]

هێزەکانی عێراق لە 5 ئاب دەستیانگرت بەسەر ئەو موشەکە کاتیوشایانه‌دا كه‌ بەکارهاتبوون بۆ بەئامانجکردنی ناوچەی سەوزی بەغدا، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە. [خاوەنی وێنە: شانەی میدیای ئەمنی]

یه‌كێكی دیکە وتی: "مانگی هەنگوینی تەواو."

ئەمریکا هێشتا سەدان دبلۆماتکاری لە ناوچەی سەوزی ئاسایش پته‌و له‌ بەغدا هەیە لەگەڵ نزیکەی 3,000 سەرباز کە لە بنکەکانی تەواوی وڵاتەکەن.

لە 2019وە، دەیان موشەك و بۆمبی دەستکرد ئەم شوێنانەیان کردۆتە ئامانج، بەجۆرێك بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق لایەنەکانی سەربە تاران تۆمەتباردەکەن، لەنێویاندا کەتائیب حیزبوڵڵا.

بەرپرسێکی باڵای عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت تائێستا واشنتۆن دووجار وەڵامی هێرشەکانی کەتائیب حیزبوڵڵای لە عێراق داوەتەوە و پێشتر لەمساڵدا هەڕەشەی بۆمبارانکردنی زیاد لە 120 پێگەی دیکەی کرد گەر هێرشە موشەکیەکان ببنە هۆی گیانلەدەستدانی ئەمریکیەکان.

زیادبوونی کۆدەنگی دژی میلیشیاکان

هەڕەشە نوێکانی ئەمریکا وادیارە ناکۆکیه‌كانی قووڵکردۆتەوە لەنێوان لایەنەکانی دڵسۆزی ئێراندا و ئەوانەی کەمتر دەیانەوێت رووبەڕووبوونەوەیەکی تەواو لەگەڵ ئەمریکا رووبدات.

دوای چەند مانگێك لە بێدەنگی، پیاوی ئایینی خاوەن پێگەی جەماوەری له‌ عێراق، موقتەدا سەدر هەفتەی رابردوو لەسەر تویتەر داوایکرد "لیژنەیەکی ئەمنی و سەربازی و پەرلەمانی پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە" لە هێرشە موشەکیەکان.

دوای چەند خولەکێك، سەرەکوەزیران مستەفا کازمی و کەسایەتیەکانی دیکەی باڵای حکومەت پێشوازییان لە پێشنیازەکە کرد.

بەرپرسێکی عێراق وتی: "کۆدەنگییەك هەیە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە. کەتائیب حیزبوڵڵا و تووندڕەوەکانی دیکە گۆشەگیرکراون و هیچ پشتیوانییه‌کی سیاسییان نییە."

راوێژکارێك لە ناوەندی عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، غازی فەیسەڵ حسێن وتی میلیشیاکانی دڵسۆزی ئێران و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران حساب بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانیەکانی عێراق ناکەن.

بە دیارونای وت لەکاتی راگەیاندنەکەی ئەمریکاوە، زۆرێك لە بەرپرسانی عێراق بەیاننامەیان بڵاوکردۆتەوە و كرده‌وه‌ نابەرپرسانەکانی میلیشیاکانیان ره‌تکردۆته‌وە و سەرکۆنەی هێرشەکانیان کردووە وەك "هێرش بۆسەر سەروەریی عێراق و پێگه‌ نێودەوڵەتیەکەی".

لەکارخستنی فەرماندەکانی سەربە ئێرانی حەشدی شەعبی

تەنانەت حەشدی شەعبیش سەرکۆنەی ئەم هێرشانەی کردووە وەك "کردەی سەربازیی نایاسایی" و نکۆڵی لە تێوەگلان کردووە و بەشێوەیەکی فەرمی جووتێك لە فەرماندەکانی لەکارخستووە کە وا له‌قه‌ڵه‌مده‌درێن تەواو سەربە ئێران بن.

حسێن وتی جێگری فەرماندەی سەرایا خۆراسانی سەربە ئێران، حامید جەزائیری لە پێگەی خۆی لەکارخراوە وەك فەرماندەی لیوای 18 حەشدی شەعبی.

وتیشی وەعد قەدۆ (ئەبو جەعفەر شەبەکی)، فەرماندەی میلیشیای لیوای 30، کە سەر بە حەشدی شەبەکی سەربە ئێرانە، لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

بەڵام تووندڕەوەکانیش خۆیان رێکدەخەن.

پێنج شه‌ش گروپی پێشتر نەناسراو بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشە موشەکیەکان راگەیاندووە بۆسەر ئەمریکا و تەنانەت لەم چەند مانگەی دواییدا هەڕەشەیان لە نەتەوە یەکگرتوەکانیش کردووە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ بەرپرسانی هەواڵگریی عێراق و سەرچاوە سیاسییەکان دەڵێن ئێران تووندڕەوترینەکان لەنێو هاوپەیمانە عێراقیەکانیدا کۆدەکاتەوە بۆ پێکهێنانی رێکخراوێکی نوێ.

حسێن داوای ئەنجامدانی "گۆڕانکاریی ریشەیی لە حەشدی شەعبیدا" کرد کە هاوتەریب بێت بەو دیدگایەی لەلایەن ئایەتوڵڵا عەلی سیستانییەوە خراوەتەڕوو لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەیدا لەگەڵ نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەی 13 ئەیلولدا، سیستانی داوای سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەرگرتنی كرد به‌ دابەشبوونی عێراق بۆ ناوچەی جیاوازی "کۆنترۆڵکراو لەلایەن چەند گروپێکەوە بە هێزی چەك".

هەوڵی یەکانگیر بۆ گۆشەگیرکردنی میلیشیاکان

حسێن وتی میلیشیاکانی سەربە ئێران دەبێت گۆشەگیربکرێن و رێیان پێنەدرێت حەشدی شەعبی وەك روپۆشێك بەکاربهێنن بۆ چالاکیە نەگریسەکانیان.

وتی کردەی تووندوتیژی کە لەژێر دروشمی "بەرەنگاری"دا ئەنجامیدەدەن تەنیا خزمەت بە "ستراتیژی رادیكاڵی ئێران دەکات بەمەبەستی هەڵدانی عێراق و ناوچەکە بۆ نێو چەندین جەنگ و قەیران".

وتیشی ئەم میلیشیانە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستەدەکرێن "بۆ دنەدانی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا"، کە توانایەکی زەبەلاحی سەربازی و تەکنیکی و ئابوریی هەیە.

سەرۆك ساڵح یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کازمی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایەق زه‌یدان، کرد و تێیدا سەرکۆنەی کارەکانی ئەم میلیشیانەیان کرد.

ئەم بەرپرسانە لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەکە وتیان: "کارەکانی ئەم گروپە نایاساییانە دژی ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکە بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار دەچن و سەقامگیریی عێراق دەخەنە بەردەم مەترسیەکی راستەقینەوە."

راشیانگەیاند كه‌ ئەمە پێویستی بە هەوڵی یەکانگیرە لەهەموو ئاستەکاندا لەگەڵ هه‌ڵوێستێكی بەهێز و چالاکی هێزە هەمەجۆرە سیاسییەکان بۆ به‌رگرتن به‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500