هێزە هاوبەشەکانی عێراق پێنجشەممە (24 ئەیلول) ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان بەگەڕخست بۆ بەئامانجکردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە یەکێك لە پەناگە مەترسیدارترینەکانی گروپەکە لەو ناوچەیەی پارێزگاکانی کەرکوك، دیالە و سەلاحەدین لێکجیادەکاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق لیوا تەحسین خەفاجی هەینی بە دیارونای وت یەکەکان لە بنکەی پێشەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوك، دیالە و سەلاحەدین ئەو ناوچەیە دەپشکنن کە بەشەکانی بەرپرسیارێتی ئەم فەرماندەییە سەربازییانە لێکجیادەکاتەوە.
وتی ئەمە دوایینه له زنجیرەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئامانجیان "کۆتاییهێنانە بە بوونی پاشماوەکانی دوژمن" لە ناوچەکە.
ئەم سێگۆشەیە گردەکانی حەمرین و وادی شای لهخۆدهگرێت، لەگەڵ شارۆچکە کشتوکاڵیەکان کە چەندین باخیان تێدایە، وەك عەزیم و موتەیبیجە.
وتی پاشماوەکانی داعش هێشتا ئەم ناوچانە وەك پەناگە بەکاردەهێنن بەهۆی سەختی دۆزینەوەیان لە ئاسمانەوە، وتیشی ئەم ناوچانە گژوگیایەکی زۆر، دوورگەی رووباری و ئەشکەوتی زۆریان تێدایە.
وتی چەکدارەکان بەمدواییانە شهڕانگێزتر بوون دوای ئەوەی چەند یەکەیەکی تیرۆریستی بچوك پەیوەندییان پێوەکردن کە لە سوریاوە دزەیانکردە عێراقەوە. دزەکاران سودیان لە بۆشاییەکانی سەر سنوور بینیووە، بەتایبەتی لە بەشی سوریا و نزیك کەمپی هۆل.
وتیشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەوڵە سەربازی و هەواڵگریەکانی زیادکردووە لەو ناوچانە بە ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی پشکنین و چاودێری و دابەزین.
خەفاجی وتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە نوێکە تائێستا بۆتە هۆی كوشتنی چەندین تیرۆریست و تێکشکانی زیاد لە 24 حەشارگە و کێڵگەیەکی مینی بەرفراوان. چەندین چەکیش دەستیان بەسەردا گیراوە.
وتی هاوکات، هێزەکانی عێراق بەردەوامن لە دەورگرتنی دوورگەی کەنعوس لە شەرگات، باکوری سەلاحەدین، لە 19 ئەیلولەوە.
وتیشی: "توانیومانە مانۆربكهین و بەسەر بەربەسته ئاوییهكهدا زاڵبین و بنکەی سەرەکی دوژمن لەسەر ئەو دوورگەیە تێکبشکێنین" بە پشتیوانی سوپا و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.