کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەکارهێنانی سەرچاوە و دامەزراوەکانی حکومەت بۆ سیخوڕیکردن بەسەر هاوڵاتییەکانی خۆیهوه لە نێوخۆی وڵاتەکە و وڵاتانی دەرەوە، جارێکیتر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادی تاکەکەسی لەلایەن رژێمەکەوە دەرخستەوە.
ئەمە بۆتە هۆی سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە بەسەر "گروپێکی ههڕهشهی سهر ئینتهرنێت"، کە پێکدێت لە 45 کەسی پەیوەندیدار و کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێران.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا له 17 ئەیلول رایگهیاند كه کۆمپانیای ههواڵگریی ئەلیکترۆنی رەعنا کۆمپانیایەکی روكهشه بۆ وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێران.
وەزارەتەکە رایگەیاند کە لەپشت ئهم کۆمپانیایهوه "حکومەتی ئێران هەڵمەتێکی چەندین ساڵەی ئەلیکترۆنی بهرپاكردووه و نهیارانی ئێرانی و رۆژنامەوانان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی گەشتیاریی کردۆتە ئامانج".
وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند كه 45 کەسەکە لە چەند پێگەیەکی جیاوازدا خزمەتیانکردووە لەکاتێکدا لە رەعنا دامەزراون، وەک بەڕێوبەر، پڕۆگرامساز و شارەزای بواری هاککردن.
هاوکات نوسینگهی فیدڕاڵی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (ئێف بی ئای) لە هۆشدارییەکی هەواڵگریی جەماوەریدا زانیاریی وردی لەسەر گروپە ئێرانییه ههڕهشهكهرهكهی سهری ئینتهرنێتی بڵاوکردەوە، كه ناسراوه به ههڕهشهی بهردهوامی پێشكهوتوو 39 (APT39).
هۆشدارییەکەی ئێف بی ئای وردەکاری لەسەر حەوت جۆری جیاوازی ماڵوێر بڵاوکردەوە کە وەزارەتەکە لەڕێی رەعناوە بەکاریهێناون، بۆ ئەنجامدانی چالاکی دزهكردنه نێو کۆمپیوتەر.
بهگوێرهی وەزارەتەکە، ئێف بی ئای لەڕێی ئاشكراكردنی كۆدهكهوه رێدهگرێت له توانای وەزارەتەکە له بەردەوامبوون لەسهر هەڵمەتەکە و "کۆتاییهێنان بە کردنە قوربانی هەزاران کەس و رێکخراو لە تەواوی جیهاندا".
کۆکردنەوەی زانیارییەكانی تاكهکەسان
شرۆڤەکارێکی هەواڵگریی دانیشتووی ئێران، ساسان تهمغا بە دیارونای وت یەکەمین هەنگاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خهڵك کۆکردنەوەی زانیارییە دەربارەیان بەشێوەیەکی سیستەماتیک و بەردەوام.
وتی دۆسیەی زیندانیکردنی چالاکوانان و هاوڵاتییانی ئێران دەریدەخات رژێمی ئێران چەند چالاک و پێشکەوتووە لە سیخوڕیکردن و کۆکردنەوەی زانیاریی كهسیی تاکەکەساندا.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی ئەمریکا، وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێران، کە لەژێر ناوی رەعنادا خۆی حەشارداوە، رۆڵێکی سەرەکی بینیووە لە پێشێلکردن و چاودێریکردنی هاوڵاتیان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە.
رایگەیاند کە لەڕێی رەعناوە، ئەنجامدەرەکان "ئامرازی زیانبەخشی دزهكردنی ئەلیکترۆنییان بەکارهێناوە بۆ بەئامانجکردن و چاودێریکردنی دانیشتوانی ئێران، بەتایبەتی کەسانی ناڕازی، رۆژنامەوانانی ئێرانی، کارمەندانی پێشووی حکومەت، ژینگەپارێزان، ئاوارەکان، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و کارمەندانی رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان".
وەزارەتە ئەمریکییەکە رایگهیاند كه "بەشێک لەو کەسانە دەستگیرکراون و ئەشکەنجەی دەروونی دراون" لەلایەن وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێرانەوە.
رکابەریی نێوان سوپای پاسدران و وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایش
لەمساڵانەی دواییدا، جگە لە رۆڵی سوپای پاسداران لە کەرتهكانی ئابوری و کەلتووری و سیاسیی وڵاتەکەدا، باڵە هەواڵگیرییەکەشی رۆڵێکی چالاکی بینیووە لە کۆکردنەوەی زانیاریی ئێرانییەکان شانبەشانی وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایش.
تهمغا وتی رکابەریی نێوان باڵی هەواڵگریی سوپای پاسداران و وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایش بووەتە هۆی ئەوەی دوو لایەنەکە لە ساڵی رابردوودا لە دژی یەکتر کاربکەن.
وتی: "بەشێک لە هەواڵگریی سوپای پاسداران هۆکاری کوشتنی [فەرماندەی پێشووی هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسداران قاسم] سولەیمانی لە ئەنجامی رکابەریی نێوان دوو رێکخراوەکە و ئەو راستییە بووە کە پلانەکانی گەشتکردن بۆ عێراق و ناوخۆی وڵاتەکە لەلایەن وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشهوه دزەیپێکراوە."
وتیشی خەرجکردنی تێچووی چالاکییەکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە بودجەی گشتی حکومەتەوە دێت، کە زۆربەی لە فرۆشی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت.
شرۆڤەکارێکی سیاسیی دانیشتووی ئێران، فەرامەرز ئێرانی وتی سزا نێودەوڵەتییە ئاراستهكراوهكان بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی داهاتی نەوتی ئێران و لەئاکامیشدا بودجەکەی. کەچی هێشتا "ئێران بە بەردەوامی بودجەی ئەمنیەت و هەواڵگری و سەربازی بەرزکردۆتەوە".
ئێرانی وتی ئەمە واتای ئەوەیە لەجیاتی دابینکردنی ئاسوودەیی و رهزامهندیی خهڵك و ئیدارەدانی ئابورییە شێواوەکەی ئێران، رژێمی ئێران داهاتەکەی لە هەواڵگری و سیخوڕیدا لە ناوەوەی وڵاتەکە خەرجدەکات و دەبێتە هۆی نائارامی و شێواوی بۆ ناوچەکە.
بە دیارونای وت چالاکییە سەرەکییەکانی وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایش پێکدێت لە پلاندانان بۆ بێزارکردن و ئەشکەنجدانی نهیارانی ناوخۆ. هاوکات، "بەشێک لە کارەکانی باڵی هەواڵگریی سوپای پاسداران راکێشانی سەرنجە بۆ چالاکییەکانی ئێران بۆ نانەوەی پشێوی له ناوچهكه بۆ شاردنهوهی فشارە بەردەوامەکەی سەر دانیشتوانی ئێران".
وتی: "وەک کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایش، ئامانجەکانی رەعنا تەنیا ئێرانییەکان نییە بەڵکو هاوڵاتیان و کۆمپانیا و حکومەتەکانی لانیکەم 30 وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، باکوری ئەفریقا، ئاسیا و ئەوروپا دەگرێتەوە."